ئەنجوومەنی گوڵان هەزار دەستكێش و دەمامكیان بەسەر قوتابیانی پۆلی 12 دابەشكرد

ئەنجوومەنی گوڵان هەزار دەستكێش و دەمامكیان بەسەر قوتابیانی پۆلی 12 دابەشكرد

زاری كرمانجی-چۆمان: ئەنجوومەنی گوڵانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە دەڤەری باڵەكایەتی هەزار دەستكێش و دەمامكیان بەسەر قوتابیانی پۆلی 12 ی ئامادەیی دابەشكرد كە ئەمڕۆ یەكەم تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵیان ئەنجامدا.
بەندی بەرزە، بەرپرسی ئەنجوومەنی گوڵانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند: بە ئامانجی هاوكاریكردنی قوتابیانی خۆشەویست و خۆپارێزیان لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئەمڕۆ وەك ئەنجوومەنی گوڵان و ناوەندی چۆمانی سەر بە ئەنجوومەنەكەمان لەناو سەنتەری قەزا هەستاین بە دابەشكردنی دەمامك و دەستكێش بەسەر قوتابیانی پۆلی 12 ی ئامادەیی، كە روویان لە هۆڵی تاقیكردنەوەكان كرد.
گووتیشی: جگە لەناو سەنتەری قەزای چۆمان، لەلایەن ناوەندەكانی ئێمەوە لە ناحیەكانی سەر بە قەزای چۆمانیش تەواوی ستافەكەمان دەمامك و دەستكێشیان بەسەر قوتابیان دابەشكرد، كە بە سەرجەم ناوەندەكان و ئەنجوومەنەكەمان هەزار دەمامك و دەستكێش لە خۆ دەگرێت ئەمەش وەك هاوكارییەك بۆ قوتابیان، بۆ ئەوەی پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپارێزی و دووربن لە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
بەندی بەرزە راشیگەیاند: لە رۆژانی داهاتووش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین بۆ دابەشكردنی دەمامك و دەستكێش بەسەر قوتابیانی ئازیز و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.

زۆرترین بینراو