ئەنجام و لێكەوتەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە بڕیاری نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانیش بەرزترە و كاریگەرترە

ئەنجام و لێكەوتەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە بڕیاری نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانیش بەرزترە و كاریگەرترە

دیدار-محەمەد هەسنانی
مامۆستایەكی زانكۆ دكتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا دەڵێت "ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەیامێكە بۆ كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی كە ویست و بەرنامە و ئیرادەی نەتەوەیەك وەكو و كورد چییە و هەر بۆیەشە لە ئاستی هەرێمی بەم شێوەیە لەلایەن دەوڵەتانی نادیموكراسیی ناوچەكە رووبەرووی هێرش و تەنانەت رەتكردنەوە و پەلاماردان بووەوە.
لەبەردەوامی قسەكانیدا د. پەروێز رەحیم قادر، دكتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیپلۆماسی/ زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: " ریفراندۆم چەند لایەن و رەهەندی هەیە، بۆ نموونە رەهەندی سەرەكی ریفراندۆم بریتییە لە كرداریكی بەكۆمەڵ و گشتیی و نەتەوەیی لە چوارچێوە دیموكراسییەكان، كە ئێمە لە تەرجەمەكردنی ئیرادەی خەڵك لە پرۆسەیەكی دیموكراسیانەدا دەیبینین. ئەم چوار چێوەیەش لەسەر بنەمای رەهەندیكی تری ریفراندۆمە كە بریتییە لە بڕیاردان لە چوارچێوەی مافێكی بنچینەیی مرۆڤ كە مافی دیاریكردنی چارەنووسە، چونكە ریفراندۆم لەزۆر پرس و بواردا بۆ زانینی رای گەڵ-نەتەوە بەكاردێت. رەهەندیێكی تری ریفراندۆم رەهەندییكی سیاسییە كە لێرەدا كورد بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەكاری هێنا. ئەمە جگە لە رەهەندە یاساییەكەی كە لە داهاتوودا و لەكاتی گونجاوی دروستكردنی دەوڵەت دەتواندرێت پشتی پێ ببسترێت. چونكە لە رووی یاساییەوە ئەنجام و لێكەوتەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە بڕیاری نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانیش بەرزترە و كاریگەرترە.
گووتیشی: "بەم پێیە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25-9-2017 هەڵگری هەموو ئەو رەهەند و لایەنانە بووە بۆ گەلی كوردستان. هەروەها دەتوانین بڵێین كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەیامێكیشە بۆ كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی كە ویست و بەرنامە و ئیرادەی نەتەوەیەك وەكو و كورد چییە و هەر بۆیەشە لە ئاستی هەرێمی بەم شێوەیە لەلایەن دەوڵەتانی نادیموكراسیی ناوچەكە رووبەرووی هێرش و تەنانەت رەتكردنەوە و پەلاماردان بوویەوە. بەشێوەیەكی گشتی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی چارەنووسی سیاسی نەتەوەیەی كورد و چوارچێوە سیاسییەكەی دەستنیشان دەكات. بۆیە ریفراندۆمی سەربەخۆیی پرۆژەی سەربەخۆیی و دیاریكردنی مافی چارەنووس لە ویست، خەون یاخود هیوایەكی تاكەكەسی یاخود حزبی و نوخبەوییەوە بۆ پرس و بابەتێكی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی گۆڕی.
ئەوەش دەخاتەروو: "سەرەڕای كاردانەوەی توندوتیژی سەربازی و نادیموكراسیانە و ناشارستانیانەی عێراق لەهەمبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا لە ئاستی عێراقیش ئەو پەیامەدرا كە گەلی كوردستان، ئەگەر لەچوارچێوەی عێراقدا مافەكانی پارێزراو نەبێت، ئەوە ناگەڕێتەوە بۆدواوە بەڵكوو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەتوانێت تاكە چارەسەر بێت. لە كۆتاییشدا سەرەرای دژایەتی و ناكۆكییە حزبییە ناوخۆییەكان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی توانی ئەوە بە روونی و ئاشكرا بخاتەروو كە ویست و ئیرادەی نەتەوەیی لە كوردستان لەسەر پرسە ناسنامەییەكان یەكگرتوو و هاوڕا و هاودەنگە.
ئاماژەش بەوەدەدات: "ناكرێت هیچ تاك و نەتەوەیەك پاشەكشە و تەنازول لە مافەكانی خۆی بكات لەژێر ناوی هەر بیان و و پاساوێك بێت. چونكە مافی بنچینەیی و لەنێویشیاندا مافی دیاركردنی چارەنووس مافێكی بنەڕەتی مرۆڤە. بۆیە ئەنجدامدانی ریفراندۆم كە گوزارشت لە ئیرادە و رای گشتی نەتەوەیەك لە پڕۆسەیەكی دیموكراسی دەكات پێویستی بە مۆڵەت و رێگەپێدانی هیچ دەوڵەت و لایەنێك نییە. لەلایەكی تریشەوە ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەكان و پێكدادانی سەربازی لەگەڵ عێراق ئەنجامی ریفراندۆم نین، بەڵكوو ریشەی قووڵی مێژووی و سیاسی هەیە و تەنانەت بۆ دروستی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر وای دابنێنین كە عەقڵییەت و دەسەڵاتێك لە عێراقدا هەیە كە رێگە لە مومارەسەی مافی نەتەوەیی كورد دەگرێت، ئەوە هەڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە، بەڵكوو كێشە بنەڕەتییەكە بریتییە لە ستەمكاری و سیاسەتی سەركوت و سڕینەوە و پەراوێز خستن و شۆڤینیزم و قڕكردن و ئەنفال و لەم دواییەشدا برسیكردن و..هتد، بۆیە ئەمە شێواندنی راستییەكان و كارەساتێكی گەورەیە كە داواكاردنی مافی رەوای نەتەوەیەكی ژێردەستە بە هەڵە و كارەساتبار بزانیت و لەبەرامبەردا سیاسەت و عەقڵییەتی شۆڤینی دژە كورد و سەركوتكەری بەرامبەر بە فریادرەس و بێ تاوان!
دەشڵێت: "لەراستیدا ریفراندۆمی سەربەخۆی یەك ئەنجامی هەیە و ئەویش بونیاتنان و دروستكردن و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییە و تێكەڵكردنی بابەتە پێكنانكۆك و لاوەكییەكان بەمەبەست یاخود بێ مەبەست، هەڵەیەكی كوشندەیە. سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیش ئەو لێكەوتە كاتی و نەخوازراوانە كە روویداوە، ئەوە لە راستیدا ریسوایی عەقڵییەتی بە بچووك سەیركردنی كورد و پلە دوو هەژماركردنی و هەروەها بێ ناوەرۆك بوونی چەمكگەلێك وەكوو پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و ئارەزوومەندانە و پابەندبوون بە دەستوور و برایەتی عەرەب-كورد و ....هتد، لە عێراق و ناوچەكەدا دەسەلمێنێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێشیوایە: "هیچ دەسەڵاتێكی سیاسی و یاسایی و تەنانەت نێودەوڵەتیش لەسەرووی دەسەڵاتی نەتەوە-گەلەوە بوونی نییە، بەم واتایە كە هەر بڕیارێك كە بە میكانیزم و لەرێگەی پڕۆسە و لە چوراچێوە دیموكراسییەكاندا و لەسەر بنەمای مافە بنچینەییەكانی مرۆییەوە درابێت، تا ئەو كاتەی خودی ئەو نەتەوە یاخود ئەو گەلە بەبڕیاریك پێچەوانەی نەسەلمێنێت و خۆی هەڵینەوەشێنێتەوە، هەر بەردەوام و جێگیر و شەرعی دەبێت. بۆیە گەلی كوردستان دەبێت دڵنیا بێت تاوەكوو بە راپرسی و ریفراندۆمێكی تر خۆی ئەو ئەنجام و بڕیار هەڵنەوەشێنێتەوە و ئەنجامی ریفراندۆمی رابردوو رەت نەكاتەوە، "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی باشوری كوردستان چی لەرووی سیاسی و چی لەرووی یاساییەوە كاریگەر و بەردەوامە. بۆیە گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە كار لەسەر پڕۆسەی دەوڵەت سازی و نەتەوە سازی بەشێوەیەكی هاوتەریب بكات و بەرێوەیبەرێت و چاوەڕێی دەرفەتێكی گونجاوی گۆڕانكاری بێت و پایەكانی بەدەوڵەتبوون لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی قایم و تۆكمە بكات. هیچ دەوڵەت و ئەكتەریكی هەرێمی و سەروو-هەرێمی تەنانەت زلهێزەكانیش ئەو كاتە ناتوان دیاری بكەن، بەڵكوو ئەوە خۆمانین ئەو كات و دەرفەتە دەقۆزینەوە و دەستنیشانی دەكەین و ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەكاردێنین.

 

زۆرترین بینراو