ئەم مانگە ٢ لیوا و لە داهاتووشدا ١٢ لیوای دیکە پڕ چەک دەکرێن

ئەم مانگە ٢ لیوا و لە داهاتووشدا ١٢ لیوای دیکە پڕ چەک دەکرێن

زاری كرمانجی - ئەمریکا بڕیاریداوە دوو لیوای دیکەی پێشمەرگە پڕ چەک بکات و چەکی تازە و پێشکەوتوو دەداتە هێزەکانی پێشمەرگە .

فەریق جەمال ئیمینیکی، سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاند:" هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکاس هەردوو لیوای ١٤ و ١٦ـی پێشمەرگە پڕچەک دەکەن، وەکو بەشێک لە پلانی هاوپەیمانان بۆ پڕ چەککردنی هێزە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت :" پرۆسەی پڕ چەک کردن و راهێنانی پێشمەرگە لەسەر چەکەکان لەو مانگەوە دەستپێدەکات،راهێنانەکان و پێدانی چەکی سووک و مامناوەند دەگرێتەوە،راشیگەیاندووە:" هاوپەیمانان ١٢ لیوای دیکەی پێشمەرگەش پڕ چەک دەکەن لە مانگەکانی داهاتوودا،ئەوەشی دەکرێت لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ شەڕی دژی داعش .
لیواکانی پێشمەرگە لەسەر سیستەمێکی تازە رێکخراونەتەوە هاوپەیمانانیش بڕیاریانداوە پڕچەکیان بکەن،دوو لیوای دیکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە چەکی تازەو پێشکەوتی ئەمریکی پڕچەک و ئامادە دەکرێن.
ماوەی چەند ساڵێکە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هاوکاری پێشمەرگە دەکات، رۆڵێکی باشیان هەبووە لە شکاندنی داعش لە عێراق و سووریا، هاوکاریەکان لەکاتێکدان هەریەک لە وڵاتانی، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا،هۆڵەندا بەشدارن لە چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی لیواکان . ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیش لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە و باڵێوزی ئەمریکا لە ‌عێراق و رۆبەرت وۆڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ‌ھەولێر، بایی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار کۆمەک و کەرەستە و ئۆتۆمبێلی سەربازی رادەستی پێشمەرگە کران،بەشێک لەو ھاوکاریە رادەستی لیواکانی ١٤ و ١٦ ی پیادەی پێشمەرگە کران .
ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەوکات رایگەیاند کەلوپەلانەی کە پێشکەشمان کردووە ئۆتۆمبێلە سەربازی و کەلوپەلی دیکە دەگرێتەوە،ئەمریکا بایی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکات، تیمێکی ئامادەکراو بۆ راھێنان و مەشقپێدانی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ئەو کەل و پەلانە لەگەڵ پێشمەرگە دەبن ."
تۆلەر دەڵێت: "ئەو کۆمەک و ھاوکارییە پابەندی ئێمە بۆ خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە لە پاراستنی خاک و سەقامگیری ناوچەکە و ھێنانەکایەی ئاسایش و ئارامی".
هەریەک لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەت، ئەمریکا، ئیتاڵیا،ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا،ئیسپانیا بە رێژەی جیاواز سەربازیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن،پێش هەفتەیەکیش ئەڵمانیا ماوەی کارکردنی سەربازانی بۆ تاوەکو دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە، وەکو هاوپەیمانان دەڵێن هێشتا داعش کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.

زۆرترین بینراو