بۆچی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردن دەكرێت؟

بۆچی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردن دەكرێت؟

پارێزەر / پروشە قەلەندەر كەسنەزانی
ماستەر لە لێكۆڵینەوەی تاوان / بەریتانیا

كاتێ حاڵەتێكی مردن روودەدات ئەوا دەست بەجێ پێویستە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردنەكە بكرێت لەوانەیە پرسیار بكرێت لە كاتێكدا كەسە مردووەكە ژیانی بەجێهێشت ئیتر دەبێت سوودی چی بێت لێكۆڵینەوە لەهۆكارەكەی ؟ راستە خودی مردووەكە سوودی لێ وەرناگرێ و بەم لێكۆڵینەوەیە ناتوانرێت ژیان بۆ كەسەكە بگەڕێتەوە بەڵام لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردن لە پێناوی ژیانی تاكەكان و كۆمەڵگەدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین مردن بە گشتی لە چوار جۆر پێك دێت
1. مردنی سروشتی، ئەمەش ئەوەیە كاتێ مرۆڤ رۆح لە جەستەیدا نامێنێت و ئەندامەكانی لاشەی لە كاركردن دەكەوێت بەهۆكاری نەخۆشی بێت یا بێ هۆكار دیكە بەشێوەیەكی گشتی بەم جۆرە مردنە دەوترێت مردنی سروشتی.
2. كوشتن، ئەم جۆرە مردنە بریتیە لەو مردنەی كە مرۆڤێك هەڵدەستێ بە كوشتنی مرۆڤێكی تر بە ئەنقەست چ بە پلان بێت یا كتوپڕ، لەئەنجامی كرداری بكەرەكەدا كەسەكەی بەرامبەری ژیان لەدەست بدات.
3. خۆ كوشتن، كاتێك كەسێك بڕیار دەدات بە ویست و ئیرادەی كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت ئیتر ئەكرێت هەندێك جار هۆكاری نەخۆشی دەروونی بێت یا بێزاربوون لەژیان یا رووداوێك لەژیانیدا بەسەری هاتووە كە لەتوانا و دەسەڵاتی ئەو كەسەدا نیە بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بێت و بەناچاری بڕیاری كۆتایی هێنان بەژیانی خۆی دەدات، ئەمەش بە شێوازی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت وەك ( خنكان، سوتان ، كوشتن بە دەمانچە ، دەرمان خواردن، خۆ خستنەخوارەوە لەبەرزاییدا .... هتد.
4. مردن بە هۆی رووداوێكەوە ئەمەش هەندێك جار مردنەكە لەئەنجامی رووداوێكی سروشتیدا دەبێت یا مرۆیی و دەستكردی مرۆڤ، بۆ نموونە رووداوی سروشتی وەك لافاو ، بومەلەرزە ، هەورە بروسكە، ئاگركەوتنەوە، یا پەلاماردان لەلایەن ئاژەڵی دڕندەوە ..... هتد. رووداوی دەستكرد مرۆڤ كە بە بێ مەبەست بوبێت دەبێتە هۆی مردنی كەسەكە وەك رووداوی ئۆتۆمبێل یا لە كاتی وەرزش كردنێك و هەڵەیەك لە شوێنی كار كردن و هەر شتێكی دیكە.
كەواتە بۆچی گرنگ و پێویستە كە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردن بكرێت ؟
- گرنگە بۆ كەسوكاری مردووەكە كە بزانن هۆكاری لەدەستدانی مردووەكەیان چییە ئایا بەهۆی رووداوێك، نەخۆشی، خۆكوژی یا كوژراوە ئەمەش دواتر دەنوسرێت لەسەر شەهادەی مردنەكەی كە لەرێگەی راپۆرتێكەوە كە پزیشكی دادی پێی هەڵدەسێت و هۆكارەكەی تۆمار دەكرێت.
-ئەگەر هاتوو جۆری مردنەكە بەهۆی كوشتنی بە ئەنقەست بوو ، ئەو كات پێویستە بەڵگەو زانیاری زیاتر كۆبكرێتەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ دروست بكرێت و رەوانەی دادگا دەكرێت بە مەبەستی دۆزینەوەی بكەری تاوانەكەو و تاوانباریش بەسزایی یاسای خۆی بگات و دادپەروەری بچەسپێت.
-هەندێك جار دەكرێت بەهەڵە گومان لەكەسێك بكرێت كە دەستی هەبووە لە كوشتنی كەسێكی تردا ، لەم كاتەدا لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردنەكە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەڵگە رەوانەی دادگا بكرێت بۆ سەلماندنی بێ تاوانی ئەو كەسەی كە تۆمەتبار كراوە بە كوشتنی كەسەكە.
- زانینی هۆكاری مردنی كەسێكی نەخۆش لە نەخۆشخانە كە لە ژێر چاودێری پزیشكدایە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا نەخۆشەكە بەهەڵەی پزیشكی مردووە یا بەهۆی كەمتەرخەمی و چارەسەری هەڵەوە بووە بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە دووبارە نەبوونەوەی هەڵەی پزیشكی و گێڕانەوەی متمانە لە نێوان نەخۆش و پزیشكدا.
- هەندێ جار هۆكاری مردنەكە بە هۆی ڤایرۆسێك، نەخۆشی، پەتایەكی گوێزراوە دەبێت كە ئەمەش وا دەكات ئەگەر لێكۆڵینەوە لەهۆكاری مردنەكە نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لەكۆمەڵگەداو ژیانی سەدان و هەزاران كەسی تر دەخاتە مەترسییەوە ، بۆ نموونە ( ڤایرۆسی كۆرۆنا ) كە لە ئێستادا زۆر بڵاوە یا هەر نەخۆشییەكی گوازراوەی تر بێت .
-بە هۆی بەكار هێنانی چارەسەرێك و دەرمانێكەوە دەبێت و كە ئەمەش وا دەكات دەرمانەكە زیانی لە سوودی زیاتر بێت و ببێتە هۆی مردنی كەسەكە بۆیە لێرەدا لێكۆڵینەوە دەكرێ، لە داهاتوو ئەو دەرمانە قەدەغە بكرێت و لە كۆمەڵگەدا بەكار نەهێنرێت و رێگە چارەی تر بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی زیانەكانی كم بكرێتەوە.
لێرەدا وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد كە زۆر گرنگە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردن بكرێت و بتوانین حاڵەتی لەدەستدانی مرۆڤەكان لەكام جۆرەو بەكام هۆكارە چونكە هەر یەك لەو حاڵەتانە كاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر تاك و كۆمەڵگە و دەبێتە هۆی چەسپاندنی دادپەروەری و دروستكردنی متمانەی خەڵك بەدامودەزگاكانی دەوڵەت و كمكردنەوەی ئەو رووداوە نەخوازراوانەی كە لەكۆمەڵگەدا روودەدەن.

زۆرترین بینراو