بۆچوونی چینوتوێژەكان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

بۆچوونی چینوتوێژەكان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

موڕشید برادۆستی – سۆران : چینوتوێژەكانی كوردستان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان دەخەنەڕوو .
رۆژی سێشەممە 28 – 5 – 2019 پەڕلەمانی كوردستان لە كۆی 81 ئەندامی ئامادەبوو، 68 ئەندام دەنگیان بە نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی دا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فڕاكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئامادەی دانیشتنەكەی پەڕلەمان نەبوو . ئەندامێكی پەڕڵەمانی كوردستانیش دەڵێت " نێوەڕاستی مانگی داهاتوو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات .
هێمن شێخ زادە گەنجێكی دانیشتووی قەزای سۆرانە بۆ زاری كرمانجی گووتی "هەلبژاردنی كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بیرفراوانی و كارێزمای كەسایەتیەكی سیاسی نیشتیمانییە كە پارێزەری خاك و گەلە بۆ سەربەخۆی و مافەكانی گەلی كوردو كوردستانیان و سەروەری یاسا، لەكاتێكدا كە هەرێمی كوردستان لە لێواری كەوتن دابوو لەسێكتەرەكانی ئابوری و دیبلۆماسی رۆڵی كاریگەری هەبووە لە هەڵسانەوەی پێگەی هەرێم لەرابردوودا لەگشت سێكتەرەكان بەتایبەت پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان و كەرتی ئابووری .
بەگووتەی هێمن شێخ زادە، نێچیرڤان بارزانی سەلماندووەیەتی بۆ كۆمەلگای كوردی و جیهانی كەسێكی لێهاتوو سەركەوتووە لەئاستی هەرێمی و نێودەولەتی، لەم روانگەیەشەوە وەك بەربژێری پارتی و سەرۆك بارزانی بەپشتیوانی بەشێك لەحیزبەكانی تری هەرێمی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی دیاری كرا و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەلبژێردرا.
گووتیشی " روئیایی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە ئاشتەوایی نێوماڵی كوردی كەسایەتییەكی بێوێنەیە توانای كۆكردنەوەی گشت دەنگ و رەنگەكانی هەیە و هێزێكی كاریگەرە لەنێوان پەیوەندیەكانی هەولێرو بەغداد هەمیشە بەفریادڕەسی كێشەكانی هەرێم و ناوەند ناسراوە، لەبەرپرسیارەتی رایناكات لەخۆشی و ناخۆشی لەگەل گەل بووە، كارێزماو سەركردەیەكی پراكتیڤە لەپەیوەندییە دیبلۆماسیەكان و ئیرادەی ئیجابی بەهێزی هەیە لەناوخۆیی عێراق و جیهان دا هەموو خالە جەوهەریەكانی بۆ سەرۆكاتیەتی كردنی هەرێمی كوردستانی لەخۆ گرتوە هەر بەو تموحە كورد پەروەرانەیەشەوە لەكەشێكی دیموكراسی بەپشتگیری حیزبە سیاسیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئەم شەرەفەی پێبەخشراو وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان متمانەی پێ بەخشرا .
هەكار زراری مامۆستای ئاینی لە بارەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بۆ زاری كرمانجی گووتی " بە درێژای تەمەنی خۆی نێچرڤان بارزانی لە نێو خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسیدا كاری كردووە و رۆڵی جەنابییان بە درێژای مێژوو جێگەی شانازی ملەتی كوردە، لەم چەند ساڵەی دووایشدا كوردستان كەوتە دۆخێكی ناخۆش و نالەباری پڕ لە قەیراناوی و شەڕی داعشیش سەربار، خەلكی كوردستان تەواو نائومێد ببوو بەڵام خۆشبەختانە جەنابییان لە بەرپرسیارەتی رای نەكردوو و توانی كوردستان بە ئازادی ئەمڕۆ بگەینێت و ئومێد بۆ خەلك و گەلی كوردستان بگەڕێنێتەوە.
زیاتر گووتی " دووای بەڕێوەبەردنی حكومەت، لەمەودووا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەست بەكار دەبێت، بەو پێیەی بەڕێزیان خاوەن ئەزموونی حكومڕانی و سیاسین و كەسێكی دبلۆماسی سەركەوتووە، لە نێوخۆی كوردستانیش كەسێكی خۆشەویستی هەموو هەلك و لایەنە سیاسیەكانە، دڵنیام لەو پۆستی نوێشی سەركەوتوو دەبێت و كەسێكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستان پێویستە.
ئەو مامۆستای ئاینیە روونیشی دەكاتەوە، ئەوانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتییان لەگەڵی كوردستان كرد، ئەمڕۆش لە پەڕڵەمانی كوردستان هەمان سیناریۆیان دووبارە كردەوە كە دەنگییان بە سەرۆكی هەرێم نەدا ، چونكە لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتی پارتی، یەكێتی و گۆڕان بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەسەر كاندید بوونی نێچیرڤان بارزانی رێكەوتبوون، بەداخەوە یەكێتی ئەمجارەش 16ی ئۆكتۆبەرێكی تری دووبارە كردەوە .
لەیلا عەبدولجەبار ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" رۆژی سێشەممە رێكەوتی 28 – 5 – 2019 لە دانیشتنی ژمارە 6ی ئاسایی خوولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمان بەپێی حوكمی ( 5 و 6 ) بڕگەی یەكەمی ماددەی ( 4) لە یاسایی ژمارە 1ی ساڵی 2019 یاسایی كاركاكردنەوەی دامەرزاوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان – عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەند كردنی دەستوور، لە كۆی 81 ئەندامی ئامادەبووی پەڕلەمان، 68 ئەندام دەنگیان نێچیرڤان بارزانیدا كە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا .
زیاتر گووتی " پێشتر دوو رێكەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتی كراوون، بەڵام ناكۆكی نێوان یەكێتی وای كردووە رێكەوتنەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكرێن، ئێمە لە فڕاكسیۆنی پارتی تا دووا ساتەكانی كۆبوونەوەی پەرڵەمان ئاگادار نەبووین لەوەی فڕاكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان ناكات .
ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكراشی دەكات " سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێم دەكەوێتە دووای جەژن و لە نێوەڕاستی مانگی شەش بە شێوەیەكی پڕۆتۆكۆڵی و لە رێورەسمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی مێوانان و كەسایەتییەكان لە سەر ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتیەكان نێچیرڤان بارزانی لە پەڕلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی دەخوات .
شایەنی باسە، جیا لە لایەنە سیاسیەكانی نێوخۆی كوردستان، هاوكات لە سەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەندین وڵاتی زلهێزی جیهان پیرۆزبای و دلخۆشی خۆیان بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان گەیاندووە و بە كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە وەسفیان كردووە .
ناسر هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی نویێنەرانی عێراق بە زاری كرمانجی گووت " هەڵبژادرنی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێتە سەركەوتنێكی دیكەی پرۆسەی سیاسی لە تەواوی پارچەكانی تری كوردستان و مایەی خێریشە بۆ عێراق و رۆژێكی مێژوویە، چونكە ئەزموونی ڕابردووی ئەوە دەسەلمێنی كە سەركردەیەكە فریادڕەسی رۆژە سەختەكان و كۆكەرەوەی بۆچوونە جیاوازەكانە، جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی لە ئەزموونی حوكومڕانیدا توانی كوردستان لە زۆر كێشە و گرفت رزگار بكات و هاوكاریش بووە بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ناوخۆی كوردستان، دڵنیاین لە داهاتوو دەرگای تری خێر دەكرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و كوردانی هەموو دونیا .
كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و ڕاسپاردنی بە جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی ئەزموونی كەڵەكەبووی سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسی و هێزی كەسایەتی ئەو لە ناوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان دەبێتە سەنگی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان...
زیاتر گووتی " ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی چەترێكە دەتوانێت یۆچوونە جیاوازەكان كۆ بكاتەوە و هەموان لەژێر سایەی دەمەزاوەی سەرۆكایەتی هەرێم ببنە هۆكاری خێر بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كە بەم نزیكانە حكومەت ڕادەسپێرێ و جەنابی كاك مەسرور بارزانی وەك پارێزەری ئارامی و ئاسایش لە كوردستان لە هەمان كاتدا سەركردەیەكی كامڵ و پڕ لە ئەزموونی حوكومڕانی ساڵانی ڕابردوو بە كابینەیەكی بە هێزەوە پاڵپشت بە سەرۆكی هەرێم داهاتویەكی گەشتر لێیان چاوەڕاوان دەكرێت ئەمەش پاڵپشت بە دەنگدەرو ئەو جەماوەرە دڵسۆزەی پارتی و لایەكانی تر كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بەهێزكردنی پایەكانی حوكوكڕانی لە كوردستان رێكەوتوون و سەركەوتنی زیاتریش چاوەڕوانیانە پیرۆزە سەركەوتنی ئیرادەی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان.

زۆرترین بینراو