بۆ ئەم ساڵ تەنیا داوای 350 قوتابیمان كردووە

بۆ ئەم ساڵ تەنیا داوای 350 قوتابیمان كردووە

پەیمانگەی تەكنیكی سۆران كە خۆی لەچەند بەشێكی جیاواز دەبینێتەوە تێیدا قوتابییان لە دوایی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی لە كاتی گەڕانەوەی ناوەكانییان و دابەشكردنیان بەسەر پەیمانگەكان بە پێی نمرەو پێویستی ئەو پەیمانگەیە لەو ناوەندە زانستییە درێژە بەخوێندن دەدەن،پەیمانگەی تەكنیكی سۆران خوێندنی لە بەشی ئێوارانیش هەیە، لە ئێواران برە پارەیەك لە قوتابی وەردەگیرێت بەپێی ئەو بەشەی كە داوای دەكات و نرخەكانیش جیاوازن و راگری ئەو پەیمانگەیەش دەڵێت ئێمە لەچاو شوێنەكانی تر نرخی خوێندنی ئێوارانمان دابەزاندوە وەك هاندانێك بۆئەوەی قوتابییان درێژە بەخوێندن بدەن، بۆ قسەكردن لە سەر پلان و شێوازی خوێندن لە پەیمانگەی تەكنیكی سۆران و چەند پرسێكی پەیوەست بەپرۆسەی خوێندن لە پەیمانگەی تەكنیكیەكان، مامۆستا پاكستان محەمەد ئەمین یوسف راگری پەیمانگەی تەكنیكی سۆران بۆزاری كرمانجی لەم دیدارە تایبەتەدا وەڵامی پرسیارەكانی لاپەرەی پەروەردەی داوەتەوە.
دیمانە: محەممەد مەحموود – سۆران
*پلانی پەیمانگەی تەكنیكی بۆساڵی نوێی خوێندن چۆن دەبێت؟
پەیمانگەی تەكنیكی سۆران ساڵانە پلانی خوێندنی خۆی دەنێرێت و بەپێی ئەو پلانە كاردەكات ، بۆ ئەم ساڵ تەنیا داوای 350 قوتابیمان كردووە و بەپێی تایبەتمەندی بەشەكان ژمارەكان دەگۆڕێن، كە بۆ بەشە زانستییەكان تەنیا داوای 40 قوتابیمان كردووە چونكە هەم هۆڵەكانی خوێندن و هەمیش تاقیەگەكانمان تەنیا توانای وەرگرتنی ئەو رێژەیەیان هەیە، بەڵام بۆ بەشی كارگێڕی كار داوای 80 قوتابیمان كردووە چونكە ئەوبەشە زیاتر پێویستی بە هۆڵی تیۆری هەیە،بەڵام بەداخەوە وەزارەت لە سەر پلانەكەمان ناڕوات و ساڵانە لەو رێژەیە زیاترمان بۆ دەنێرێت.
*تەواوی ئەو بەشانەی كە پێویستن لەپەیمانگە تەكنیكیەكاندا هەبن لای ئێوە هەنە ئەوبەشانە ؟
پەیمانگەی تەكنیكی سۆران لە چەند بەشێك پێكهاتووە لەوانە شەش بەشی بەیانیان و سێ بەشی ئێواران، ساڵی ڕابردوو قوتابیان لە بەشەكانی ئێواران وەرنەگیران بەهۆی چەند كێشەیەكەوە، بۆ ئەم ساڵیش پلانی خۆمان ناردووە ، تاوەكو پرۆسەی وەرگرتنیش دەست پێنەكرێت بەتەواوەتی بۆمان روون نابێتەوە ئاخۆ ئەو پرسە چۆن دەبێت، سەبارەت بە پێویستی بوونی بەشی زانستیش، پەیمانگە دەستكراوەیە لە كردنەوەی بەشی نوێ بەڵام لەسەر توانای مرۆیی و زانستی و شوێن دەوەستێت، كەی توانیمان ئەو بۆشایە پڕبكەینەوە دەتوانین بەشی نوێش بكەینەوە.
*توانای وەرگرتنی چەند قوتابیتان هەیە بۆساڵی نوێی خوێندن؟
وەك پەیمانگەی تەكنیكی سۆران ئێمە زیاتر لە 700 قوتابیمان بۆ قۆناغی دووەم هەیە، بۆیە كەمتر بۆ ئەم ساڵ قوتابی وەردەگرین، لەورێژەییەی بۆ ئەم ساڵ داوامانكردبێ‌ تەنیا داوای (350) قوتابیمان كردووە‌، بەهۆی ئەوەی خوێندن لە پەیمانگە سەدا 70ی پراكتیكیە جگە لە هۆڵی تیۆری پێویستیمان بە هۆڵی پراكتیكیش هەیە، بۆیە وەرگرتن و دابەشكردنی قوتابییان بەسەر هۆڵەكاندا كارێكی وردە و ساڵانەش بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆر قوتابی كێشەی جێگە مان بۆ دروست دەبێت.
*تەواوی بەشەكان وەك یەك لەرووی نمرەوە قوتابی وەرگرن یان جیاوازن؟
بێگومان بۆوەرگرتنی قوتابییان لە بەشەكانی پەیمانگەجیاوازی هەیە، چونكە نمرەی بەش پەیوەستە بە ئاستی داواكاری قوتابیەوە، لە نمرەی سەدی 65 مان هەیە تاوەكو سەدی 85، واتە جۆری بەش و ئاستی داواكاری ڕۆڵ دەبینێت لە دیاریكردنی نمرە ، بۆ دەرچووانی بەشی زانستی و وێژەیش گۆڕانی تێدەكەوێت، بۆنموونە تەنیا بەشی كارگێڕی كار دەرچووانی وێژەیی وەردەگرێت، بەشەكانی تر هەر هەموویان بە بەشی ژمێریاریشەوە تەنیا دەرچووی زانستی وەردەگرن.
* چەند قوتابیتان لە مەشقی هاوینە ؟
نزیكەی (350) قوتابیمان ئێستا لە مەشقدان و بەسەر دامودەزگا میری و كۆمپانیایەكاندا دابەشبوونە، جگە لە قوتابیانی پەیمانگایەكەمان تەواوی ئەو قوتابییانەی كە دانیشتووی سۆران نوو لە پەیمانگا و كۆلێژەكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیك دەخوێنن، لەلایەن ستافی پەیمانگایەكەمانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.
*ئەگەر قوتابی پابەندی مەشقی هاوینە نەبوو سزای هەیە لەرووی كەوتن و نمرەوە؟
بێگومان تەواوكردنی ئەركی مەشقی هاوینە یەكێكە لە ئەركە فەرمییەكانی پرۆسەی خوێندن،هەرقوتابییەك ئەو ئەركە بەجێ نەگەیەنێت بە كەوتوو هەژماردەكرێت و پێویستیشە ساڵی داهاتوو یان لە كاتێكی تر دوو مانگی تەواو دەوامی خۆی بكات ئەگەرنا بڕوانامەی دەرچوونی پێنادرێت.
*هەموو قوتابیانتان شوێنیان بۆتەوە بۆمەشقكردن ؟
كێشەی شوێن و جێگەمان هەیەبۆمەشقی هاوینەی قوتابییان ، بەتایبەتی لە فەرمانگە حكومیەكان بەهۆی كەمی شوێن و فشاری زۆری ژمارەی دەرچووان، بەڵام تا ئێستا پرۆسەكە رۆیشتووە، فەرمانگەكان هەوڵیانداوە لە چوارچێوەی پلانێكی تایبەت بەخۆیان شوێن بۆ قوتابیانمان بكەنەوە و سووپاسیان دەكەین.
*هەرقوتابییەو بەپێی پسپوڕی بەشی خۆی لەمەشقە یان بەپێی جێگا هەبوونە لەو شوێنە كە بۆی چووە ؟
لەكاتی نەشقی هاوینە هەوڵدراوە پسپۆری رەچاو بكرێت، بەتایبەت بۆ بەشە پزیشكیەكان، بەڵام بۆ بەشەكانی وەكو كار و ژمێریارییش لەبەرئەوەی زۆربەی فەرمانگەكان یەكەی كارگێڕی و ژمێریاریان هەیە دەتوانن لەو بەشانە درێژە بە مەشقی خۆیان بدەن كە هەر واش كراوە.
*دەكرێت قوتابیێكی كارگێری كار یان ژمێریاری لەنەخۆشخانە مەشق بكات ؟
بێگومان دەكرێت، چونكە لەو فەرمانگانە یەكەی كارگێڕی و ژمێریاری هەیە، كەدەكرێت سوودی زیاتریش ببینن لە فەرمانگەیەك كە رۆژانە لەوانەیە چەند مامەڵەیەكی كەمی كارگێڕی تێدا بەڕێوەدەچێت.
*لەرووی میلاكەوە كێشەتان نییە ؟
كێشەی سەرەكیمان ستافی مامۆستایە، ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دكتۆران، بەڵام ئەویشمان بە شێوەی وانەبێژ چارەسەركردووە، دواتر دەمێنێتەوە ستافی تر كە ساڵانە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوتابییان تووشمان دەبێت، یان مۆڵەتی خوێندن و مۆڵەتی لە دایكبوون، بەڵام توانای دامەزراندنمان نییە.
*خوێندنی ئێواران كە بەپارەیە بۆئەمساڵی خوێندنیش هەردەمێنێت؟
ساڵانە لە پلانی خۆمان داوامانكردووە، بەڵام ساڵی رابردوو بۆگشت بە شە كانیان نەنارد بۆ ئەم ساڵیش لە تەواوی بەشەكانی بەیانیان دا‌وای قوتابیمان بۆ بەشەكانی ئێواران كردووە، بەلاِم دواجار لەسەر ڕەزامەندی وەزارەت دەوەستێت ئاخۆ تاچەند ڕەزامەندی دەدەن.
*نرخی خوێندنی ئێواران لەرووی گرانی و هەرزانییەوە هیچ گۆرانكاری بەسەردادێت؟
هیچ گۆڕانێك بەسەر نرخەكاندا نەهاتووە، بەپێچەوانە ئێمە رەچاوی تایبەتمەندی ناوچەكەشمان كردووە و بۆ هاندانی خەڵك نرخەكەشمان لەچاو پەیمانگایەكانی تر دابەزاندووە، بۆ نموونە لە بەشە پزیشكیەكانی وەكو (پەرستاری و شیكاری نەخۆشیەكان) لە پەیمانگەی تەكنیكی پزیشكی هەولێر قوتابی بە (2)دوو ملیۆن دەخوێنێت، كە لە پەیمانگەیەكەمان بە یەك ملیۆن و پێنج سەدهەزار دینارە، بەشەكانی وەكو ژمێریاری و ئای تیش بە یەك ملیوۆن و دووسەد و پەنجا هەزار دینارە، بەشی كارگێڕی كاریش تەنها یەك ملیۆنە بۆ یەك ساڵی خوێندن، هیچ بڕیارێكیش نەهاتووە بۆ كەمكردنەوە و یان زیادكردنی نرخەكان.

زۆرترین بینراو