ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم داوایەك پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكەن

ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم داوایەك پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكەن


زاری كرمانجی-هەولێر: پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگیی لیژنە تایبەتمەندەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان هەوڵدەدات رێگەچارەیەكی یاسایی بۆ دۆخی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە.
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد، رایگەیاند "دوێنێ‌ سێشەممە 2-7-2019، بەسەرپەرشتی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی ژماریەك لە پەرلەمانتاران، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی بە فراوانی لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو".
گووتیشی، لەكۆبوونەوەكەدا دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)، داوایان، لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد چەند بڕگەیەك لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنی پارێزگان و یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەموار بكەنەوەو دەرچەیەكی یاسایی-یش بۆ بەردەوامبوونی كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بدۆزنەوە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە داهاتوودا، كە لەئێستادا بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و بەسەرچوونی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 24-9-2018 كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوەو ناتوانن بەباشی كارەكانی خۆیان لەرووی كارگێری و خزمەتكردنی هاووڵاتییان لەچوارچێوەی یاسادا رایی بكەن، بۆیە داوایان كرد پەرلەمانی كوردستان رێگەچارەیەكی یاسایی بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە.
ئەوەشی خستەروو "لە دانیشتەكەدا د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگیی لیژنە تایبەتمەندەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان هەوڵدەدات لەماوەیەكی نزیكدا رێگەچارەیەكی یاسایی بۆ ئەو دۆخەی كەئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت بدۆزێتەوە.

زۆرترین بینراو