ئەمەریكا تۆڵە دەكاتەوە

ئەمەریكا تۆڵە دەكاتەوە

 


مەهدی محەممەد - زاری كرمانجی : ئیدارەی بایدن لە یەكەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی دا، چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانی لە رۆژهەلاتی سوریا كردە ئامانج و پێنتاگۆن یش دەڵێ، ئەم چالاكییە لە تۆڵەی هێرشە موشەكییەكەی سەر بنكەی هاوپەیمانانە لە هەولێر .
شەوی پێنج شەممەی رابردوو، ڕێكەوتی ٢٥ /٢/ ٢٠٢٠، چەند فرۆكەیەكی جەنگی ئەمەریكا بۆردومانی چەند پێگەیەكی هەردوو كەتائیبی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا لە رۆژهەڵاتی سوریایان كردو لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا 22 چەكداری هەردوو كەتائیبی ناوبراوە كوژران.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند ئەو هێرشە ئاسمانییە بۆ سەر میلیشیاكان لە سوریا، پشتڕاستكردنەوەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكە كە بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانیان، ئۆستن ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بینایەی لە سووریا كراوەتە ئامانج، لەلایەن ئەو میلیشیای كە بەرپرسیارن لە هێرشەكانی ئەم دواییەیی سەر بنكەی هاوپەیمانان لە هەولێر بەكار هێنراوە.

 

راگەیاندنی پێنتاگۆن


گوتەبێژی پێنتاگۆن لەم بارەوە رایگەیاند:"ئەو هێرشە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئاراستەی كراوەو لە وەڵامی ئەو هێرشە موشەكیانەی كە لە 15 ی شوبات لەلایەن چەند چەكدارێك كراوە، بۆسەر بنكەی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی مەدەنی نێودەوڵەتی هەولێر، كە هەندێك لە ڕۆكێتەكانی لە ناو هەولێر كەوتنە خوارەوە"،
هەروەها وتەبێژی پنتاگۆن بە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ڕاگەیاند: « هێرشەكە وەڵامێكی سەربازی تا ڕادەیەك بچووك و ورد هەژماركراون، كە حەوت بۆمبی 500 پاوەندی بەسەر كۆمەڵێك بینادا بەردا خوارەوە لەدەروازەیەكی نافەرمی سنووری نێوان سوریا و عێراق كە ببوو بە سەرچاوەیەك بۆ بەقاچاخبردنی چەك و هاموشۆكردنی چەكدارەكان لە نێوان هەردوو سنوور".
ئەوەش دەڵێ‌"وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ( پنتاگۆن ) چەند ئامانجێكی گەورەتری پێشكەش كردووە، بەڵام بایدن ڕازی بووە بە بژاردەیەكی كەمتری شەڕانگێزانە ». 

 

كوردستان چی دەڵێ


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كورد بۆ ئاژانسی( سكای نیوزی عەرەب) ی قسەی كردووە، ئەو پێی وایە هێرشەكە وریانامە دڵنیاكردنەوەی بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق نەنارد، بەڵكو هەستیاری و نیگەرانی ناوچەكەی لە پێگەی جیۆپۆلێتیكی زیاتر كردووەو، كوردستان پێویستیی بەردەوام بە ڕووماڵكردنی ئەمنی و سیاسی و سەربازی هەیە كە زیاتر لە سێیەكی سەدەیەكە بۆ ئەمریكا هەمیشە وەك ناوچەی ئارام ماوەتەوە، تا ئەو كاتەی بە هەڵمەتێكی ڕۆكێت كە لە 15 ی شوباتدا لەلایەن چەند لایەنێكی توندڕەوەوە دەستی پێكردووە،
سەرچاوەكە باس لەوەش دەكات كە ئەو هێرشە ئاسمانییەیی كە لە ناو خاكی سوریادا ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی ململانێی هەرێمایەتیداو، پێگەی هەرێمی كوردستانی عێراق فراوانتر دەكات، بە وتەی سەرچاوەكە، ململانێی هەرێمایەتی نێوان ئەمریكا و ئێران و زلهێزە ناوچەییەكانی تر، هیچ دەرئەنجامێكی زانراوی نییە، حسابات و كۆدەنگی و ڕێگای زۆر پێكهاتەی هەیە و هەرێمی كوردستانی عێراق بە هۆی شاراوەیی و هەڵكەوتەی جوگرافی و سیاسی خۆی، لە ڕاستیدا ناتوانێ بەشێك بێت لەو دۆخە، چونكە مێژووی سیاسی كوردی عێراق پڕە لەو بارودۆخانەی كە حاڵەتی تێوەگلانی كورد لە ململانێ ناوچەییەكان ئەنجامی خراپیان بۆ بەرژەوەندی و سەقامگیری پرسی كورد لێكەوتۆتەوە،
هەروەها سەرچاوە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، هەفتەی رابردوو ئاشكرایان كرد كە هەرێم گەیشتووەتە بۆ ئەوەی لە ماوەی لێكۆڵینەوەكانی خۆیدا ئەنجامی روون بێت و بگاتە ناونیشانی راستەقینەی ئەنجامدەری ئەو لێدانە مووشەكیانە و پێشبینیشی كرد خێرایی حكومەتی ناوەندی عێراق لە دژی ئەو كارە ئەنجام بدرێت.
بەلای هەرێمی كوردستان ئارامبوونەوەو دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و پڕ كردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی كە وایكردووە ناوچەكە ببێتە مۆڵگەی گروپە چەكدارە بێ كۆنترۆڵەكان، وادەكات كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێ و لە هەمانكاتیش بەربەستێك دەبێ لەهەمبەر گەشەكردنی ئەو گروپە توندڕەوانە.
ماوەی سێ ساڵی تەواوە بەرپرسانی كورد هۆشداریی لە گەشەكردنی ئاژاوەو نا ئارامی زیاتر و كۆنترۆڵكردنی گروپە چەكدارە بێ كۆنترۆڵەكان لەسەر ژیانی گشتی لەو ناوچانە دەدات و داوای هاوكاری زیاتر دەكات لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی عێراق.
ستراتیژی گشتی هەرێم پێشبینی ئەوەی دەكرد مووشەك بارانكردنەكەی سەر هەولێر، ببێتە هۆكارێك، بۆ دەستپێكردنەوەی كاری پێكەوەیی و پلاندانانی هاوبەشی بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە، لەگەڵ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەو خزمەتگوزارییە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی ناوەندی عێراق. بەڵام دوای ئەو هێرشەی ئەمەریكا نازانرێ چارەنووسی ئەو ناوچانە چی بەسەر دەهێت.

 

زۆرترین بینراو