ئەندامێکی پەرلەمان داواکارێک لە وەزیری پەروەردە دەکات

ئەندامێکی پەرلەمان داواکارێک لە وەزیری پەروەردە دەکات

زاری كرمانجی:
دکتۆر زێدان برادۆستی ئەندامی لیژنەی پەروەدەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان بۆ زاری کرمانجی گووتی: وەک ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان داوایەکم ئاراستەی وەزیرو وەزارەتی پەروەردە کردووە تێیدا داوام کردووە،سەبارەت بە تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاییەکانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی، بەتایبەت بۆ پۆلەکانی ٤ سەرەتایی تاکو ١١ ئامادەیی، کە بەپێی داتا سەرەتایەکان نزیکەی ھەزاران قوتابی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان ھەیە.
بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەوادەکانیان، بەتایبەت لەم چەند ماوەیەدا دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر پەرت و بڵاوبۆتەوە لە ناو کۆمەڵگەدا. وە بڕیاریشە لە ٩ ی ئەم مانگە، دوای چەند رۆژێکی تر تاقیکردنەوەکان دەست پێبکرێت.
دکتۆر زێدان دەشڵێت :ئەو قوتابییانەی کە ئاماژەم پێکردوون قۆناغی ناکۆتایین، وەک پۆلی ١٢ ئامادەیی نییە، سەرباری ئەم دۆخە سوپاس بۆ خوا و بۆ ھەوڵ و ماندووبوونی ستافی وەزارەت و مامۆستا و قوتابییان قۆناغی ١٢ بەرەو کۆتایی دەڕوات و تەنھا یەک تاقی کردنەوەیان ماوە.
ھیواخوازم کار لەسەر ئەم دۆخە بکەین، ھەرچەندە ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە بە ھیچ شێوەیەک درێخی لە کەموکوری و جێبەجێ نەکردنی ھیچ بڕیارێک نەکرێت لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا. بەڵام ئەمڕۆ رۆژگارەکە جیاوازە و تەندروستی منداڵە چاوگەشەکان و خانەوادە و مامۆستایان بەسەروی ھەموو کارێک و بڕیارێکەوەیە.
بۆیە داوا دەکەم بەگشتی بڕیاری بەخشینی قوتابییان دەربکرێت، چونکە وەک دەبینین لە وەزارەتی خوێندنی باڵاشدا ھیچ تاقیکردنەوەیەکی خولی دووەمان بە شێوەی کەمپەس نییە، وەک ئەوەی ھەمووان دەزانین لە کۆتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پڕۆسەی خوێندن راگیراوە، کەواتە بە گشتی کاریگەری خەراپی زۆر نابێت. وەئەگەر پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بایە ئەگەری زۆری ھەبوو لە وەرزی دووەمی خوێندن قوتابییەکی یەکجار زۆر وانە کەوتووەکانیان پڕکردبایەوە، وە بە پێچەوانەشەوە ئەگەری ھەبوو ھەندێک لە دەرچووانی وەرزی یەکەم لە وەرزی دووەم بابەتی کەوتوویان ھەبوایە.
بۆیە لێرەدا پێویستە رەچاوی دۆخی تەندروستی بکرێت، چونکە گیانی ئەوان و سەلامەتییان لە تاقی کردنەوە گرنگترە.
لە ھەمانکاتدا تەمەنی ئەو قوتابییانە کە لە قۆناغی سەرەتایین زۆر جیاوازە لەو قوتابییانە کە ئێستا لە قۆناغی ١٢ تاقی کردنەوە دەکەن. رەنگە زۆرێک لە دایک و باوکان بڕیاری نەچوونی قوتابییان بدەن لەم دۆخەدا بۆ ھۆڵەکانی خوێندن.
لە رووی زانستیشەوە تەنھا بە تاقیکردنەوە ناتوانین قەرەبووی خوێندنی رۆیشتوو بکەینەوە، لەھەمان کاتدا بۆ بەرچاوروونیتان تاقیکردنەوەکان بڕیارە تەنھا لە بابەتەکانی وەزی یەکەم بکرێ واتە ئەو بابەتانەی خوێندراون نەک ئەوانەی کە نەخوێندروان لە وەرزی دووەم دا.
وە لە ھەمانکاتدا داوای ئێمە ئەوەیە ھەوڵ و بڕیار و کاری جدی بخەینە گەڕ بۆ دوای مانگی ٩ کە چۆن بتوانین دەست بە پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ بکەینەوە، و بتوانین لە ساڵی داھاتووی پڕۆسەی خوێندندا قەرەبووی ئەم ساڵ بکەینەوە.

زۆرترین بینراو