ئەی هاوار پارتی بەم جۆرە ئاوت ناكرێت

ئیسماعیل ئیبراهیم

لە ناو یەكێتی كەس هێندەی جەنابی مام جەلال بەهێز نەبووە و ناشبێت، كەسیش وەك خوالێخۆش بوو خاوەن حیكمەت و دوور بینی سیاسی نەبوو، دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ پارتی دواجار لە قوڵایی و پتەوی پارتی لە نێو جەماوەر و وڵاتانی هەرێمی تێدەگات و پارتی بە قوتابخانەی خۆی بۆ كوردایەتی لەقەلەم دەدات، ئەم وتەی مامی مەزن بە ڤیدیۆ هەیە، ئەم نموونەیم بۆیە هێنایەوە تا ببێتە وانەیەك بۆ گشت لایەنەكانی دیكە و هەندێك كەسی تازە پێگەیشتووی ناو حزبەكەی مامە، كە پێداچوونەوە بە شێوازی مامەلەكردنیان لەگەڵ پارتی بكەن.
دروستبوونی پارتی و رابردووی، ئێستای و داهاتووشی پێمان دەڵێت، بە دژایەتیكردنی نە دەرووخێت نە لە گۆڕەپانی سیاسی وەدەردەندرێت، بە كورتییەكەی پاروویەكی هێندە چەور و ئاسان نییە بۆ قووتدان.
حزبێك خاوەن پێگەی قووڵایی جەماوەری و مێژویی و نەتەوەیی بێت ئاسان نییە ئاوت بكرێت، بە درێژایی مێژوویی دامەزراندنی پارتی سەدان كۆسپ و تەگەرەیی هاتۆتە پێش، سەدان رێككەوتنی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی لە دژی كراوە، كەچی هەر بەهێز مایەوە، لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی كە هێشتا رقی هەرێمایەتی لەسەر شانی بوو، هەر سێ دەوڵەتی دراوسێ و عێراق و هەندێك حزبی ناوخۆیی كوردستانیش دژایەتییان دەكرد، كەچی لە سەر ئاستی عێراق یەكەم حزب بوو توانی بێ رێككەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی كوردی و عێراقی زۆرترین دەنگ بهێنێت، واتە دژایەتی كردنی پارتی وەك مەلە كردنە لە نێو دەریایەكی بێ كۆتایی و بێ ئەنجام، دواتر تەنها ماندوویەتی و تاقەتپرووكێنی و هەندێكجاریش مەرگی بەدواوە دێت.
بۆیە هەندێك قەلەم بەدەستی گوناە بەدوای بچووكترین خاڵی لاوازی ئەم حزبە دەگەرێن تا بیكەنە بابەتی رۆژنامەوانی لە نێو ماڵپەڕ و پەیچە سێبەر و بێ ناوەكان، كە دواتر هیچی لێ سەوز نابێت، كادیر یا بەرپرسێكی خوارەوەی حزبی یا حكومی نزیك لە پارتی هەڵەیەك دەكات راستەوخۆ دەیقۆزنەوە بۆ هێرش كردنە سەر پارتی و بارزانی، بۆ ئەمەشیان دەستیان بە بەتاڵی لە بنی هەنبانە دێتەدەر.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە رەفتارە هەرزەكارانەی سیاسی كە تەژی لە رق و كێنەیە و ناچێتە خانەی ململانێی تەندروستی سیاسی و خاڵییە لە ئەخلاقی پێكەوە ژیان و یەكتر قبوڵكردن واز لێبینن و جۆرێكی دیكە لە سیاسەتكردن پەیڕەو بكەن.
بێ گومان پارتی دیموكراتی كوردستان لە خوارەوە تا سەرەوەی بێ هەڵە و كم و كورتی نییە، رەخنە هەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی حكوومەت و جۆری سیاسەتكردنی، تێبینی هەیە كە گوایە حزبێكی قۆرەغكارە، ئازادی رەخنە گرتنی سنووردار كردووە و زۆر تۆمەتی دیكە، كە دەشێ هەندێكیان راست بێت، چونكە دواجار پارتیش حزبە و سیاسەت دەكات، واریدە هەڵەش بكات، ئێ ئێوە پێچەوانە بن، پارتی گەندەڵە ئێوە پاك بن، قۆرەغكارە ئێوە دەستكراوەتر بن، ئازادی را دەربڕینی سنووردار كردووە ئێوە پەرە بە مەودای ئازادی زیاتر بدەن، پارتی پارەی میللەتی بردووە و بۆ سوودی حزب بەكاری دێنێت ئێوە شەفاف بن و داهات و خەرجییەكان بخەنەڕوو، پارتی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نێوخۆیی شكستی هێناوە دەستكەوتەكانی خۆتان لەم بوارە بخەنەڕوو، بابزانین دەستكەوتە گرنگەكانی ئێوە كە لە هی پارتی باشتر و بەسوودتر و نەتەوەیی ترن چین؟
مێژوو پێمان دەڵێت ئەو لایەنە سیاسی و كەسایەتییانەی دژایەتی پارتی و رێبازی بارزانییان كردووە، دواجار بە ناچاری هاتوونەتەوە لای پارتی و داوای لێبوردنیان كردووە.
رەوشتی پارتیش لێوان لێوە لە لێبووردەیی، هەرگیز لەسەر بنەمایی هەڵوێستەكانی رابردوو مامەڵە لەگەڵ كەس و لایەن ناكات، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت پارتی لاواز كەن، فەرموو لە پارتی باشتر بن، دژایەتی كردنی پارتی و لاوازكردنی تەنها بە باشتر بوون دەكرێت، ئەگەر پێتان بكرێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو