بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە

 پروشە قەلەندەر كەسنەزانی

ماستەر لە لێكۆڵینەوەی تاوان - بەریتانیا

سەرەتا پێویستە بزانین كە مەبەستمان چییە لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە؟ ئایە دەكرێت مرۆڤیش وەك كاڵایەك سەیر بكرێت و مامەڵەی پێوە بكرێت ؟
بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە سەردەمانێكی كۆنەوە بوونی هەیە و لەو كاتانەدا وەك بەندایەتی و كۆیلەگەری سەری هەڵداوە بەڵام لە ئێستادا فۆرمێكی جیاوازی وەرگرتووەو لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاو گەشەسەندنی ژیان بووە بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە. بۆیە ئێستا دەكرێت بەجۆرێك پێناسە بكرێت كە كۆیلایەتییەكی سەردەمیانە ( modern slavery ) بەجۆرێك مرۆڤەكان كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێ بۆ مەبەستی بازرگانی و قازانجی ماددی كە لێرەدا مرۆڤ هاوشێوەی كاڵایەكی بازرگانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دۆخی مرۆڤەكان دەقۆزنەوە كە بەهۆی پێویستی زۆری ئەو كەسە لە بەرامبەر ئەو كارەی كە دەیكات.
لە نموونەی ئەم جۆرە بازرگانیكردنە بە مرۆڤەوە بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت لەم حاڵەتانەدا كۆ بكرێتەوە:
1- بازرگانی سێكس ( لەشفرۆشی)
ئەمەش مامەڵەكردن و كڕین و فرۆشتنی مرۆڤەكان بۆ مەرامی تێركردنی جنسی كە سەرچاوەی ماددی لێ دەست دەكەوێت كە هەندێك جار قوربانییەكان بەكار دەهێنرێن و فێڵیان لێدەكرێت و هەڵدەخەڵەتێن یا بە هۆی زەبری هێز و بەزۆردی ئەم كارە بە كەسەكە دەكرێت یا كەسەكە بە ویست و رەزامەندی خۆیەتی، بەڵام تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوەیە و درك ناكات بەوەی كە بەكارهێنراوە، چونكە عەقڵی كامڵ نەبووە.
2- بەكار هێنانی مرۆڤ بۆ كاركردن و خزمەت كردن بەپارەیەكی زۆر كەم یا بەبێ بەرامبەر
ئەم جۆرەیان كەسەكە فریو ئەدرێت یا بە فێڵ یا بەزۆردی و دەسەڵاتی كەسەكە لێرەدا سنووردار دەبێت وەك لێسەندنەوەی ناسنامە یا پاسپۆڕت و ناچار كردنی بە زۆر كار كردن یا هەڕەشە لێ كردن بە ئەنجامدانی تاوانێك بەرامبەری، بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە ناچاری كار كردنی دەكەن، یا كار كردن لە بڕی قەرزێك كە توانای دانەوەی نییە و لەژێر فشاری ئەم قەرزە كار دەكات.
3- هەڵخەڵەتانی هەرزەكار لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان
هەڵخەڵەتاندنی هەرزەكار لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان تا كارێكی پێ بكەن لەبەرامبەر حەزو خولیاو ئارەزوییەكی هەرزەكارانە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان یا یارییە ئەلكترۆنییەكان. وەك كرداری سێكسی لە بەرامبەر بردنەوەی ئەم هەرزەكارە لە یارییە ئەلكترۆنییەكە یا بەڵێندان بەوەی بەناوبانگ بكەن، ئەم هەرزەكارە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ئەگەر ئەو كار ئەنجام بدات یا هەر حەزو ئارەزویەك كە هەرزەكار هەیەتی و قۆستنەوەی ئەم حەزەی بۆ ئەنجام دانی كارێكی قێزەون وە نەشیاو.
4- بارزگانی پارچەكانی جەستە
كڕین و فرۆشتن بە پارچەكانی جەستە و لاشەی مرۆڤ لە بەرامبەر بڕێك پارەی كەم و قۆستنەوەی دۆخی هەژاری كەسەكە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەم كارە.
5- كاری قاچاخچیێەتی
ئەم لایەنە لەم سەردەمەدا و لە ئێستا گەورەترین و زۆرترین و بەربڵاو ترینێتی كە كاتێ كەسەكان دەیانەوێت بۆ باشتركردنی دۆخ و گوزەرانیان لە وڵاتی خۆیانەوە كۆچ بكەن بۆ وڵاتێكی تر كە دۆخی ئابووری و بژێوی باش بكات، بۆ نموونە بۆ گەشتن بە ئەوروپا پەنا دەباتە بەر قاچاخچییەك كە لە رێگای نافەرمییەوە داخڵی خاڵە سنوورییەكانی وڵاتانی جیهانی بكات. لێرەدا قاچاخچییەكە هەل دەقۆزێتەوە لە كەسەكە كە توانای نەماوە یا سنووردارەو هیچ ناسنامەیەك یا بەڵگەیەكی یاسایی لا نەماوە هەروەها شارەزای زمان و جوگرافیایی ئەو شوێنە نییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و وڵاتی خۆی. لێرە زۆر جار كەسەكە ملكەچ دەكەن بۆ مەرامی سێكس كردن یا گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر یا كوشتنی ئەم مرۆڤانە لە رێگا و فرۆشتنی پارچەكانی جەستەیان یا فێڵ كردن و سەرنگوم كردنیان و روتانەوەیان بە لێسەندنەوەی هەموو كەلوپەلەكانی هتد.....
6- بازرگانی بە جەستەی ئافرەت
بەكارهێنانی جەستەی ئافرەت بەمەبەستی دووگیان بوونی لە بڕی كەسێكی تر (بۆ نموونە بەكرێ گرتنی رەحمی ئافرەتێك و پاش ئەوەی مناڵەكەی بوو دەیداتە ئەو كەسەی كە بازرگانییەكە دەكات) ئەمەش لە بەرامبەر بڕە پارەیەكی زۆركەم ئەم حاڵەتانە لە وڵاتانی هەژار و كەم دەرامەتدا روودەدات یاخود كەسەكە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەكان بووە و بۆ دابینكردنی پێداویستی خۆی پەنا بۆ ئەم كارە دەبات.
7- بازرگانی كردن بە منداڵ
كڕین و فرۆشتن بە منداڵەوە لە لایەن دایك و باوك لە بەرامبەر برێك پارە ئەمەش بە هۆی هەژاری و دۆخی سەختی ژیان و گوزەرانیان .
بۆیە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە تاوانێكە كە جیهانگیرە و لە تەواوی جیهاندا ئەم تاوانە لە پەرەسەندن دایە و رۆژانە بە دەیان كەس كە ئەمجۆرە بازرگانییە دەكەن دەستگیر دەكرێن.
لێرەدا هۆشیاری كۆمەڵگە رۆڵی گرنگ و كاریگەر ئەبینێت كە هەموو لایەك هاوكار دەبن بۆ نەمان و سنووردار كردنی ئەم جۆرە تاوانانە. بۆیە پێویستە ئامۆژگاری هەرزەكار یا ئەوانەی بە ئاسانی دەبنە قوربانی ئەم تاوانبارانە تا دور بن لەو جۆرە كەسانە و نەبنە قوربانی بازرگانی مرۆڤ و دۆخی مرۆڤەكان لەلایەن ئەم كەسانەوە بقۆزرێتەوە بۆ مەرام و سوودی تایبەتی خۆیان.

 

زۆرترین بینراو