بۆچی مانچستەر ستی سزادرا؟

بۆچی مانچستەر ستی سزادرا؟

زاری كرمانجی- ئاژانسە هەواڵییە وەرزشییەكان: مانچستەر ستی سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو وەرز بە بڕیاری یوفا سزادراوە كەچی دڵنیان لەوەی دەتوانن بە تانەدان لەم بڕیارە سزایەكە هەڵبوەشێننەوە.
یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاندووە، لە ساڵانی 2012 تا 2016 مانچستەر سیتی پابەند نەبووە بە یاسای دارایی خاوێن، بۆیە بڕیاری داوە بۆ ماوەی دوو وەرزی داهاتوو یانەكە لە بەشداریكردن لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بكات و بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ سزای بدات، تەنانەت ئەگەر هەیە مان ستی لە پرێمەرلیگیش چەند خاڵێكی لێ كەمبكرێتەوە.
بڕیارەكەی یوفا كۆتاییە، بەڵام مان سیی دەتوانێ لە دادگای وەرزشی جیهانی تانە لە بڕیارەكە بدات، بەگوێرەی رۆژنامەی ئێوارانی مانچستەر بەرپرسانی مان ستی دڵنیان دەتوانن لە دادگای كاس تانە لەم بڕیارە بدەن و سزایەكە هەڵبوەشێننەوە، تەنانەت بەرپرسانی یانەكە پێیانوایە تەنیا یەك دانیشتنی دادگا بەسە بۆ ئەوەی سزایەكە هەڵبوەشێتەوە.
مان ستی لە بەیاننامەیەكیدا بڵاویكردۆتەوە، بەم بڕیارەی یوفا تووشی سەرسوڕمان نەبووینەو بۆ ئەوان چاوەڕوان كراو بووە، بڕیارەكەشیان بە نادادپەروەرانە وەسفكردووەو رایانگەیاندووە بە زووترین كات تانە لە بڕیارەكە دەدەن.
یاسای دارایی خاوێن چییە؟
بەگوێرەی یاسای دارایی خاوێن كە ساڵی 2009 یوفا دەریكرد، دەبێ هاوسەنگی هەبێت لە نێوان داهات و خەرجی یانەكان، داهاتی چوار ساڵی یانەكان لەگەڵ خەرجی چوار ساڵی یانەكان بەراورد دەكرێن، ئەگەر رێژەی قەرزی یانەكە زیاتر بوو ئەوا لەلایەن یوفاوە سزا دەدرێ.
بۆ نموونە ئەگەر داهاتی ساڵانەی یانەیەك لە مافی پەخشی یارییەكان و بلیتی یارییەكان و فرۆشتنی یاریزان و سپۆنسەرەكانی 600 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئەگەر هەر لە هەمان ساڵدا ملیارێك یۆرۆ خەرج بكات، ئەوا لە ماوەی دوو ساڵی دواتر دەبێ ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە، واتە هاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجی هەبێ، ئەگینا یانەكە رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
ئەم یاسایە دوای ئەوە دەركرا سەرمایەدارەكانی كەنداو بە لێشاو روویان لە ئەوروپا كردو بەشێكی زۆری یانەكانیان كڕییەوە پارەی خەیاڵیان لە كڕینی یاریزانان خەرجكرد.

بیروڕا

زۆرترین بینراو