ئەگەر چاكسازی دەكەن

رەنجبەر حاجی

چاكسازی بۆ بەهێز كردنی پایەی حوكمڕانی گرنگە، تابتوانیت ئیدامە بە ئیدارەدانی كۆمەڵگا بدەیت، گرنگترین خاڵ بۆئەوەی لەو چاكسازیە سەربگرێت گەڕاندنەوەی ئەو مافانەیە كە لەخەڵكی بەشمەینەت بردراوە و خەڵكی دەسەڵاتدار خواردویانە، بۆنمونە:
۱- لیستی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ناوی جاش و كورد كوژ و مستەشارەكان پاكبكەنەوە، لەپاڵ شەهیدە قارەمانەكان مەیانهێڵنەوە، با لە گۆڕ ئاسودەبن.
۲- ئەو خانەنشینانە رەشكەنەوە بەبێ ئەوەی رۆژێك لەحكومەتی هەرێم فەرمانبەرایەتیان كردبێت بەپلەی وەزیر و بریكار و شارەزا و بەڕێوەبەری گشتی .....هتد خانەنشین كراون، زۆرترین بودجە بۆخەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
۳- لەساڵی ۱۹۹۲ لەپاش پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كوردی هەموو پەرلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەرەگشتیەكان و پلە تایبەتەكان بەو موچە گەورانە خانەنشین كراون، موچەكانیان تا ئەو ئاستە كەم بكەنەوە لەگەڵ خانەنشینی ئاسایی ئەوەندە جیاوازیان نەبێت، ئەوە دوو كەڵكی هەیە، یەكیان خەزێنەی دەوڵەت ئاهێكی وەبەردێتەوە، دووەمیان عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگا دێتە ئاراوە.
٤- باج لەو كۆمپانیایانە وەربگرن كە لەسەر گیرفانی میلەت خۆیان دەوڵەمەند كردوە.
٥- لە هەیكەلی ئەو كابینەیەوە دەست پێبكەن، موچەی ئەوانە كەمكەنەوە كە وەزیر و گزیرن....
٦- ئەو كۆمپانیا نیشتەجێبوانەی دروستكراون بەناوی خزمەتگوزاری خەڵكیان لەماڵەكانی خۆیان كردیتەوە كرێچی، ئەو دەفتەر دۆلارانەی وەری دەگرن با بۆ حكومەت بێت، نەك بۆ گیرفانی بزنسمانەكان بێت.
۷- ئەوانەی بەناوی تەكیەو دیوەخان و پیاوماقوڵانە پارەیان پێدەدرێت لێیان رابگرن .
٨-ئەوانەی رۆژێك پێشمەرگایەتیان نەكردیە سەرشانیان پڕ بوە لە ئەستێرە و شمشێر، یاخود بەپلەی لیوا و عەمید و عەقید و ......هتد خانەنشین كراون، كەنازانن كلاشینكۆفێك خاوین بكەنەوە ئەوانەش موچەكانیان ببڕن.
ئەم خاڵانەو هەندێكیدیكەش هەن ئەگەر لەبەرنامەی پڕۆژەی چاكسازی وجودیان هەبێت، دڵنیام ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە چیدیكەش كەس ناتوانێت لە ئاخوڕی حكومەت خۆی دابەستێت و گنێخەی خۆی پانتربكات، ئیدی ئەوكات خەڵكی دڵسۆز و نادڵسۆز و پاك و ناپاك دەردەكەون ئەوانەی لەبەرەی گەلبن هەوڵی چاكسازی دەدەن، ئەوانەی لەبەرەی گنێخە ئەستورەكانبن هەوڵی پەكخستنی چاكسازی دەدەن.

زۆرترین بینراو