باسكسمین لە پیشە كۆن و كوردەواریەكانی دەڤەری بارزان

باسكسمین لە پیشە كۆن و كوردەواریەكانی دەڤەری بارزان

رەمەزان هەرنی-دەڤەری بارزان
باسكسمین یەكێكە لەو پیشە كۆنە كوردەواریانەی تاكو ئێستا لە دەڤەری بارزان باوی هەیە، بە تایبەت شەوانی زستان دانیشتوانی دەڤەرەكە خۆیان پێوە خەریك دەكەن، بۆ كات بەسەربردن، هەندێكجاریش دەیكەنە دیاری بۆ هاوڕێیان و خستنە بازاڕەوە.
كەریمخان زورەگڤانی شارەزایەكی باسكسمینە بە زاری كرمانجی گووت:" لە تەمەنی منداڵیمەوە حەز و ئارەزوویەكی زۆرم بۆ تێكەڵ بوون بە كەلتووری كۆنی كوردەواری هەبووە، لەوانەش باسكسمین كە زۆر حەزم لێیەتی، شەوانی زستان كاتی خۆمی پێوە بەسەر دەبەم، ئەو ئامێرەی بۆ سمینی باسك بە كاری دەهێنم ئامێرێكی كۆنی كەلتووری كوردەواری خۆمانە، پێیدەڵێن كەوان كە لەشێوەی تیر و كەواندایە، پێكدێت لە كەوانێك و چەند تیرێكی ئاسنین، ئەویش چەند جۆری هەیە بچووك و باریك تا درێژ و ئەستوور، بە پێی جۆری باسكەكان بەكاری دێنین".
كەریمخان لە درێژەی قسەكانی گووتی:" دروستكردنی باسكەكان بۆمن زۆر ئاسانە، شارەزاییەكی باشم لە جۆری دارەكان و سمینیان هەیە، باسكی جوان و سەرنجڕاكێش دروستدەكەم، لە كاتژمێرێكدا دەتوانم ٤٠ باسك ئامادە بكەم ئەگەر دارەكانم وشك و ئامادەبن، چونكە دەبێت دارەكان بە شێوەیەكی باش بە سۆبای دار وشك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی راست و جوان وشك ببنەوە بە پێی پێویست، من بۆ فرۆشتن ئامادەیان ناكەم زیاتر وەك حەزێك و زیندوو راگرتنی ئەم كەلتوورە كۆنە كاری بۆ دەكەم، زۆربەی جاریش بۆ دڵخۆشكردنی هەڤاڵانم و بەسەربردنی شەوانی زستان ئەم كارە دەكەم و وەك دیاری پێشكەشی هاوڕێیانم دەكەم، هەندێكجاریش هەبووە بۆ فرۆشتن بەڵام زۆر كەم هەوڵمداوە كار بكەم بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەك لەبەردەم كاركردنمدا، چونكە كەسێك یان سەرچاوەیەك بە فەرمی داوایان نەكردووە كاریان بۆ بكەم و ئامادەیان بكەم، گەر لایەنێك یان كڕیارێكی زۆرم هەبێت دەتوانم وەك كارگەیەكی دەستی بچووك كاری باشیان بۆ بكەم، بەرهەمی باشمان هەبێت بە شێوەی جیاجیا و زۆر جوان وسەرنجراكێش لە داری جۆراوجۆر بە جوانترین شێوە بەرهەمی بهێنم".

 

زۆرترین بینراو