بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران گرفتی پێداویستی پزیشكی هەیە

بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران گرفتی پێداویستی پزیشكی هەیە

زاری كرمانجی-حاجی ئۆمەران: دوای وەستانی پڕۆژەی دروستكردنی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە، بینایەی بنكەكە تەواو كرا و ئێستا كارمەندانی ئەم بنكەیە لە بینایەی نوێ پێشوازی لە نەخۆشەكان دەكەن، بەڵام وەك هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە دەڵێن، نەخۆشخانەكە لەڕووی ئامێری پزیشكییەوە كەموكوڕی هەیە.


عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانە بوون كە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوو ساڵ بەر لە ئێستا رەزامەندی لەسەر دان بۆ ناوچەكە و بڕی 286 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكرا، بەڵام دواتر بەهۆكاری قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاركردن لە پڕۆژەكە وەستا، بەڵام خۆشبەختانە دوو مانگ پێش ئێستا بە هەوڵی ماندووبوونی هەموو لایەك تواندرا تەواوكاری بودجەكە بۆ پڕۆژەكە تەرخان بكرێت و ئێستا بینایەكە تەواو كراوە و چەند هەفتەیەكە پزیشك و كارمەندانی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران لە بینایەی نوێ پێشوازی لە نەخۆشەكان دەكەن.


سەبارەت بە كەموكوڕی و دابین نەكردنی ئامێری پێویستی تەندروستی لە بنكەكە، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: خۆی دابینكردنی ئامێری پزیشكی و تەندروستی لەگەڵ پڕۆژەكەدایە و تا ئێستا بۆی دابین نەكراوە، ئەوەی ئێستا هەیە ئەو كەلوپەلانەن كە پێشتر بنكەكە هەیبوو، لەگەڵ ئەوەش بە سوپاسەوە لەلایەن هەندێك لە رێكخراو و دەزگاكانی ناوچەكە كۆمەڵێك پێداویستیمان بۆ نەخۆشخانەكە دابینكردووە، بەڵام بۆ تەواوی ئامێرە تەندروستییەكان چاوەڕێین رەزامەندی بدرێت لەسەر ئەو دەرخستەیەی بۆ وەزارەتی تەندروستیمان ناردووە كە كۆمەڵێك پێداویستی گرنگ لە خۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پزیشكی تایبەت بۆ سنوورەكەشمان دەنێردرێت.


سەبارەت بەو گرفتانەی لەرووی تەندروستییەوە لە بنكەكە هەن و پێویستە زوو چارەسەر بكرێن، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەدا: تەنها ئەوەی زۆر گرنگە و بووەتە كێشە بۆمان، گرفتی سۆنەر و تیشكە، كە بۆ سنووری حاجی ئۆمەران زۆر پێویستە، چونكە سنووری حاجی ئۆمەران لەگەڵ ئەوەی رێژەی دانیشتووانی زۆرە، سنوورێكی بەرفراوانیشی هەیە و سنوورێكی نێودەوڵەتی هەیە و ساڵانە جوتیار و ئاژەڵدار و گەشتیارێكی زۆر روو لەم ناوچەیە دەكات، بێگومان لەكاتی نەخۆشكەوتن و روودانی هەر رووداوێكیش ئەم هاووڵاتییانە روو لەم بنكە تەندروستییە دەكەن.

زۆرترین بینراو