بڕیاری بوونە هەمیشەیی هەموو فەرمانبەرانی پەروەردەی نەگرتۆتەوە

بڕیاری بوونە هەمیشەیی هەموو فەرمانبەرانی پەروەردەی نەگرتۆتەوە

رۆژی چوار شەممە ، 6-11-2019 بە فرمانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری بەهەمیشەیی كردنی مامۆستایانی گرێبەستی راگەیاندرا، ئەم بڕیارە بووە ماییەی دڵخۆشی مامۆستایانی گرێبەست كەچەند ساڵێكە داوادەكەن بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی و بۆئەمەش چەندین جار داواكاریان پێشكەشكردوەو چەند جارێكیش بۆ بوونە هەمیشەیان گردبوونەوەیان سازكردوە ، ئەوەی بۆتە ماییەی نیگەرانی فەرمانبەرانی گرێبەستی دیوانی پەروەردەكان و بەشێك لەو فەرمانبەرانەیە كە لەدەرەوەی دیوانی پەروەردەكان كارەكان ئەنجام دەدەن،ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەیانەوێت لەرێگای زاری كرمانجیەوە دەنگیان بگاتە وەزیری پەروەردەو ئاوڕێكیش لەوان بدرێتەوە و جیاوازیان پێ‌ نەكرێت لەگەڵ مامۆستایان ، وەك خۆیان دەڵێن چەندین ساڵە لەخۆبردوانە كارەكانیان ئەنجام داوە ، زاری كرمانجی لەڕاپۆرتێكدا گلەیی ئەو فەرمانبەرانە دەگێنێتە لایەنی پەیوەندیدار .
راپۆرت : مخەممەد مەحموود
لە سەرەتادا فەرمانبەرێك كە ئەم بڕیارەی نەگرتۆتەوە بۆئەوەی بكرێتە فەرمانبەری هەمیشەیی بۆ وەزیری پەروەردە دەڵێت"بەڕێز دكتۆر ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردە، من مەبەست جەمال حوسێن، فەرمانبەرم لە دیوانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز ، لێپرسراوی نووسینگەی بەڕێوەبەرم بە ناونیشانی (نووسەر) بۆ ماوەی (10) ساڵە لە دیوانی پەروەردە خزمەت ئەكەم،وەك وێنەگرو ڕاگەیاندكار و شوفێرو خزمەتگووزار بێ گوێ دانە ماندو بوون،لەپێناو سەر خستنی پرۆسەی پەروەردەو فێر كردن لە قەزا ڕواندز، ئێمە جاروبار تا درەنگانی شەو كارمان كردوە بۆ ئەوەی كارەكانی مامۆستایان و هاووڵاتیان ڕای بكەین مافێكی یاسایی و ڕەوای خۆمانە بكرێین بە فەرمانبەری هەمیشەیی، لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە بەڵێنی ئەوەمان پێ دراوە پاش سێ ساڵ خزمەتكردن ببین بە هەمیشەیی بەڵام تاكو ئێستا نەكراوین بە فەرمانبەری هەمیشەیی.
مووچەی فەرمانبەری گرێبەست زۆرترینی (350000) سێ‌ سەدو پەنجا هەزارەو كەمترین مووچەش (250000) دووسەدو پەنجا هەزار تێپەر ناكات، بێ ئەوەی هیچ مافێكی تر پێمان بدرێت، بەڵام ئێمە مافی زیاترمان بەسەر مامۆستایانی گرێبەست هەیە چونكە پێش ئەوان ئێمە دامەزراوین خزمەت ئەكەین هەم بە مامۆستایان هەم بە قوتابییان ، ئێمە لە رووی یاساو ڕێنمایەكانی وەزارەتی دارایی هەموو مافێكی فەرمانبەری هەمیشەییمان هەیە، بەڵام داوای هەر كارێك بكەین دەڵێن ئێوە ناتان گرێتەوە چونكە گرێبەستن نازانم بۆ؟
بۆیە لە ڕێگەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیەوە، داواكارین لە بەڕێزتانەو بە جدی كار بكەن بۆ ئەوەی ئێمەش بكرێن بە فەرمانبەری هەمیشەیی بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بكەین لە كۆتایدا بە دەنگ داواكاریمان بێن.
كاڵێ‌ فەرهاد یەكێكی تر بوو لەو فەرمانبەرە گرێبەستانەوە بۆمان دواو گووتی " من بۆماوەی دەساڵە لەناو دیوانی پەروەردەی رواندز كاردەكەم و كچە شەهیدیشم و خاوەن بڕوانامەی دبلۆم لەبەشی دیزاین لەزانستەكانی كۆمپیوتەرو هیچم بۆنەكراوە و بڕوانامەكەشم بۆ نەبەستراوە چونكە گرێبەستم ، لەئێستادا كە بڕیاری هەمیشەیی بوون بۆمامۆستایانی گرێبەست دەرچووە بەڵام ئەم بڕیارە نایەكسانی تێدایە لەبەر ئەوەی ئێمە لەماوەیی یاسایی خۆی زیاتریش خزمەتمان كردوە ، كەچی ئەو بڕیارە ئێمەی نەگرتۆتەوە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دوومنداڵم و زۆر پێویستیم بەوەیە بكرێمە هەمیشەیی .
كەنار كەریم باپیر ئەویش دەساڵە وەك فەرمانبەری گرێبەست دامەزراوەو لەكارەكەی بەردەوامە ، لەبەرامبەردا كەنار دەڵێت" بەردەوام لەخزمەتم كارەكەم دابوومە لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتیش بوومە ، بۆیە داوادەكەم ئێمەش بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی چونكە پەروەردەكەمان پێویستی بەئێمە هەیە و خۆشم وەك بەرپرسی یەكێك لەبەشەكانی پەروەردەی رواندز كاردەكەم و دەخوازم دەنگم بگاتە وەزیری پەروەردە.
قانیعەش وەك فەرمانبەرێكی گرێبەست كە ئەم بڕیارە نیگەرانی كردووە بۆزاری كرمانجی گووتی " من بۆماوەی دەساڵ دەبێت لە بەشی ژمێریاری پەروەردەی رواندز خزمەت دەكەم ، منیش مافی خۆمە بكرێمە فەرمانبەری هەمیشەیی، من خاوەن بڕوانامەی پەیمانگەی تەكنیكیشم كەچی بڕوانامەكەم بۆنابەسترێت پێمان دەڵێن ئێوە هەمیشەینین و گرێبەستن ، باشە ئێمەش مافی خۆمان نییە بۆدەوامكردن و خزمەتكردن هیچ جیاوازیمان نییە و هەمان مامەڵەی فارمانبەری هەمیشەیمان لەگەڵ دەكرێت كەچی بۆهەندێ‌ كاری تر پێمان دەڵێن ئێوە گرێبەستن .
بەپێی بەدوواداچوونێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجی، سەرجەم فەرمانبەرانی گڕێیەست لە سنوری پەروەردەی ڕواندز(19) فەرمانبەرە لەوانەش (8) یان لە دیوانی پەروەردە دەوام دەكەن (11)یان لە قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەی ڕواندز دەوام دەكەن.

بیروڕا

زۆرترین بینراو