ئەم نزیكانە ئَیمباپێ بڕیاری یەكجاری دەدات

ئەم نزیكانە ئَیمباپێ بڕیاری یەكجاری دەدات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: كیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی گەنجی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی تا ئێستا نازانێ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی نوێدەكاتەوە یان نا.
یاریزانە فەڕەنسییەكە لەنێو بیركردنەوەیەكی ئاڵۆزدایە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆی بدات، لەكاتێكدا گرێبەستەكەی بەرەو كۆتایی دەچێت و ناویشی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە.
رۆژنامەی لێكیپی فەڕەنسی دەڵێت" ئێمباپێ بیر لە داهاتووی خۆی دەكاتەوەو داوای پڕۆژەی یانەی پاریس سانجێرمانی كردووە، بۆ ركابەریكردن لەسەر بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، لەكاتێكدا ئەو یاریزانەش دەیەوێ ركابەری لەسەر بردنەوەی ئەو نازناوە بكات.
لەلایەكی دیكەوە لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان، گرێبەستێكی فەرمی خستۆتە بەردەم ئێمباپێ بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوەو ئامادەیە مووچەی یاریزانەكە هاوشێوەی مووچەی نەیمار لێ بكات.
پاریس سانجێرمان تا ئێستا نە لەگەڵ نەیمارو نە لەگەڵ ئێمباپێ نەگەیشتۆتە رێككەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستەكانیان نوێ بكاتەوە، لەكاتێكدا یانەكە 240 ملیۆن یۆرۆی بەهۆی كۆڕۆناوە لەدەستداوە.
بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی یانەكە تێیكەوتووە، ئەگەری هەیە بیر لە فرۆشتنی ئێمباپێ بكاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لەو قەیرانە رزگار بكات، بەتایبەتیش ئەگەر یاریزانەكە ئامادە نەبوو گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە.
مانگی داهاتوو بۆ پاریس سانجێرمان یەكلاییكەرەوەو گرنگە، بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەستێرە فەڕەنسییەكە یەكلایی بكاتەوە.
ئەمەو گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2022 كۆتایی دێت.
 

زۆرترین بینراو