بارزان محەمەد : زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران هەن

بارزان محەمەد : زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران هەن

چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی : بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران هەن، رێژەی هاتنی گەشتیارانیش بەراورد بە جەژنی رابردوو بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران 100% زیادی كردووە. دەشڵێ:"لە ئایندەیەكی نزیكدا دوو پرۆژەی باشی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران جێبەجێ دەكرێن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند:" زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران، كە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز لە خۆ دەگرێت هەن، رێژەی هاتنی گەشتیارانیش بەراورد بە جەژنی رابردوو بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران 100% زیادی كردووە ئەگەر لە جەژنی رابردوو 50 هەزار گەشتیار هاتبێتە دەڤەری سۆران، لەو جەژنەدا 100 هەزار گەشتیار هاتبوون، یەك شوێنی بەتاڵ نەما بوو لە شوێنە گەشتیارییەكان، زۆربەی گەشتیارانیش گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراق بوون، ئەوانی دیكەش لە هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیاوە هاتبوون، ئێستاش هاتنی گەشتیاران بەردەوامە.
بارزان، دەشڵێ:" هاتنی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیارە بۆ ناوچە گەشتیارییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی هەرێم چەند رێنماییەكی دەركرد بۆ دامودەزگاكانی پەیوەندیدار كە تەواو ئاسانكاری بكەن بۆ گەشتیاران، بە تایبەتی لە بازگەكان، تاكو بە ئاسانی بگەنە شوێنە گەشتیارییەكان، هاتنی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیارەش بۆ دەڤەری سۆران، بازاڕ جوولەیەكی باشی بە خۆیەوە بینی.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران جەختی لەوەشكردەوە:" لەگەڵ هاتنی ئەو رێژە زۆرە گەشتیارە هیچ كێشەیەكی وا لە شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران رووی نەدا كە شایەنی باسكردن بێت، ئامادەكاری باش كرا بوو لە لایەن ئاسایش، پۆلیس بە هەموو بەشەكانیەوە پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگری شارستانی هەموو لە حاڵەتی ئامادەباشی دابوون و لە هەموو شوێنە گەشتیارییەكان بوونیان هەبوو، ئەوەش وای كردبوو كە گەشتیاران بە ئاسانترین شێوە بگەنە شوێنە گەشتیارییەكان و كاتێكی خۆش لەو شوێنانە بەسەر ببەن.
سەبارەت بە گلە و گازندەیی گەشتیاران لە گرانی نرخی خواردنگەكان و رێگاو بانەكان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند:" لە هەموو چێشتخانەكان نرخەكان هەڵواسرا بوون و نرخی خواردن و خواردەمەنییەكان موناسبە، بەڵام لە رێگاوبانەكان كێشەمان هەیە، ئەوەش كاری لایەنە پەیوەندیدارەكانە و دەبێت ئەوان بەدواداچوون بۆ رێگاوبانەكان بكەن و چاكی بكەن.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران ئاشكراشی كرد:" لە ئایندەیەكی نزیكدا دوو پرۆژەی باشی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران جێبەجێ دەكرێن، چەند پرۆژەیەكی دیكەی گەشتیاری وەكو هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە لە قۆناغی جێبەجێ كردندان".

زۆرترین بینراو