بنیاتنانی مرۆڤ، بنیاتنانی نیشتمانە

بكر كریم حسن

بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەرماستەر لە كارگێری پەروەردەیی

لە زۆربەی هەرە زۆری ووڵاتانی جیهان بابەتی ڕەوشت گرنگی پێ دەدرێ لە قۆناغەكانی خوێندن

بەهێزی و پێشكەوتنی وڵاتان لەوەیە تا چەند وەربەرهێنانیان لە مرۆڤ كردووە
هەروەكو دەڵێن" مرۆڤ دروست بووە بۆ ئەوەی كار بكات و داهێنان بكات، هەروەكو چۆن چۆلەكە دروست بووە بۆ ئەوەی بفڕێت".
بێگومان مرۆڤ لە دروست بوونییەوە و بەدیاری كراوی لە رۆژەكانی چوونی بۆ قوتابخانە لە هەوڵی فێربوون و پەروەردەكردن و كاركردن دایە، واتە رۆژ دوای رۆژ هەنگاوەكان زیاتر دەبن بۆ پەروەردەكردنی و كاركردن، بۆیە ئەو مرۆڤانەی كاردەكەن لە هەوڵی بنیاتنانی مرۆڤـــی ترن یان لە هەوڵی بنیاتنانی وڵاتەكەیانن واتە بنیاتنانی مرۆڤـــ و كاركردنی مرۆڤ بە دڵسۆزی و بەردەوامی ئەگەر چاودێری هەبێت یان چاودێری نەبێت، واتە ئەنجامدانی هەر كارێك بە رێگای نایاب و تەندروست بەشێكە لە بنیاتنان كە لە بنچینەدا دەگەرێتەوە بۆ ڕەوشت و دڵسۆزی كەسەكان، هەر بۆ بە بیر هاتنەوە هاوكێشەی خوارزمی زانای بیركاری گرنگە كاتێ لە خوارزمی زانای بەناوبانگی بیركارییان پرسی لە نرخی مرۆڤ؟ لە وەڵامدا گوتی" ئەگەر مرۆڤ ڕەوشتی هەبوو یەكسانە بە (1) وە ئەگەر جوانیش بوو ئەوا سفرێك زیاد بكە بۆ یەك دەبێتە (10)، وە ئەگەر دەوڵەمەندیش بوو ئەوا سفرێكی تر زیاد بكە دەبێتە (100)، وە ئەگەر پێگە و پلەشی هەبوو ئەوا سفرێكی تری بۆ زیاد بكە دەبێتە (1000)، وە ئەگەر ژمارەی(1)ت بزر كرد كە ڕەوشتە هەموو شتێ دەڕوات و نرخی راستەقینەكەی نامێنێ‌ تەنها سفرەكان دەمێنەوە كە لە راستی دا ناكاتە شتێك.
بۆیە رەوشت بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە چ لە خێزان كە دروستكەری ڕەوشتە و خاڵی دەستپێكە چ لە پەروەردەدا لە قۆناغی سەرەتایی و بنەڕەتی گرنگە قوتابی پەروەردە بكرێت لە سەر بنەماكانی ڕەوشت كە خاڵی گرنگە بۆ بنیاتنانی مرۆڤـــ كە لە زۆربەی هەرە زۆری ووڵاتانی جیهان بابەتی ڕەوشت گرنگی پێ دەدرێ لە قۆناغەكانی خوێندن.
هەروەكو دەبینین بە هێزی و پێشكەوتنی وڵاتان لە زۆری چەك و سوپای زۆر نییە هەروەها لە پارەی زۆر و یەدەگی سامانی سروشتی نییە، بەڵكو بەهێزی و پێشكەوتنی وڵاتان لەوەیە تا چەند وەربەرهێنانیان لە مرۆڤ كردووە، وڵاتە پێشكەوتووەكان ئەوانەن توانیویانە مرۆڤ بنیات بنێن، چونكە گرنگیدان بە بنیاتنانی مرۆڤـــ وەبەرهێنانییەتی، ئەگەر هەوڵماندا وەبەرهێنان ئەنجام بدەین بە ملیارەها، بەڵام گرنگیمان بە بنیاتنانی مرۆڤـــ نەدا ئەوا یەك هەڵەی بچووك كە لە مرۆڤ رووبدات كە باش ئامادە نەكرابێت و شیاو نەبێت بۆ كارەكەی دەبێتە هۆی زەرەوزیانێكی زۆر كە هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆیە گەر هەوڵماندا هەموو شتێ‌ دروست بكەین بنیات بنێن بەبێ بنیاتنانی مرۆڤـــ ئەوا هەرگیز سەركەوتوو نابین لە دروست كردن و بنیاتنان و مرۆڤـــیش بەختەوەر نابێت.
بۆیە بەرهەمی بنیاتنانی مرۆڤـــ هەردەم دوو هێندەیە و لە زۆر بوار دا تەنها لە یەك لایەن نا، بەڵكو بەرهەمی باش زۆر دەبێت, هاوكاری و یارمەتی یەكتر زیاتر دەبێت كۆمەڵگە زیندووتر و وشیارتر دەبێت و نیشتمانیش بەهێز دەبێت، بۆیە هەردەم پەیوەندیەكە پەیوەندی راستەوانەیە مرۆڤ بنیات بنێن نیشتمان بنیات دەنرێت، مرۆڤ بنیات نەنرێت نیشتمان بنیات نانرێت، بۆیە بنیاتنانی مرۆڤـــ،بنیاتنانی نیشتمانێكی بەهێزە بە رۆڵەكانی.

زۆرترین بینراو