با كوردستانمان بپارێزین

محەمەد هەسنانی

 

ئەم بارودۆخەو رەوشە خراپەی لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێراق هاتۆتە ئاراوە، كە لەئەنجامدا دەیان كوژراو و سەدان كەس لەم نێوانەدا بوونەتە قوربانی و بەر دەستڕێژی هێزە ئەمنییەكان كەوتوون، تا دێت رەوشەكەش بەرەو ئاڵۆزبوونە، هەریەكەو لای خۆشیان خوێندنەوەی جیاوازی هەیە بۆ ئەم خۆپیشاندانانە یەكێك دەڵیت دەستی ئێرانی لە پشتە ئەوەی تر دەڵێت دەستی ئەمریكاو ئیسڕائیلە یان دەستی حكومەتە عەڕەبیەكانی تێدایە هتد... كەچی بەبڕوای من ئەم بارودۆخە خراپە هەموو هەڵەی ئەم ئاڵۆزی و بێسەرو بەریەی سیاسەت و هەڵە چەوتەكانی سەركردەكانی عێراقە، كە ململانێی و دژایەتی كردنی ئەم و ئەو تایفە گەری وایكردووە كە ساڵ دوای ساڵ ئەزموونی ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر ببات.
بێگومان هەر ئاڵۆزیەكیش لە حكومەتی عێراق رووبدات راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان، چونكە تائێستا چارەنووسی هەرێمەكەمان بەم عێراقە بێسەرو بەرە بەستراوەتەوەو دەبێت بەپێی دەستور لە چوارچێوەی عێراق دابین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركە سەركردەكانی حیزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەم جۆرە كاتانەدا بەرژەوەندییەكانیان بەلاوە بنێن و زیاتر خەڵكی هەرێمی كوردستانیان لەبەرچاو بێت ئایا چۆن بتوانرێت، ئەم ئاڵۆزیانەی عێراق نەگوازرێنەوە بۆ هەرێمەكەمان وڵات و خەڵكەكەمان پارێزراوبێت و دەستی دەرەكی نەتوانێت كاریگەریمان لەسەر دروست بكات.
بینینی ئەم دیمەنانەو وێرانكاریانەی لە عێراق سەریان هەڵداوە، خەریكە ئەم كەسانەش بگێنێتە باوەڕێك كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی گەلی كوردستان، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی، لەجێی خۆیی بووەو جیابوونەوەی كورد لە عێراق لەبەرژەوەندی گەلەكەمانەوەیە، چونكە بەدرێژایی مێژوو جگەلە وێرانكاری و یەكتر چەوساندنەوە و كوشتن و كوشتنكاری هیچ پێشكەوتنێك لە عێراق نابینرێت و بەدی ناكرێت، تادێت گروپە تیرۆرستەكانیش لەم وڵاتە سەر هەڵدەدەن، خەریكە داعش دێتەوە مەیدان خەڵكی بێتاوان سەر دەبڕدرێت، هەروەك پێشبینی هاتنی گروپێكی دیكەی تیرۆرستی دەكرێت.
ئەوەی لە هەمووی گرینگتر بۆ هەرێمی كوردستان لەم كات و ساتەدا پێویستە سنوورەكان توندوتۆڵتر بكرێن، پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان هەردەم لە ئامادە باشیدابن، بە گیانێكی برایانە هەرێمەكەمان لە پیلانی دوژمنان بپارێزن، تەنانەت دوژمنانی هەرێمی كوردستان لە هەموو روێكەوە پلان و بەرنامەیان هەبووە بۆ تێكدانی ئەم ئەمن و ئاسایشەی وڵات، بە هەوڵی هێنانە ناوەی ماددەی هۆشبەرو كەسانی خراپە كارو چەندین دیاردەی دیكەی قیزەون، بەڵام خۆشبەختانە بە چاوكراوەیی و شەو نخوونی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان، توانراوە رێگریان لێبكرێت و پلانەكان پوچەڵ بكرێنەوە.
ئەركە هەموومان بۆ پاراستنی وڵات خۆمان بە بەرپرس بزانین، نەهێڵین ئەم ئەمن و ئاسایشەی كە هەمانە لەدەستمان بڕوات و دۆخی هەرێمەكەمان بەرەو وێرانكاری بچێت، راستە كەم و كۆڕی و نادات پەروەریش هەیە، بەڵام پرسی گەورەتر لە ئارادایە كە كاری لەسەر بكرێت، رۆژانە سنوورەكانمان بە بیانووی جیاجیا بۆردومان و تۆپباران دەكرێن، خەڵكی كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان رووبەڕووی هەڕەشەو كوشتن و ماڵوێرانی دەبنەوە، بۆیە ئەركە خەڵكی كوردستان ئارام لەسەر هەموو شتەكان بگرێت و بەتێپەڕبوونی كات بەم مەرجەی كورد ماڵی خۆی كۆبكاتەوە و یەك دەنگ بێت دەگەین بە هیواو ئاوات و خواستەكانمان، ئەوەی لە هەمووش زیاتر شانازی پێوەدەكەین ئەم ئەمن و ئاسایشەیە كە لە هەرێمەكەمان بوونی هەیەو خەڵك لە پاراستنی سەرو ماڵ و گیانی خۆیان دڵنیاییە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو