بارزانی نەمر فەرمووی حاجی بێرۆخیم لە ئیدریس و مەسعود خۆشتر دەوێت

بارزانی نەمر فەرمووی حاجی بێرۆخیم لە ئیدریس و مەسعود خۆشتر دەوێت

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- پیرمام: مێژووی گەلی كوردستان تەژیە لە هەوراز و نشێوی زۆر، بەڵام كەسانێك هەن لە هەموو ئەو هەوراز و نشێوانە دەستیان لە خەبات بەرنەداوە. ئەم كەسانەش بوونەتە كۆڵەگەی بەردەوامیدان بە خەبات و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان.
لەم ژمارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا تیشك دەخەینە سەر چەند وێستگەیەكی ژیان و خەباتی شەهیدی فەرماند( حاجی شێخۆمەر ئەحمەدئاغا، ناسراو بە حاجی بێرۆخی)
حاجی بێرۆخی، ناوێك گەورەتر لە كێوێك. حاجی بێرۆخی لە ساڵی ١٩١٦ لە گوندی بێرۆخ لە دایك بووە، لە دایك بوونی حاجی بێرۆخی هاوكات بووە لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لە كوردستان و ناوچەكە روویدا.
بنەماڵەی حاجی بێرۆخی هەر لە سەرەتای شۆڕەشەكانی گەلی كوردستانەوە خۆیان بۆ بە دەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان تەرخان كردووە.
دوای دەستپێكردنی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵێ ١٩٤٣، بارزانی نەمر بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند چاڵاكیەك دەچێتە ناوچەی گەردی و شێروان مەزن. محەمەد بێرۆخی مامی حاجی بێرۆخی، لەگەڵ چەند خزمانێكی دەبنە هاوسەفەری بارزانی نەمر و هێرش دەكەنە سەر قشلەكانی( شانەدەر، شێروان مەزن، زێت، خێرەزۆكا).
ئەم چاڵاكیە دەبێتە ترسێك لە دڵی دەوڵەتی توركیا، بوویە لە بوورسەیەكدا محەمەد سەعید بێرۆخی و چوار لە كەسە نزیكەكانی شەهید دەكرێن. بارزانی نەمر زۆر دڵ تەنگ دەبێت و حاجی بێرۆخی وەك كەسێكی تایبەت لای خۆی دەكات بە پێشمەرگە.
دوای بەشداری كردن لە شەڕەكانی چیای قەلەندەر حاجی بێرۆخی بریندار دەبێت. بە مەبەستی چارەسەركردن دەگوازرێتەوە بۆ گوندی بەردەی.
دوای ماوەیەك برینداربوونی حاجی بێرۆخی، بارزانی نەمر و چەند هەڤاڵێكی بەشداری لە پاراستنی كۆماری مەهاباتدا دەكەن، لەبەر ناجێگیری تەندروستی حاجی بێرۆخی ناتوانێت بەشدار بێت، دوای هەرەسهێنانی كۆماری مەهاباتیش، كاتێك بارزانی نەمر و كۆمەڵێك لە هەڤاڵانی بڕیاری چوون بۆ یەكێتی سۆڤیەت دەدەن، حاجی بێرۆخی ناتوانێت بەشداربێت. بەڵام دوای دەرچوونی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی، حكومەتی عێراق دەست دەكات بە گرتن و ئازاردانی گەلی كوردستان، بە تایبەتی هەموو ئەو كەسانەی لە ناو شۆڕشی بارزاندا رۆڵیان گێڕاوە، بوویە حكومەتی عێراق خەڵاتێك بۆ ئەو كەسە دادەنێت كەوا حاجی بێرۆخی بە زیندووی رادەستی حكومەت بكات.
بە مەبەستی پاراستنی خۆی و خێزانەكەی حاجی بێرۆخی دەچێتە گوندی هویپە، حكومەت لە هەڵمەتێكی فراواندا هەوڵ بۆ گرتنی حاجی بێرۆخی دەدات، بە مەبەستی پاراستنی گیانی ئاندامانی خێزانەكەی حاجی بێرۆخی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق دەكات.
حاجی بێرۆخی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە رواندز زیندانی دەكرێت، دواتر حكومەتی عێراق دەیگوازێتەوە بۆ سەر سنووری عێراق و توركیا و لەوێ ئازاد دەكرێت.
دوای گەڕانەوەی بازانی نەمر و هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران، زۆری نەكێشا حكومەتی عێراق دەستی دایە شكاندنی بەڵێنەكانی خۆی، بوویە لە رێگەی نوێنەرێكی تایبەتی بارزانی نەمرەوە، حاجی بێرۆخی ئاگادار دەكرێتەوە بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ دەستپێكردنی شۆڕەشی ئەیلول.
رۆژانی زیندان و هەموو ئەو ئازار و خەمانی لە دووری هاوسەنگەرەكانی كێشابووی، بوونە پاڵنەر بۆ ئەوەی حاجی بێرۆخی بە گڕ و تینێكی زۆرەوە بەشداری بكات لە شۆڕەشی ئەیلول. بوویە حاجی بێرۆخی بە خۆی و كۆمەڵێك پێشمەرگە دەچێتە خزمەت بارزانی نەمر لە رووباری شین.
لەسەر راسپاردەی بارزانی بەشداری دەكات لە داستانەكانی (لومانا، سوارەتوكا، گەلیێ زاویتە، بریفكا، سێمێل، پیرس، سەرێ شەهی). رۆلێكی گەورە لەم داستانانەدا دەگێڕێت.
لە شەڕەكانی (سپیلك، شەڕی چامەی)، بارزانی نەمر وەكو فەرماندەیەك ناوی دەهێنێت و هەر لەوێوە حاجی بێرۆخی بووە ناوێك بەناو هەموو گوند و ئاوایەكدا تێدەپەڕی، ئیدی مێژوو دەستی دایە نوسینەوەی داستان و رۆڵەكانی حاجی بێرۆخی.
دوای ئەوەی بارزانی نەمر دەگەرێتەوە بۆ ناوچەی باڵەكایەتی و دامەزراندنی بارەگای شۆڕەش، حاجی بێرۆخی دەكرێت بە فەرماندەی بەتالیون لە هێزی باڵەك، حاجی بێرۆخی سەرەڕای ئەركی پێشمەرگایەتی رۆڵێكی گەورەی دەگێرا لە پرسە كۆمەڵایەتیەكانی دەڤەرەكە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام رێنمونی گەنج و لاوە تازە پێگەیشتوەكانی دەكرد بۆ رێگای كوردایەتی و پێشمەرگایەتی.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی حاجی بێرۆخی وەك فەرماندەیەك لە دەڤەری باڵەكایەتی بووە، رۆڵێكی گەورەی بینیوە لە هەر یەك لە شەڕەكانی( دەشتی دیانا، ناوشینكا، چیای زۆزك، گوندی كەلەكین، چیای گۆڕەز).
دوای رێككەوتنی جەزائیر، شۆڕەشی كوردستان توشی نسكو هات، بارزانی نەمر، فەرمانی كورد هەر كەس ئازادە لەوەی لە كوردستان دەمێنێتەوە یان دەڕواتە ئێران یان توركیا، گرنگ ئەوە بە سەڵامەتی بمێنن تاكو جارێكی تر خۆمان رێكبخەینەوە بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕەش. نسكوی شۆڕەش بووە هوكاری دروست بوونی سەتمەیەكی گەورە بۆ حاجی بێرۆخی، بوویە ماوەیەك لە ئێران دەبێت دواتر لەسەر فەرمانی ئیدریس بارزانی خۆی و خێزانی دەگوازرێنەوە بۆ ئوردۆگای زێوە.
دەسكوو حاجی بێرۆخی سەبارەت بە باوكی دەڵێت: ساڵانێكی زۆر لەگەڵ باوكم پێشمەرگە بووم، باوكم لە هەر شەڕ و داستانێك بەشداربووایە مەحال بوو شكەست روو لەوێ بكات، لە شەڕی چیای گۆڕەز خۆم شایەتحالی قارەمانیەتیەكەی ئەو بووم، كاتژمێر ١٢ی شەو جاش و سەربازە عێراقیەكان دەستیان بە هێرشكردن كرد، شەڕێكی زۆر قۆڕس بوو، سەربازە عێراقیەكان بە پاڵپشتی فڕۆكە و تۆپ شەڕیان دەكرد، ئێمەش بە چەكی زۆر سادەوە بەرگریمان دەكرد، سێ كەس فیشەكی بۆ باوكم ئامادە دەكرد، حاجی بێرۆخی لە كاتژمێر ١٢ی شەو تاكو ٧ی بەیانی لەسەر پێی خۆ بوو، قارەمانانە دەجەنگا، تا بەیانی زیاتر لە ٢٠٠ تەرمی سەرباز و جاشە عێراقیەكان كەوتەنە ناو دەستمانەوە، ژمارەیەكی زۆری فیشەك و چەك كەوتە دەست پێشمەرگە. قارەمانیەتی حاجی بێرۆخی ووێنەی نەبووە، حاجی بێرۆخی هەردەم كەسێكی خۆشەویست و جێگای متمانە بووە لە لای بارزانی نەمرەوە. جارێك لە دیلمان بووین بارزانی نەمر فەرمووی: دەزانن من حاجی بێرۆخیم لە ئیدریس و مەسعود خۆشتر دەوێت.
دەسكوو بێرۆخی بەردەوام بوو لەسەر گێرانەوەی بیرەوەریەكانی خۆی و گووتی: پێشمەرگەیەك دەستگیركرابوو لە لایان حكومەتی عێراقەوە، كاتێك دەیبەنە مێرگەسوور، ژمارەیەكی زۆری بەرپرسە عێراقیەكان سەبارەت بە حاجی بێرۆخی لێی دەپرسن و پێی دەڵێن، حاجی بێرۆخی چەند چەكداری لەگەڵدایە، پێشمەرگەكەش دەڵێت، نزیكەی ٦٠ پێشمەرگە، ئەونیش دەڵێن باشە ئێمە بە فڕۆكە و تۆپ و هەرچی جاش و جێشە دێین دەرەقەتی حاجی بێرۆخی ناهێین.
دوای دەستپێكردنی شۆڕەشی گۆڵان، حاجی بێرۆخی بەو پەڕی هەست و كوردایەتیەوە بەشداری دەكاتەوە لە چەندین داستان لە شۆڕەشی گۆڵان.
بەڵام كاتێك دەگەرێتەوە بۆ بارەگایەكی شۆڕەشی ئەیلول توشی جەڵتەی دل دەبێت، بە مەبەستی چارەسەركردن ماوەیەك رەوانەی ئێران دەكرێت، بەڵام بارودۆخی خراپتر دەبێت، بوویە رەوانەی وڵاتی نەمسا دەكرێت، بەڵام تەمەن رێگەنادات رۆڵەكەی كوردستان ئازادی و سەربەخۆی كوردستان ببینێت، دوای گەڕانەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ لە گوندی دزێی مەرگەوەڕی ئێران دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت و دەگاتە كاروانی شەهیدانی كوردستان.
لە كۆتایدا دەڵێین هەموومان دەمرین، بەڵام هەندێك كەس دوای مردنیش هەر بە زیندووی لە دڵی خەڵكیدا دەمێنەوە، هەزار جار خۆزگە بەو مردنەی كەوا مرۆڤ لە پێناو گەل و نەتەوەكەیدا بمرێت. بوویە دەبێت خەڵكی كوردستان هەرگیز خەبات و قوربانیدانی ئەم قارەمانانە لە یاد نەكات.

 

زۆرترین بینراو