ئەنجامی ئەنجامەكان

محەممەد مەحموود

 

باوەڕناكەم لە هیچ وڵاتێكی دونیا ئەوەندەی كوردستان باخچە و قوتابخانە و زانكۆی ئەهلی هەبن
قۆناغەكانی هەریەكە لەپۆلەكانی نۆیەم و دوازدەم یەكێكن لەو قۆناغە گرنگانەی ژیانی قوتابییان كە داهاتوویان لە بواری خوێندن زیاتر بەندە بەم دوو قۆناغەوە لەمەشیان پۆلی دوازدە زیاتر بەهەردووبەشیەوە، بۆیە قوتابی دەكەوێتە ژێربارێكی گرانی دەروونی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كەئەم قۆناغە بۆخودی قوتابی گرنگەو دەبێت هەوڵبدات بۆئەوەی نمرەێكی بەرز بەدەست بهێنێت لەتاقیكردنەوەكان ، زۆرجاریش قوتابییەكە لەلایەن ماڵەوەو كەس و كاریشیەوە دەكەوێتە ژێر فشارو پاڵەپەستۆێكی زۆر بۆئەوەی زۆر بخوێنێت و نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت .
ئەوەندەی لای خۆمان لەخوێندن گرنگی بەنمرەی بەرز دەدرێت و بە پێوەرو هۆكاری زیرەكی قوتابی دادەندرێت لەكاتی خوێندن ، كەچی لە وڵاتانی دونیا پێچەوانەیە، ئەوەی زیاتر بایەخی پێدەرێت تواناو بەهرەو شارەزایی قوتابییە نەك نمرەی بەرز ، كەچی ئێمە وافێر كراوین كە دەبێت لە پۆلەكانی نۆیەم و دوازدەم لە گشت وانەكان ئەنجامێكی زۆر باش بەدەست بهێنین وا دەزانین كاتێك قوتابێك كۆنمرەی بەرزە ئەوە نیشانەی زیرەكییە كەچی بە پێچەوانەوە، ئەگەر بێت و هەندێ‌ خاڵی تر بكرێنە بنەما بۆ وەرگرتنی ئەو قوتابییە لە زانكۆو شوێنێكی بەرز لەوانەیە ئەم قوتابییە نەتوانێت ئەم هەڵسەنگاندنە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنێت، ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت ئەوەی مەبەستمە تیشكی بخەمە سەر راگەیاندنی ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكانی پۆلەكانی نۆیەم و دوازدەمن لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ، ئەنجامەكان چەندین سەرنج و لێكدانەوەو بە دواداچوونیان بەدوای خۆیان داهێنا، بەجۆرێك هەر لە سەرەتای پرۆسەی تاقیكردنەوەكان رەخنە و گلەیی ئاراستەی وەزارەتی پەرورەدە كران بەو پێییەی نەیتوانیووە وەك پێویست كار بۆتاقیكردنەوەكان بكات ، لە گەڵ ئەوەی وەزارەت لە لای خۆیەوە دەڵێت كە هیچ پرۆسەیەك بێ‌ كەم و كوری نابێت دانیش بە هەندێ‌ هەڵەو كەم و كوری دەنێت ، بەڵام ئەوەی سەرنجە ئەوەیە چۆن دەبێت وەزارەتێك لێژنەێكی باڵای هەبێت بە ناوی لێژنەی باڵای ئەزموونەكان كەتێدا كۆمەڵێك كەسی بەناو شارەزاو زانا لەم لێژنەیە كاریانكردوەو پرسیارەكانیان داناوە،چۆن دەكرێت ئەو هەموو هەڵەو كەم كوریە درووست ببێت و چارەنووسی قوتابییان بكەوێتە بارێكی دەروونی نائارام، ئەو شەو نخوونی و خوێندنەیان بەبابڕوات .
وەزارەتی پەروەردە لەو لێژنەیە كەس نەبوو بەپرسیارەكان دابچێتەوە ؟ ئەی پارەو پاداشتی باشیان بۆخەرج نەكراوە؟ كەسانی تایبەت مەندنەبوونە؟ئەی بۆدەبێت كارەكان بەم جۆرەبن؟ نازانن ئەم قۆناغە بۆقوتابییان چارەنووس سازە و داهاتوویان بەندە بەو ئەنجامەی كە لەو تاقیكردنەوەیە بەدەستی دێنێت .
هەڵە هەردەبێت لە هەركارێكدا بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بوونی لێژنەێكی باڵای بەناوئەزموونەكانە كە لە چەندین كەسی بەقسەی خۆیان شارەزاو بەئەزموون وردبین پێكهاتوون، ئەی كوا وردی و كارزانی ئەوان بەبوونی ئەو هەموو كەم و كوریە لە ئەزموونەكان كە لەم ساڵانەی دوایدا بە تایبەت رەنگی داوەتەوە لە و كاتەوەی پرسیارەكان بەشی زۆریان بوونەتە هەڵبژاردن و بەچەند لقێكیش پرسیارەكان لە یەكتری جیاكراونەتەوە بۆئەوەی هەڵە روونەدات و ئەزموونەكان سەركەوتووبن .
چۆن دەبێت ئەو هەموو تێبینیە لەسەر پرۆسەێكی وا گرنگ هەبێت ئەی كاری ئەو لێژنەیە زەحمەت نەبێت چییە؟ هەبوونی نمرەی تاك بەواتای چی لە كاتێكدا بۆهەر وەڵامێكی درووست نمرەی جووت هەیە ، خاڵێكی تریش كەبووە دەنگوباسێكی گەرمی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان چۆنیەتی رێكخستنی مەڕاسیمەكەبوو بە تایبەتی دوای جێگۆڕكێی چەند قوتابیێك ، لە مەشیان ئەو لێژنەیە بەرپرسە كە سەرپەرشتی مەڕاسیمەكەی دەكرد ، سەرەتا قوتابییانی پۆلی نۆیەم بانگكران دەكرا شوێنیان لە پێشەوە بۆ دیاریكرابا نەك ئەوان بكەونە دواوەی هەموو قوتابییان و دواتر ئەو جێگۆڕكێیە كرابایە گەر بەپێی ریزبەندی راگەیاندنی ئەنجامەكان قوتابییەكان وەستابان ئەمە رووینەدەدا چونكە لە ریزی پێشەوە قوتابییانی پۆلی نۆیەم دەبوون كەباڵایان كورترە لە چاو قۆناغی دوازدە و ناوی ئەوانیش یەكەم جار خوێندراوەتەوە ،ئەوجا قوتابییانی پۆلی دوازدە دواتر پیشەیەكان بانگكرابان، ئەوان دەكەوتنە دوای پۆلی دوازدەو ئەو هەڵەیە دروست نەدەبوو وەك بابەتی ئەو كچەی كە گوایە لەبەر نیقاب شوێنی گۆڕاوە كەچی لەبەر ئەو هۆكارەش نەبووە ، گەر بەپێی ریزبەندی بوایە ئەو كچە هەردەبوایە لە دواوەبوایە، هەرچەندە سەرەتاش بەپێی ریز بەندی قۆناغەكان ناوەكان خوێندرانەوە لەپۆلی نۆیەم تاكو گەیشتە پیشیەكان نازانم بۆچی شوێنی وەستانیان گۆڕی پیشەیەكان كەوتنە پێش پۆلەكانی نۆیەم و دوازدەم.
ئەمساڵ بەرێوەبەری هۆڵەكان دوو رۆژ جارێك دەگۆڕدران بۆ ئەوەی ئەو بەرێوەبەری هۆڵە بەبەردەوام هەر لەو هۆڵە نەبێت كە یەكەم جار ناوی لێدەرچووە بۆئەوەی نەناسرێت و داواكاری لێنەكرێت بۆهاوكاریكردنی قوتابیان گەر كەسێك ئەو ویستەی هەبایە،سەرە ڕای ڕاگرتنی هێلەكانی ئەنتەرنێت و گرتنە بەری چەند رێوشوێنێكی تر بەمەش وەزارەت نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنیت چونكە ئەمەش هیچی لەبابەتەكە كە م و زیاد نەكرد.
ئەوەی بەلای منەوە جێگەی هەڵوەستە لە سەركردنە قوتابخانە ئەهلیەكانن ، وەزارەتی پەروەردە پێم ناڵێت ئەو هەموو قوتابخانە و باخچەی منداڵانەی ئەهلیت بۆچییە ؟ كوا ئاست و ئەنجامی ئەوان ئەوانەی لە پلەكانی یەكەم ودووەم و سێیەم بوون چەندیان لە قوتابخانە ئەهلیەكان بوون ، هەبوونی ئەو هەمووقوتابخانە ئەهلیە نیشانەی پێشكەوتنی پڕۆسەی خوێندنە لە هەرێمی كوردستان، باوەڕناكەم لە هیچ وڵاتێكی دونیا ئەوەندەی كوردستان باخچە و قوتابخانە و زانكۆی ئەهلی هەبن ، ئامانجتان ئەوەیە هەموو تاكێك ببێتە خاوەنی بڕوانامەو بەس ،یان لە رێگەی خوێندنەوە كاری بازرگانی دەكەن؟حەق وایە وەزارەتی پەروەردە بڕیارێك دەربكەی هەرچی خوێندنی بە ناو ئەهلیە نەیهێڵیت و هەڵیوەشێنیتەوە دەزانم ئەوە ناكەی چونكە بۆبەشێكتان پشك و قازانجتان نامێَنێت،قسەكردن لە سەر خوێندنی ئەهلی زۆر هەڵدەگرێت ئەوەیان با بۆ داهاتوو بێت.

زۆرترین بینراو