بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان زۆر خراپە

بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان زۆر خراپە

رەمەزان هەرنی – هەولێر: سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" ماوەیەكە لە عێراق دەنگۆی ئەوە هەیە دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی كورددا نیە، بەتایبەتی خەڵكی ناوچە كورستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە ناوچە كوردستانییەكان عەرەبی هاوردە نیشتەجێ دەكرێن و دەست بەسەر زەوی جووتیارانی كورددا دەگیرێت. دەشڵێ:"بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی هەرێم هیچ باش نیە، ئەوەش هەموو بۆ نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، هێزەكانی عێراق بەهۆی بێ هێزی و بێ توانایی توانای ئەوەیان نیە بەرگری لەو ناوچانە بكەن، ئەوەش وای كردووە كە دووبارە داعش سەر هەڵبداتەوە.
جوان یونس رۆژبەیانی, سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گوت:" وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان دیراسەی ئەو بارودۆخەمان كردووە و ئامادەكاریشمان كردووە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێك ئەگەر هاتوو دەست بۆ ماددەی 140 یان برد, لە هەمانكاتدا چەند نەخشە رێگایەكیشمان ئامادە كردووە لەگەڵ چەندین پێشنیار، بەڵام تا ئێستا كە پەیوەندیمان بەو لیژنەیەوە كردووە تا ئێستا هیچ ئەگەرێك نیە كە ئەگەر دەستوور گۆڕدرا یان هەموار كرایەوە دەسكاری ئەو ماددەیە بكرێت, بەڵام ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی هەرێم پێشنیاری خۆمان هەیە, بڕیارە سەردانی ئەو لیژنەیەش بكەین لە عێراق, نامانەوێت بە هیچ شێوەیەك دەسكاری ماددەی 140 بكرێت, بەڵام ئەگەر ئەوان ویستیان دەسكاری ئەو ماددەیە بكەن، دەبێت سەقفێكی تر بۆی دابنرێت كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە بەو مەرجەی نابێت بڵێن ئەو ماددەیە بەسەر چووە و جێبەجێ ناكرێت, لە عێراقیش بڕیاریان داوە كە ئەمجارە كار لەسەر دەستوور بكەن كەواتە دەبێت سەقفێكی زەمەنی بۆ ماددەی 140 دابنرێت".
جوان یونس، ئەوەشی گوت:" ئێستا بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی هەرێم هیچ باش نیە لە رووی ئەمنیەوە لە رووی ژیان و گوزەرانەوە, بەهۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە و هێزەكانی عێراق بەهۆی بێ هێزی و بێ توانایی توانای ئەوەیان نیە بەرگری لەو ناوچانە بكەن، ئینتیمای ئەو بەرگریەشیان نیە لەو ناوچانە هیچ گرنگیشی پی نادرێت، بۆیە لەو ناوچانە چەكدارانی تیرۆیستی داعش خەریكە سەر هەڵدەنەوە, بۆیە لەرووی ئەمنیەوە ئەو ناوچانە هیچ پارێزراو نین و مەترسیان لەسەر هەیە لە رووی ژیانیشەوە بەهەمان شێوە هیچ ژیان و گوزەرانیان نیە و لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئەو ناوچانە پەراوێز خراون.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەروو:" لە سنوری ناوچە كورستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەدەر لە نەبوونی ئاسایش و ژیان و گوزارەنی هاووڵاتیان، رۆژانە عەرەبی هاوردە لە ناوچە كوردستانییەكان نیشتەجێ دەكرێت و زەوی و زاری هاووڵاتیان بە زۆر وەردەگرنەوە.
جوان یونس رۆژبەیانی ئەوەشی گوت:" هەندێك زەوی كشتوكالی هەیە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە پێشتر لەسەر ئەو زەویانە تانەمان لە بریاری دادگای فیدراڵی داوە, ئێستاش بە هەمان رێگا دووبارە رێگەی یاسایی دەگرینەبەر كە ئەو زەویانە نابێت بە خەڵكی عەرەب بدرێت و لەسەری دابنیشن".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو