ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی پیادەکردنی پیشەی ژمێریاریی و وردبینی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد

ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی پیادەکردنی پیشەی ژمێریاریی و وردبینی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/22 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، پڕۆژەی پەیڕەوی ( پیادەکردنی پیشەی چاودێری و وردبینی ژمێریاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق ) خرایە ڕوو کە تایبەتە بە پیشەی ژمێریاریی یاسایی کە کاری وردبینی لە بودجەی کۆمپانیاکان دەکەن بە مەبەستی رێکخستنەوەی باج.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە وەک بەشێک لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازیکردن لە داهات و بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە دانی باج و رەسمی گومرگی کە بەشێکی داهاتی گشتی پێکدێنن ، هەروەها لە پێناو گەیشتنی فەرمانگەکانی باج و گومرگ بە زانیاریی دروست سەبارەت بە داهاتی پڕۆژەکانی باجدەران، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شێویەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکاندا وربینی تەواو لە ژمێریارییەکانیاندا بکرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پێناو ئاسانکاریکردن لە کاروباری باجدا . هەروەها پەیمانگای باڵای پێگەیاندنی ژمێریار و وردبینانیش بخرێتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ، بۆ پێگەیاندنیان بە شێوازێکی ئەکادیمیانە و بە پێی پێوەرە زانستییەکان. دوای گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژەی پەیڕەوەکە ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد.

ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، جەختی کردەوە لە سەر بەکارهێنانی موڵک وماڵی دەوڵەت و ئوتۆمبێلەکانی حکومەت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بە جۆرێک کە تەنیا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و، لە کاتی مامەڵە پێکردنیشیان رەچاوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت بکرێت.

زۆرترین بینراو