بۆچی رێكخراوەكانی مافی ئافرەتان بێدەنگ دەبنەوە؟

بۆچی رێكخراوەكانی مافی ئافرەتان بێدەنگ دەبنەوە؟

ئا/ رۆژان قیاس
لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی ئافرەت هەن، كاری ئەم رێكخراوانە داكۆكی كردنە لە مافی چین و توێژەكان، بەڵام زۆرجار بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی یا لەرزۆكی رێكخراوەكان لەدەربڕینی هەڵوێست جێگەی رەخنە بووە، چاودێران كۆمەڵێك هۆكار بۆ ئەم دۆخەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەزانن و دەیخەنەروو.
ساوێن زوبێر، خاتونێكی دانیشتویی سۆرانە، كەم تا زۆر ئاگاداری كاری ئەو رێكخراوانەیە و لە بارەی كارەكانی ئەم رێكخراوانە بەم شێوەیە بۆمان دوا" بە بۆچوونی من، ئەگەر رێكخراوەكان پلان و كار و پڕۆژەی ڕێك و باشیان هەبێت، ولەسەر پەیڕەو و پرۆگرامەكانیان سووربن لە كاركردندا، بە دڵنیاییەوە دەتوانن ئەوە بكەن كە دەیانهەوێت، هەڵبەتە گەر ڕێگا بدەن! بەڵام لە هەر كەیسێك كە ناتوانن بەردەوام بن لەسەر داواكانیان، یاخود زۆرجار گەر داواكانیان بەدڵی دەسەڵات و كلتوور و ئایین نەبێت، كپ‌ و بێدەنگ دەكرێن. كەیسی كەم هەیە تا كۆتایی یەكلایی كرابنەوە، گەر یەكلاییش كرابنەوە بەوجۆرە نا، كە رێكخراوەكە دەیەوێت. ماوەیەك بەهەندێك بابەت خەریك دەبن، بە جۆرێك خەڵكی پێوە سەرقاڵ دەكەن، دوایی بابەتەكە بە مانای جددیەكەی، لەنێو هەرا و هۆریای خەڵك وون دەبێت، یان زۆرجار شكلێكی كۆمیدی وەردەگرێت، لەوێوە بابەتی دی سەر هەڵئەدەن، دوور لە بابەتە جددیەكە. رۆژانە چەندین قسەی نەشیاو و كاری نەشیاو بەرامبەر ئافرەتان دەكرێن، كە سنووری ئازادی و پیرۆزییەكانیان دەبەزێنن، بەڵام كوا ئەو كەیس و ڕووداوانەی رێكخراوەكان یەكلاییان كردۆتەوە؟!"
خاتوو ساوێن، لەبارەی لایەنگیری ئەو رێكخراوانە گووتی" رێكخراوەكان بێلایەنی خۆیان ناپارێزن، زۆربەیان سەر بە حیزب و لایەنێكی دیاریكراون، لە بەرژەواندی ئەو لایەنە كەیسەكان یەكلایی دەكەنەوە. پێویستە رێكخراوەكان، حكوومی یاخود ئەهلی، لە هەر كەیسێك بە زانستیانە و ژیرانە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی رێكخراوەكە، هەڵسەنگاندن بكەن لایەنە باش و خراپەكانی ببینن و یەكلایی بكەنەوە".
سەرگرد هەنارەیی، توێژەری كۆمەڵایەتییە لەبارەی رۆڵ و ئەركی رێكخراوە ناحكومیەكان گووتی" رێكخراوە ناحوكمیەكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكان دەوری سەرەكیان هەیە لە ئاراستە كردنی كۆمەڵگە، هەروەها كاریگەری زۆریان هەیە لەسەر دەوڵەت و پەڕلەمان و یاسای ووڵات، بەجۆرێك كە هەندێ جار بەهۆی ئەو رێكخراوە ناحوكمیانە یاسایەك هەموار دەكرێتەوە، یا یاسای نوێ دەردەچێ، لە وڵاتی خۆمان كەچی رێژەیەكی زۆر لەو رێكخراوانە بونیان هەیە، لە بواری جۆراو جۆر كاردەكەن، بەتایبەتی لە پرسە دینیەكان و پرسە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئەو كاریگەریەیان نیەو بەڵكو زۆر بێ دەسەڵاتن بە تایبەتی رێكخراوەكانی مافی ئەفرەتان، چەندین نموونەی وامان هەیە، كە پێشێڵكاری كراوە بەرامبەر ئافرەت و ئەم رێكخراوانە نەیانتوانیوە داكۆكی لە مافەكانی ئافرەت بكەن، و هەر زوو بێدەنگ دەبنەوە و ناتوانن تا كۆتایی سوربن لەسەر كەیسەكە، بە كورتی ئەدۆڕێنن، پێم وایە بێ دەسەڵاتی و كەمی كاریگەریان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك كە دەمەوێ لێرە بە چەند خالێك ڕوونی بكەمەوە:
1- رێكخراوە ناحوكمیە جیهانیەكان دروستبونیان لە پێویستی بووە بۆ دیاردەیەك، واتە لە ئەنجامی سەرهەڵدانی كێشەیەك یا دیاردەیەكی گرنگ و مەترسیدار، ئەو رێكخراوە دروست دەبێت و لەو بوارەدا رۆڵ و كاریگەری خۆی دروست دەكات، بەڵام لە كوردستان رێكخراوەكان هەموویان لەوەی ئەوان سەرچاوەیان گرتوە، یا بە شێوەیەك كۆپی رێكخراوە جیهانیەكانن و لێرە كۆپی كراون.
2- رێكخراوە جیهانیەكان لە وڵاتە پێشكەوتوەكان دورن لە هەموو دەسەڵاتێكی حیزبی و حوكمی و بەڵام لە كوردستانی خۆمان بە پێچەوانەوە هەموو رێكخراوێكی ئەم كوردستانە بە پالپشتی حیزب یان كەسایەتیەكی باڵادەست دروست بوونە.
3- رێكخراوە جیهانیەكان لە وڵاتە پێشكەوتوەكان خۆیان كاری خۆیان دەكەن و ئەنجومەنی خۆیان هەیە كە تەنها بڕیار لە خۆیان وەر دەگرن، واتە خۆیانن.
گەر ورد بینەوە لەو خالانەی سەرەوە بۆمان رون دەبێتەوە، ئەو رێكخراوانەی كە هەن لە كوردستان هەرگیز ناتوانن بەو شێوەیەی كە پێویستە بۆ كۆمەلگە، كاریگەرو بەهێز دەر بكەون، چونكە گەر رێكخراوەكان ئازاد و سەربەخۆ نەبن و بە پاڵپشتی لایەنێك دروست كرابن، ئەوا هەرگیز ناتوانن بێ رێنمای ئەوان یان پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی ئەوان كار بكەن، بەمەش هەر گیز ناتوانن ئەو كاریگەریەیان هەبێت بە سەر پرسە دینی و كۆمەڵایەتیەكان، هەروەها بەتایبەتی لە بواری دینی و عەشایەری، چونكە رێكخراوەكانی ئێمە كۆپی پێستی وڵاتە پێشكەوتوەكانن و كۆمەڵگەی ئێمە زۆر جیاوازی هەیە لەگەل كۆمەڵگەی ئەوان، بۆیە گەر هەر جارێك رووداوێكی نوێ لەكۆمەڵگە ڕوو دەدات، ئەوان هیچ ڕەچاوی كۆمەڵگەی كوردی ناكەن، ئەمەش وا دەكات نەتوانن كاریگەربن، چونكە وڵاتی ئێمە وڵاتێكی دینی و خێڵەكیە، هەروەها ئەو رێكخراوانە تەواو بە پێچەوانەی دین و كلتووری خێڵەكی كار دەكەن، جاری وا هەیە قسە لەسەر پرسە پیرۆزەكان دەكەن، ئەمەش وادەكات زۆرینەی كۆمەڵگە دژایەتیان بكات و ئەوانەی كە پاڵپشتی ئەو رێكخراوە دەكات، خۆی لێ بێبەری بكات و تەنیا جێیان بێلێت، دواتر ئەو رێكخراوانە بێ دەسەڵات ببنو كپ ببنەوە نەك كاریگەریان هەبێت، هەروەها لاوازیەكی تری ئەو رێكخراوانە كەمی خزمەتیانە، واتە ناچاڵاكن و ئەو چاڵاكیانەی كە ئەنجامی ئەدەن تەنها خۆ دەرخستنێكە و هیچیتر نیە".

" زۆربەیان بێلایەنی خۆیان ناپارێزن، سەر بە حیزب و لایەنێكی دیاریكراون لە بەرژەواندی ئەو لایەنە كەیسەكان یەكلایی دەكەنەوە"

زۆرترین بینراو