ئەگەری لادانی سەرۆكی شارەوانی سۆران هەیە

ئەگەری لادانی سەرۆكی شارەوانی سۆران هەیە

موڕشید برادۆستی – سۆران : دەنگۆی گۆڕانكاری لە پۆستە حكومی و كارگێڕییەكانی سۆران بڵاوبۆتەوە و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش زانیاری دەخاتەڕوو .
تەنها لە سەنتەری سۆران 65 فەرمانگەی حكومی هەیە و كە زیاتر لە 45 فەرمانگەیان ئیش و كارەكانی هەرچوار قەزای ( سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز ) بەڕێوە دەبەن و ماوەی چەند ساڵێكە گۆڕانكاری لە بەشێكی زۆری پۆستە كارگێڕییەكان نەكراوە .
لە قەزای سۆران و دەورووبەری مانەوەی بەرپرسە حكومییەكان لە پۆستەكانییان خەریكە دەبێتە دیاردە و ژمارەیەك بەرپرس زیاتر لە 14 ساڵە لە پۆستی حكومییەكاندان .
سەوری عسمەت ئەندامی ئەنجومەنی پەرێزگای هەولێر بە زاری كرمانجی گووت" ئاڵو گۆڕكردنی بەرپرسانی حكومی لە سۆران پەیوەستە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆ ئەم مەبەستە وەزیرەكان ئاگادار كراونەتەوە كە واژۆی خۆیان بۆ گۆڕانكاری رابگرن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر دەڵێت " ئێستا باسی گۆڕانكاری سەرۆكی شارەوانی سۆران هەیە و بەهۆی چەند كێشەیەك ئەگەری گۆڕینی هەیە، بە خوودی سەرۆكی شارەوانی راگەێندراوە ماوەی 30 رۆژ مۆڵەت وەربگرێت و لەو ماوەیە لەماڵەوە بێت، بەڵام تا ئێستا دەوامی خۆی دەكات و نەچووەتەوە ماڵەوە".
نادر عەبدولعەزیز هەركی داوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە هەرێمی كوردستان تەنها ئەو كەسانەی بە هەڵبژاردن پۆستیان بەدەست هێناوە وەك شارەوانییەكان، ئەنجوومەنی پارێزگا، پەڕلەمان بەپێی یاسا دیاری كردوە ناتوانرێ لابدرێن یا ئاڵووگۆڕیان پێ بكرێت تەنها ئەگەر تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدا بێت یا بەخۆی دەست لە كار بكێشێتەوە".
داوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی هەولێر ئاشكراشی دەكات " پارێزگا و ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتییان هەیە قایمقام و تەواوی بەرپرس و بەڕێوەبەرە حكومیەكان ئاڵوگۆڕ بكەن یا لایان بدەن، بەڵام تا ئێستە ئەوەیان نەكردوە لە قەزایەكی وەكو سۆران قایمقام و بەرپرسانی ناوچەكە بۆ ماوەی چەندین ساڵ پۆستی حكومییان لایە" .
لەلای خۆشیەوە، كرمانج عزەت كە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵە قائیمقامی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" تا ئێستا بڕیاری لادان یا ئاڵوگۆڕكردنم وەك قایمقامی سۆران نەهاتووە و بەخۆشم ئەو دەسەڵاتەم نییە ئاڵوگۆڕ بەخۆم بكەم".
دەربارەی پۆستەكانی دیكەی سۆران كە ژمارەیەك بەرپرس كورسیەكانییان چەندین ساڵە بەرنادەن، قایمقامی سۆران ئاشكرای دەكات، ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەرەكان پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری حكومەت هەیە لەو كات و ساتە هەستیارەشدا حكومەت لە بەرنامەی دانییە ئاڵو گۆڕ یا لادان بۆ بەرپرسەكان بكات، گۆڕانكاریەكان دەكەوێتە دووای پێكهێنانی كابینەی حكومەت".

زۆرترین بینراو