ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی:  دامەزراوەكانی كوردستان گۆڕانكاریان تێدا دەكرێ

ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی: دامەزراوەكانی كوردستان گۆڕانكاریان تێدا دەكرێ

دیدار – ڕائیب شێروانی
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی ڕایگەیاند، لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەست بە چاكسازی لە تەواوی سێكتەرەكان دەكرێت و دامەزراوەكانی كوردستان گۆڕانكاریان تێدا دەكرێ. دەشڵێ، فراكسیۆنی پارتی رۆژانە پێشوازی لە خەڵك دەكات و گوێ لە بیر و بۆچوونەكانی دەگرێت و بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خەڵك دەكات، پاش دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێ لیژنەكانی پەرلەمان بەجددی كار دەكەن و هەماهەنگیەكی بەهێز لەگەڵ حكوومەت دەبێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
لەیلا عەبدولجەبار، گوتی:" ئەم خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولی پێش خۆی، لە خولی چوارەم لەبەر شەڕی داعش و بارودۆخی ئەمنی و هەندێك شتی دیكە وەكو پێویست نەبوو و نەیان توانی وەكو پێویست كار بكەن كە لە تموحی هاووڵاتیانی كوردستان دا بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانیان زۆر پرۆژەی باش لە پەرلەمان پەسەند بكەن و بكەنە یاسا لەوانە پرسی ریفراندۆم، لەگەڵ زۆر پرۆژەی دیكە، ئێمە لەو خولەدا هەوڵدەدەین ئەو پرۆژانەی لە خولی رابردوو پەسەند نەكراون، لەو خولەدا پەسەند بكەین، بۆیە وەكو فراكسیۆنی پارتی كار بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكەین و ئەو پرۆژە یاسانەی كە گرنگن و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان پەسەند دەكەین، بۆیە ئۆمێدێكی زۆر هەیە كە لەو خولەدا بتوانین شتی زۆر باش بكەین.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" دوای پەسەندكردن و هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وەكو فراكسیۆنی پارتی دەست بۆ پرۆژەكانی دیكە دەبەین، پرۆژەی چاكسازییە، دەستوورە كار لەسەر ئەوانە دەكەین و پەسەند دەكەین، دەستوور زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، بە پەسەندكردنی بۆیەكەمجار كوردستان دەبێت بە خاوەن دەستووری خۆی.
لەیلا عەبدولجەبار، دەشڵێ:" بابەتی چاكسازی، بابەتێكە ناتوانین بڵێین لەو چوار ساڵەدا دەتوانین بنبڕ بكەین، بەڵام باوەڕێكی زۆرمان هەیە كە دەتوانین زۆر كەم بكەین، كاری جددی دەكرێت كە چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكاندا بكرێت، ئەو دیاردەیە بەرەو كەم بوون و نەمان دەچێت، چونكە بابەتی چاكسازی، گەندەڵی پرسێكی گشتییە و گرێدراوە بە هەموو لایەكەوە، نەك تەنیا بە پەرلەمانەوە دەتوانێت ئەو پرسە بەرەو نەمان ببات، بەڵكو دەبێت كۆمەڵگە هاوكار بێت، لایەنەكان هاوكار بن، دەزگاكانی راگەیاندن هاوكار بن، چونكە پرسێكی گشتگیرە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت گۆڕانكاری بكەین، یان چاكسازی بكەین دەبێت لە قۆناغی پەروەردەوە دەست پێ بكەین، تا بتوانین چاكسازی بكەین و گەندەڵی نەمێنێت، بۆیە شتێكی گشتگیرە و دەبێت هەموو لایەك هاوكار بێت، بۆیە بەرنامەیەكی باش دانراوە تا لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بە چڕی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و بڕیاریش دراوە كە گۆڕانكاری لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێ بەتایبەت ئەو پۆستانەی كە چوار ساڵی خۆیان لە كاركردن تەواو كردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان روونیشیكردەوە:"ئەم هەفتەیە بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتای پێ دێت و یاساكە هەموار دەكرێتەوە، تەنیا لەسەر هەندێك رێككەوتی سیاسی لە نێوان لایەنەكاندا ماوە، ئەوەش زیاتر بابەتێكی سیاسییە، پێش ئەوەی ببێت بە یاسایی.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی:" لیژنەكانی پەرلەمان پێكهێنراون و لیژنەكان دابەشكراون، پەرلەمانتاران بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خەڵك دەكەن، پێشوازی لە خەڵك دەكەن گوێ لە بیر و بۆچوونەكانی خەڵك دەگرن، بە تایبەتی فراكسیۆنی پارتی رۆژانە پێشوازی لە خەڵك دەكات و گوێ لە بیر و بۆچوونەكانی خەڵك دەگرێت و بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خەڵك دەكات، پاش دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێ لیژنەكانی پەرلەمان بەجددی كار دەكەن و هەماهەنگیەكی بەهێز لەگەڵ حكوومەت دەبێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان".

زۆرترین بینراو