بچووكردنەوەی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی سۆران نیگەرانی شەقامی لێدەكەوێتەوە

بچووكردنەوەی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی سۆران نیگەرانی شەقامی لێدەكەوێتەوە

بەدواداچوون-محەمەد هەسنانی: سەرەڕایی دوورە دەستی شارو شارۆچكەكانی دەڤەری سۆران، لەبری كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، كەچی بەشێك لە فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان بچووك كراونەتەوە، ئەوەش هاووڵاتییانی دەڤەرەكەی نیگەران كردووەو دەبێت بۆ رایی كردنی ئیش و كارەكانیان سەردانی شاری هەولێر بكەن.
ئیحسان سەید كەریم، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت " هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون، كە هەندێ لە فەرمانگەكانی سنوورەكە، دەستەڵاتی زیاتریان پێبدرێت و ببن بە بەڕێوبەرایەتی گشتی، بۆ كار ئاسانی و ڕایی كردنی ئیش و كارەكانی هاووڵاتییانی دەڤەرەكە، كەچی بەپێچەوانەوە چەند ساڵێكە خەریكە وردە وردە فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنوورەكە بچووك دەكرێنەوە، بۆ ئاستی فەرمانگە و نووسینگەو بەش، ئەمەش كاریگەری باشی نابێت بۆ خەڵكی شارو شارۆچكەكانی دەڤەرەكە، بە بڕوایی منەوە بەرپرسە ئیدارییەكانی دەڤەرەكە لەم رووەوە كەمتەرخەمن و پێویستە ئەم پرسە بە هەند وەربگرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت، لە بری بچوكردنەوەی فەرمانگەكان دەستەڵاتی زیاتریان پێبدرێت و بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بكرێن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی".
یوسف عومەر، بەرپرسی رۆشنبیری هونەری سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند " دەبوایە تایبەتمەندی زیاتر بە شارو شارۆچكەكانی دەڤەری سۆران بدرێت، بەتایبەتیش لە رووی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و فراوان كردنی دەستەڵاتەكان، كەچی بە پێچەوانەوە لەبری ئەوە هەندێ‌ لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان بچووككراونەتەوە، بۆ نموونە ئێمە لەسەرەتاوە بەڕێوەبەرایەتی بووین، كەچی بە جۆرێك بچووكراوینەتەوە ئێستا خەریكە بووینەتە بەشی رۆشنبیری هونەری سۆران، ئەمەش وایكردووە خەڵكی دەڤەرەكە بۆ مۆڵەتێكی بچووك بە كردنەوەی شوێنێك سەردانی پارێزگای هەولێر بكەن، هەروەها بچوككردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هۆكارێك بووە كە نەتووانین وەك پێویست چالاكی رۆشنبیری ئەنجام بدەین، بۆ ئەو مەبەستە كێشەو گرفتەكانی خۆمان بەرزكردۆتەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێداوین كە جارێكی دیكە بكرێنەوە بەڕێوەبەرایەتی و لە چاوەڕوانی داین".
سەوری بێڕۆخی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند " بەهۆی دوورە دەستی شارو شارۆچكەكانی دەڤەری سۆران لە سەنتەری پارێزگای هەولێر، دەكرا زیاتر فەرمانگەكانی ناوچەكە بەرفراوان بكرێن و بكرێن بە بەڕێوەبەرایەتی، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە سنوورەكە كارەكانی هاووڵاتییان رایی بكرێن، بەڵام زیاتر هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە كە دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە زۆربەی شوێنەكان فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان بچوككرانەوە، دیارە دەڤەری سۆرانیش لێی بێبەش نەبووە".
گووتیشی " دەكرێت لە ئێستادا لە رێگەی پەرلەمانتارانەكانەوە ئەو داواكارییە ئاراستەی وەزارەتەكان بكرێت، بۆ ئەوەی كار لەسەر فراوان كردن و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكرێت، چونكە دەستەڵاتی ئێمە وەك ئەندامانی پارێزگا سنووردارەو پەیوەندیمان زیاتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانەوە هەیە، بەپێی یاسا وەزارەتەكان پەیوەست نین بە ئێمە، بەڵام سەڕایی ئەمەش بەداواداچوون بۆ ئەم پرسە دەكەین و فراوان كردن و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بە مافێكی رەوای خەڵكە دەزانین".
لەلای خۆیەوە وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەفڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەزاری كرمانجی راگەیاند " قەزای سۆران دەڤەرێكی بەرفراوانەوە سنووری هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) لەخۆدەگرێت، ناوەندێكی گرینگیشە لە رووی ئابووری و دەروازە سنوورییەكان، هەروەها رێژەی دانیشتووانیشی رۆژ بە رۆژ لە زیادببوندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ رایكردنی ئیش و كاری هاووڵاتییان، شوێنەكە دوورە دەستە تا سەردانی شاری هەولێر دەكەن بۆیان ئاستەم دەبێت، بۆیە بچوككردنەوەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنوورەكە، راستەوخۆ كاریگەریان دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی ئیش و كاری رۆژانەی هاووڵاتییان، لەبری ئەوە پێویست بوو سەرجەم فەرمانگەكانی ناوچەكە بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی، یاخود دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیان پێ بدرێت تا ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان دروست ببێت نەك بچوك بكرێنەوە".
گووتیشی " بۆ ئەم مەبەستە لەبەداواداچوونەكانمان بەردەوامین تا ئەم گرفتانە بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتەكان رابگەێنین، بۆ ئەوەی لەبری بچوككردنەوەی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان، لەمەودوا بكرێن بە گشتی و تا زۆربەی كارەكانی هاووڵاتییان لە سۆران رایی بكرێن و ئاستەنگیان لەبەردەم دروست نەبێت، هەروەك كاریشمان لەسەر ئەوە كردەوەو بەردەوامیشین كە سۆران بكرێت، بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەوكات دەتوانرێ سەرجەم كارەكانی هاووڵاتییانی هەریەك لەسۆران و چۆمان و مێرگەسۆر و روندز، لەبری شاری هەولێر، لە سۆران جێبەجێ‌ بكرێن".
حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەفڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت " وەك پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنەكەمان، پرسی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانمان لەدەڤەری سۆران لەبەرچاو گرتووەو بە گرینگیشی دەزانین، چونكە ئاسان نییە كەسێك بتوانێت بۆ رایی كردنی ئیش و كارێك ناچاربێت سەردانی پارێزگای هەولێر بكات، لەسەرەتاوە كارمان لەسەر كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەیی سۆران كردووە، چونكە پێویستیەكی هەرە گرینگە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەرچوار پەروەردەكانی دەڤەرەكە بكات و ببێتە كارئاسانیش بۆ ئەو قوتابیانەی دەرەكی پۆلی شەشی ئامادەیی كە لەبری هەولێر بتوانن لەسۆران تاقیكردنەوەكانیان ئەنجام بدەن، هەروەها دەتوانرێت چەندین كار ئاسانی دیكە لە رووی پەروەردەیەوە لەسنوورەكە ئەنجام بدرێت، لەبەرنامەشماندایە بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەكانی هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز، چۆمان) دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین پێشنیارو هەڵوێستی ئەوانیش چۆنە لەسەر ئەم بابەتە".
دەشڵێت " بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەش بە هەمان شێوە هەوڵەكانمان بەردەوامەو لە پلان و بەرنامەماندایە سەردانی وەزارەتەكان بكەین و بانگێشتی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی هەولێریش بكەین، بۆ ئەوەی لەكام رووە پێویست بێت بەڕێوەبەرایەتییەك لە سۆران بكرێتە گشتی كاری جددی لەسەر بكەین و بە مافێكی رەوای خەڵكی دەڤەرەكەی دەزانین.

 

 

زۆرترین بینراو