بۆچی گەڕانەوەی پلە بەرز كردنەوەی فەرمانبەران گرنگە؟

نازم شێخانی 
بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان قۆناغێكی سەختی ئابووری تێپەڕاند، بە تایبەت دوای ئابڵوقەی حوكمەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق و بڕینی بوددجە و موچەی فەرمانبەران و هاوڵاتییان، تاكە ئامانجی حكومەتی عێراق تەنیا  لاواز كردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بوو لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات و ڕێگا گرتن بوو  لە بەهێز بوونی پێگەی ئابووری هەرێم، بەڵام بەهۆی بەهێزی ئیرادەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و خۆڕاگری خەڵكانی دلسۆز بۆ خاك و نیشتیمان وای كرد قۆناغە سەختەكان تێپەڕێندرێت، بەتایبەت كارەكانی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەنگاوە یەك لەدوایەكانی لە جێبەجێكردنی پرۆژەی چاكسازی، بڕیاری گەڕانەوەی پلە بەرز كردنەوەی فەرمانبەران دڵنیام یەكێك دەبێت لە بڕیارە گرنگەكای حكومەتی هەرێم. 
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی كابینەی نۆیەم توانراوە كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ  جێبەجێ بكرێت و بڕیاری گرنگ بدرێت، دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆی و هەموو مانگێك بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی ناردنی پارەی بەغدا بكرێت، بڕیاری دروستكردنی 20هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ كەسانی هەژار و كرێ نشین، بڕینی مووچەی دەیان هەزار كەس كە خاوەنی زیاتر لەمووچەیەك بوون كە زۆرێك لەحزبەكان نان و پیازیان پێ دەخوارد و خەرجكردنی نزیكەی چوار سەد ملیار دینار بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕێگاو بان و ئاوەدانكردنەوە، خەرجكردنی سی و شەش ملیار دینار بۆ كەرتی پەروەردە، دروستكرنی بەندا و چەندان پڕۆژەی تر جێگای ئومێدی گەلی كوردستانە، پێویستە هەموو تاكێك شانازی بەكارەكانی حكومەتی هەرێم بكات لەپاڵ درووستكردنی چەندان كێشەی ئابووری و سیاسی توانراوە گرنگی بەخزمەتكردنی كوردستان و بەرو پێشچوونی بدرێت. 
لە پاڵ ئەم هەموو بڕیارە گرنگە بۆچی گەڕانەوەی موچەی فەرمانبەران گرنگە لەم كاتەدا؟
ئەگەر بەوردی سەرنج لە بارو دۆخی ئابووری چینی مووچە خۆر و بازاڕ بدەین، بێگومان جیاوازیەكی زۆر بەدی دەكرێت بەتایبەت دوای هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا وای كرد نرخی شتومەك لە بازاڕەكانی جیهان بەرز بێتەوە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبو لە بەرز بوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەك، بۆیە ناهاوسەنگیەك درووستبوو لە نێوان گرانی بازاڕ و چینی مووچە خۆر، ئەمەش وای كرد مووچە خۆر نەتوانێت وەك پێویست بژێوی ژیانی خۆی ڕاهی بكات و زۆر جار وای كرد قەرزار بێتەوە، ئەگەر بەراوردێك بكەیت لەنێوان فەرمانبەرێك و بازاڕ، لە سەرەتایی دروستبوونی قەیران تا ئەمڕۆ گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ  بەسەر  موچەی فەرمانبەر نەهاتووە، بەڵام بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر گۆڕانكاری بەسەر بازاڕ و ژیانی مووچە خۆر داهاتووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە ئاوڕێك لە ژیانی فەرمانبەر بدرێتەوە، بڕیاری گەڕانەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەر  دڵخۆشی و هێمنی بۆ ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگا  دەگەڕێنتەوە .
گەڕانەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەسكەوتێكی گەورە دەبێت بۆ كابینەی نۆیەم لەهەمان كاتدا دەبێتە هۆی بێدەنگ بوونی حزبە بەنێو ئۆپسزیۆنەكان، چونكە ئەم حزبانە نەیان توانیووە  جوانیەكانی  حكومەتی هەرێم و كارە ناوازەكانی كابینەی نۆیەم وەك خۆی بگەینە هاوڵاتییان و نیشانی خەڵكی بدەن و تاكە شت كە بەردەوام  لە ڕاگەیاندنەكان باسی لێوە دەكەن  قوتی فەرمانبەرە، بۆیە گەڕانەوەی پلە بەرز كردنەوەی فەرمانبەران دەبێتە هۆی بێدەنگ بوونیان چونكە شتێك نابێت بۆ ئەوەی بیكەنە بەرنامەی كاریان  لەهەڵبژاردنی داهاتوو.