ئەوانەی بە ئاسانی ئاهەنگێك بەڕێوەدەبەن ناتوانن وێنەگری راستەقینە بن

ئەوانەی بە ئاسانی ئاهەنگێك بەڕێوەدەبەن ناتوانن وێنەگری راستەقینە بن

دیمانە: هۆژین شەوكەت دری-سۆران
ئاراس وەسمان حەمەد، تەمەن 25 ساڵ دانیشتووی شاری سۆرانە، تا قۆناخی دوازدەی ئامادەیی خوێندووە، وەك زۆربەی خێزانەكانی كورد ئاوارەیی بینیوە لەبەر ئاوارەبوونی خێزانەكەی لە وڵاتی ئێران لە شاری ورمێ هاتووتە دونیاوە، تا تەمەنی 8 ساڵی لە ئێران ژیاوە.
ئاراس بە زاری كرمانجی گووت" نزیكەی حەوت ساڵ پێش ئێستا پیشەی وێنەگریم هەڵبژارد، سەرەتای دەستپێكردنم بە كاری وێنەگری دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2013، بوونی خولیایەكی زۆرم بۆ وێنەگرتن دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كاری دیزاین و لۆگۆ دروستكردنم دەكرد، كاركردنم بە فۆتۆشۆپ و شارەزا بوونم لێی هانیدام وێنە بگرم و دەستكاری بكەم، دواتر هەوڵمدا كامێرایەك بكڕم و زیاتر كاری لەسەر بكەم، هیچ كەس و لایەنێك پاڵپشتی نەكردم، تەواوی ئەو كەل و پەلانەی بۆ وێنەگرتن پێویستن هەموویانم لەرێی كاركردن لە سۆشیال میدیا و بەدەست هێنانی پارە بەو رێگایە كری، شارەزا بوونم لە هەموو ئەو زانیارییانەی پێویست بوون وەك Manual و باڵانس كردنی كامێرا، گۆشە و زاویە لە رێگەی یوتیوبەوە بوو، زۆربەی سەرچاوەكان بە ئینگلیزی بوون ئەمەش وایكرد زمانی ئینگلیزیم باشتر بێت و زیاتر هەوڵی بۆ بدەم.
گووتیشی" كاتێك دەبی بە وێنەگرێكی پڕ و تەواو هەست دەكەیت زمانێكی تر فێر بوویت، زمانێك بینینە و بە شێوەزارەكەی دەڵێن وێنە، ئەوەش فێر بووبێت كە بینین لەگەڵ سەیركردن جیاوازییەكی زۆری هەیە، هەموو كەسێك دەتوانێت سەیر بكات، بەڵام وێنەگری راستەقینە دەبینێت، كارم لەسەر هەموو شێوازەكانی وێنەگرتن كردووە‌و دەیكەم، بەڵام زیاتر كار لەسەر مودێل و پۆرترێت دەكەم، تەواوی بژێوی ژیانم لەم رێگەیەوە بەدەست دەهێنم و هیچ كارێكی دیكەم نییە، كامێرا و پیشەكەم زۆر خۆشدەوێت بە رادەیەك ئامادەم پارەش بدەم لە پێناویدا، نەك تەنها پارە وەربگرم، ئەمەش هۆكاری بەرەو پێشچوونی كارەكەمە، گەورەترین كێشەی من و هەموو ئەوانەی كاری وێنەگرتن دەكەن نەبوونی شوێنێكی تایبەتە بە وێنەگرتن هەر چەندە جوانی و رازاوەیی وێنەكە پەیوەندی بەمەوە نییە، بەڵام خواستی خەڵك ئەمە دەخوازێت".
ئاراس گووتیشی" وێنەگری منی لە كەسێكی شەرمن و گۆشەگیرەوە گۆڕی بۆ كۆڕێكی چالاك، منێك كە خزم و كەسیش كەم ئەیانبینیم، بەهۆی پیشەكەمەوە وام لێهات زۆربەی خەڵك بمناسن و زیاتر ناوبانگ پەیدا بكەم، ئەمەش بوو بە هۆكارێك تا زیاتر هەوڵی بۆ بدەم و خۆم ماندووتر بكەم، دەمەوێت لە داهاتوودا كارێك بكەم كە ناوی وێنەگر هات خەڵك یەكسەر بیر لە ئاهەنگ، زەماوەند و مارەبڕین نەكاتەوە، چونكە بە داخەوە لە كوردستان وێنەگری تا رادەییەك لەم چوارچێوەیە گیری خواردووە، زۆرن ئەوانەی بە ئاسانی ئاهەنگێك بەڕێوە دەبەن، بەڵام ناتوانن وێنەگری راستەقینە بن، چونكە وێنەگرتن خۆی لە دوو شتی سەرەكی دەبینێتەوە وەك بەكار هێنانی كامێرا كە زانستێكە و هەموو كەس دەتوانێت فێری ببێت و هونەری وێنەگرتن كە ئەمە جیاوازە و شتێك نییە بە ئاسانی فێری ببیت، ئەمە لە توانای هەموو كەسێكدا نییە، هەمووان دەتوانن زانستەكە فێر ببن و وێنەی تەواو زانستی بگرن لە رووی روناكی، باڵانس و گۆشەوە، بەڵام ئەمە هۆكار نییە تا وێنەكە سەرنجڕاكێش بێت، گەر هونەری بینین لە وێنەكە یا وێنەگرەكەدا نەبێت، ناتوانم بڵێم سەرسامم بە وێنەگرێكی تایبەت، چونكە هەموو وێنەگرێك زۆر یا كەم وێنەی باش و خراپی هەیە، لە ئێستاشدا وێنەگری زۆر باش لە كوردستان هەیە، دەتوانین وێنەكە بە باشی هەڵسەنگێنین نەك وێنەگرەكە".

 

زۆرترین بینراو