باشوور لە نێو بەرداشی توركیا و پەكەكە

ئیسماعیل ئیبراهیم

 

ئیسماعیل ئیبراهیم

هەفتەی رابردوو بۆ جارێكی دیكە فڕۆكە شەڕوانەكانی توركیا لە ناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان، خەڵكی سڤیل و بێ تاوانیان كردە ئامانج و چەندین شەهید و برینداری لێكەوتەوە، ئەم كارە قێزەونەی توركیا پێویستە لای هەموو تاكێكی كوردستانی شەرمەزار بكرێت و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش لۆبی بۆ رێكبخرێت و سەركۆنەی ئەم رەفتارە نامرۆڤانەیە بكرێت كە لە ئاستی خەڵكی سڤیل ئەنجامی دەدات. ئەو كارەی توركیا جگە لەوەی بەزاندنی سەروەری خاكی وەڵاتێكی دیكەیە لە هەمانكاتیشدا كردەوەیەكی تا سەر موخ نامرۆڤانەیە كە زوو زوو لە ئاست خەڵكی سڤیل ئەنجامی دەدات.
تا ئێرە هەر چی لە دژی توركیای داگیركەر بگووترێت هەر كەمە و پێویستە بە توندتریش سەركۆنەی بكرێت و سنوور بۆ ئەو دەست درێژییەی دابندرێت.
بەڵام پرسیارێكیش هەیە پێویستە وەڵامی بدرێتەوە، هۆكاری ئەو كارە قێزەونەی هێزە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان چییە؟
ئایا هێزەكانی توركیا هەر لە خۆڕا ئەو كارە نامرۆڤانەیە ئەنجام دەدەن؟
بێ گومان نەخێر، رەفتارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) لە باشووری كوردستان و بوونی بنكە و بارەگاكانیان و ئاراستە كردنی هێزەكانی گەریلا لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان هۆكاری هاتنی ئەو هێزەی توركیان.
پەكەكە لە چەندین ساڵی رابردووە تا بە ئەمڕۆش دەگات، تەواوی هەنگاوەكانی بەزیانی نەتەوەیی كورد گەڕاوەتەوە وەك ئەوەی حكومەتی توركیا چۆنی بووێت ئەوان وادەكەن.
بە هۆی سیاسەتی ناتەندروستی پەكەكە، سەدان گوند و شاڕۆكەی باكووری كوردستان وێران بوون و زیاتر لە ملیۆنێك كەس ئاوارە كران، رێژەی بێكاری لە باكووری كوردستان بە هۆی سیاسەتی هەڵەی پەكەكە لە سەرووی 70%یە، هەزاران كارگە و هەڵی كار كردن لە كیس چوون، زیانی ملیاردها دۆلار بەر ئابووری باكووری كوردستان كەوت، زیاتر لە 600 گوندی باشووری كوردستان بە هۆی ئەوانەوەی چۆڵە و كەس ناوێرێت بچێتە سەر رەز و باخەكانیان، بازگە لە ناو باشووری كوردستان دادەنین و سەرانە و پارە لە خەڵك دەستێنن، باج لەسەر جوتیاران و هەنگەوانان و ئاژەڵداران دادەنن و ئەوەی باج نەدا رووبەرووی سزای دەكەنەوە، مێر منداڵەكانی باشوور رادەكێشنە نێو رێكخراوەكەیان و وەك ئامرازێك بەكاریان دەهێنن، تا ئەو رۆژەی لە ژێر بەردێك و ناو دۆڵ و دەوەنێكەوە گیان لەدەست دەدەن، ئامادە نین نیشانی كەس وكاریشیان بدەنەوە.
پەكەكە وایكرد نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی توركیا نەتوانن رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێرن، لە لایەك هۆتافی پڕۆسەی ئاشتی لێدەدەن و لەو لاشەوە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی توركیا، پڕۆسەی ئاشتی كە زۆری نەمابوو سەر بگرێت و كار گەیشتبووە ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت، كەچی بە كردەوەی سەربازی پڕۆسەكەیان لەبار برد.
هێزەكانیان لەو گوندانە نزیك كردۆتەوە كە هاووڵاتیی سڤیلی لێیە، بە شەو لەوێ دەمێننەوە و بەرۆژیش خۆیان نیشانی هێزەكانی توركیا دەدەن كە لەو گوندانە بووین، بۆ رۆژی دواتر دەورووبەری ئەو گوندانە دەكرێنە ئامانجی فڕۆكە و هێزەكانی سەربازی و هاووڵاتی سڤیل بە منداڵ و بەساڵاچووەوە بە گیان باجەكەی دەدەن.
ئەوان تا ئێستاش ئامادە نیین دان بە حكومەتی هەرێم دابنێن و دەست لە هەموو كارەكانی ئەم حكومەتە كە تاكە هیوای نەتەوەی كوردە وەردەدەن و لە رێگەی گرووپەكانی سەر بە خۆیانەوە كێشەی بۆ دروست دەكەن.
ئاخر كاتێ بە ئازادی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەولێر بەرووی كونسوڵگەری توركیا بەرز دەكەیتەوەو لەو لاشەوە رێگە نادەی ئاڵای كوردستان لە باكوور و رۆژئاوا بەرز كرێتەوە، كاتێ داوای ئازادی كار سیاسی دەكەی لە باشوور و رێگەش نادەی لە خۆرئاوا و باكوور هیچ لایەنێك بوونی هەبێت، كاتێ پەرلاماری هێزەكانی رۆژهەڵات دەدەی و لێیان شەهید دەكەی. كاتی دەبییە هۆی شەهید بوون هاووڵاتی سڤیل و خاپوور كردنی گوندەكانمان كاتێ بە هۆی سیاسەتی هەڵەی تۆوە هێزی سەربازی داگیركەران پێگەی خۆیان لە نیشتمان بەهێز دەكەن، هەرگیز چاوەڕێ ئەوە مەبە بە قەد تۆزقاڵێك سۆزم بۆت هەبێت. لەبەر ئەوەی نە شۆرش كردن و نەسیاسەتیش بە سۆزداری ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە عەقڵێكی تەندروستی سەردەمیانە هەیە كە ئێستا پەكەكە خاڵییە لەو عەقڵە.

 

زۆرترین بینراو