بۆ ئەم قۆناغەش هەولێر دەبێتە ناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق

بۆ ئەم قۆناغەش هەولێر دەبێتە ناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق

د.ئەرشەد حاجی، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، ئەندامی تیمی توێژەران لە سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و دەڵێت" عێراق لە بۆشایی دەستووریدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەش ناتوانێت عێراق بەرەو كەناری ئارامی سیاسی ببات، بەڵكو هێزە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بەناچاری بۆ چارەسەری گرفتەكانیان دێنەوە لای سەرۆك بارزانی".
دەشڵێت" پشتگوێ خستنی كورد لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، پێچەوانەی بنەماكانی دەستووری ئەم وڵاتەیە". ئاماژە بەوەش دەكات" هەر بەربژێرێك لە عێراق بە رەزامەندی سەرۆك بارزانی نەبێت ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست".
دیمانەی/ كەریم سمكۆ
* دۆخی سیاسی عێراق تا دێت خراپتر دەبێت، ئێستا عێراق لە چ بۆشاییەكی دەستوری دایە و چاوەڕێی چی لێ دەكرێ؟
- رێككەوتن و راسپاردنی (محەمەد توفیق عەللاوی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە شاری قوم لەلایەن بەشێك لەسەركردە شیعەكان بە سەرپەرشتی ئێران و بە بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق و بەبێ ئاگاداری ئەمریكا و تەنانەت سەركردایەتی سیاسی كوردستان و بەتایبەتی بەڕێز سەرۆك بارزانی، هەنگاوێكی پر لە مەترسی بوو بۆ ناوچەكە، بۆیە هەر زوو هەست كرا عەللاوی سەركەوتوو نابێت لە پێكهێنانی حكومەت، چونكە راسپاردنی ناوبراو لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی سەرجەم هێزە سیاسیەكانی عێراق و كوردستان نەبوو، لە ئێستادا عێراق لە بۆشایی دەستوریدایە بە بڕوای من رێكەوتن لە ماوەی دیاریكراودا كارێكی ئەستەم دەبێت و مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەكات. رێگە چارە لەم بارودۆخەی عێراق گەڕانەوەی هێزە سیاسیی و بەرپرسانی عێراقە بۆ شاری هەولێر و داوای هاوكاری لە رابەری نەتەوەی كورد سەرۆك بارزانی بكەن بۆ تێپەراندنی ئەم بۆشاییە دەستوریە.
* لەم بۆشایی دەستورییەدا دەبێت سەرۆك كۆماری عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكات؟
- هۆكاری شكستی عەللاوی خۆی بەشێك بووە لە كێشەكانی چەند ساڵی رابردووی عێراق و ناوبراو چەندین پلە و پۆستی هەبووە لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان، لەهەمانكاتدا بەربژێری وەزارەتەكان بەشێكیان كەسانی نزیك بوون لە بەشێك لەسەركردە شیعەكان پێچەوانەی قسەكانی كە دەیگووت حكومەتی داهاتوو دوور دەبێت لە بەربژێری حیزبەكان، لەهەمانكاتدا راسپاردنی ناوبراو بۆ پێكهێنانی حكومەت پێچەوانەی داواكاری خۆپیشاندەرانی شەقامی عێراقی بوو. بە بڕوای من سەرۆك كۆمار وەك نوێنەری كورد لە بەغدا هەڵەی كرد بە بەشداربوونی لە رێكەوتن لەسەر راسپاردنی عەللاوی، چونكە سەرۆك كۆمار ناتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە تەنیا بڕیار لەسەر نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بدات لە بەغدا. مامەڵەی سەرۆك كۆمار لەمەودوا دەبێت جیاوازتر بێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكان، تۆڵەكردنەوە لە بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی بەهۆی ئەم رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لە نێو سەركردایەتی ئەم حیزبە روویاندا، دەبێت لەبیری بكات و كوردستانیانە بیر بكاتەوە، جگە لەوەش دان بەمەدا بنێت سەرۆك بارزانی رابەری نەتەوەی كوردە و بڕیارە چارەنووسسازەكان لای بەرێزیان بڕیاری لێدەدرێت. سەبارەت بە سوننەكانیش سەرۆك كۆمار دەبێت رۆڵی كاریگەری هەبێت لە بەشداری پێكردنی سوننەكان لە حكومەتدا و شیعەكانیش ئاگادار بكاتەوە جێبەجێكردنی دەستوور ئەركی سەر شانیەتی دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان لە حكومەتی عێراقدا فەراهەم بكات.
* ئەو ماوەیەی داندراوە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ، پازدە ڕۆژ، پێتان وایە هێزە سیاسیەكانی عێراق بتوانن سەركەوتوو بن لە دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ؟
- بەهۆی خۆپیشاندانەكانی شەقامی عێراقی ئەو 15 رۆژەی دانراوە بۆ هێزە سیاسیەكانی عێراق تا كەسێك رابسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەت كارێكی تا رادەیەك ئەستەم دەبێت، چونكە دەبێت هەوڵبدەن هەژموونی وڵاتانی دراوسێ كەمبكەنەوە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق ئەمەش كارێكی ئاسان نابێت، هێزە سیاسیەكانیش سەرەڕای رێكەوتن لە نێوان خۆیاندا لە هەمانكاتیشدا دەبێت هەوڵی رێكەوتن بدەن لەگەڵ خۆپیشاندەران، چونكە خۆپیشاندەران بەربژێری حیزبە سیاسیەكان و تەنانەت ئەو بەربژێرەش رەتدەكەنەوە كە پێشووتر پۆستی هەبووە لە حكومەتدا.
* ئەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەتوانی چارەسەری برینەكانی عێراق بكات، لەكاتێكدا ئێستاش توندوتیژییەكان بەرانبەر بە خۆپیشاندەران درێژەیان هەیە؟
- بەداخەوە لە ئێستادا هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری كێشەكان ناكات، چونكە ئەگەری هەیە بەشێك لەو حیزب و كەسایەتییە سیاسیانەی عێراقی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە سەربكەونەوە كە چەندین ساڵە گەلانی عێراق بەدەستیانەوە گیرۆدە بوونە و نەیانتوانیوە چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، سەرەڕای كەڵەكەبوونی كێشەكانی چەند ساڵی رابردوو، سەبارەت بە توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانیش وایدەبینم كەسانێك لەلایەن بەشێك لە سەركردەكانی شیعە ئاراستە بكرێن تا كۆتایی بە خۆپیشاندان بێنن، چونكە خۆپیشاندانی ئەم دواییەی عێراق خۆرسكانە بوون و داوای خزمەتگوزاری سەرەتاییان دەكرد، بەشێك لە سەركردە شیعەكان هەوڵیاندا خۆیان بكەن بە خاوەنی خۆپیشاندەران وەكو پێشووتر، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی رەتیانكردەوە.
* واتا چاوەڕێ ناكرێ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ژیان و گوزەرانی تاكی عێراقی بگۆڕێت؟
- لە ماوەی 16 ساڵی حوكمڕانی كابینە جیاوازەكان لە بەغدا نەیان توانیووە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی عێراق فەراهەم بكەن، لەلایەكی دیكە تا دێت ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە بەرەو داڕمان دەچێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی سیاسەت و تێڕوانینی گونجاو بۆ داهاتووی عێراق. بەشێك لە سەركردەكانی بەغدا لە پێناو مانەوەو سەپاندنی هەژموونی خۆیان سوودیان لە جوڵاندنی هەست و سۆزی شەقامی عێراقی دەبینی و ماوە ماوە سەرپەرشتی و پاڵپشتیان بۆ داواكاری خۆپیشاندەران دەردەبڕی، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە كەموكوڕیەكانی حكومەت و لایەنی مەزهەبی و نەتەوەیی، سەرەڕای بەشداربوونی حیزبەكانیان لە حكومەتدا، تا خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ تا راددەیەك سەركەوتوو بوون، بەڵام لە ئێستادا خۆپیشاندەران نەك تەنیا بڕوایان بەم سەركردانە نەماوە، بەڵكو داوا دەكەن حزبەكانیشیان لە پرۆسەی سیاسی دووربخرێنەوە و وای دەبینن ئەوان بەشێكن لە نەهامەتیەكانی چەند ساڵی رابردوو لە بوونی گەندەڵی و شەڕی مەزهەبی و نەتەوەی و نەبوونی ژیانێكی شایستە و جێبەجێنەكردنی دەستور، واتا چاوەڕێ ناكرێ حكوومەتی نوێش ژیانی تاكی عیراقی بگۆڕێت، تا گۆڕانكاری لە بیركردنەوەیان نەكەن بەرانبەر بە پێكهاتەكانی دیكەی ئەو وڵاتە ئەمەش بەپێی دەستوور مافەكانیان پێ بدەن.
* ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسیەكانی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای كاری سیاسیدا بە كەسایەتیەكی نێوەندگیر و بە كلیلی چارەسەری كێشەكان ناسراوە، بەر لە رووخانی رژێمی بەعسیش بەرێزیان رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە سەركردایەتیكردن و كۆكردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی تا كۆتایی بە رژێمی بەعس هات، دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە نوسینەوەی دەستوری عێراق و فەراهەمكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق لە نێوانیشیاندا هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، بۆیە سەرۆك بارزانی لە هەموو قۆناغە هەستیارەكاندا بووەتە فریادڕەس بۆ ئارامی سیاسی و لە هەموو كاتێكدا كە عێراق لە تونێلێكی تاریك نزیك بووەتەوە، پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە كەناری نائارامی، بەرپرسانی سیاسی عێراق هانایان بۆ سەرۆك بارزانی هێناوە وەك سەركردەیەكی بە ئەزموون و لێزان نێوەندگیری كردووە و لەسەر دەستی بەڕێزیان پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە كەناری ئارامی.
* بۆچی هەر كاتێك سەركردەكانی عێراق تووشی ناجێگیری پڕۆسەی سیاسی و گرفتی پێكنەهاتن لە دەستەڵات بن، هەموویان ڕوو لە هەولێر دەكەن بۆ دانوستاندن؟ هەولێر چ پێگەیەكی لە مێژووی سیاسی عێراقدا هەیە؟
- هەر كاتێك سەركردایەتی سیاسی بەغدا نەیان توانیبێت رێكبكەون یان كێشەی سیاسیان رووبەروو بۆتەوە هانایان بۆ رابەری نەتەوەی كورد سەرۆك بارزانی هێناوە و روویان لە هەولێر كردووە، سەرۆك بارزانیش لە ماوەیەكی كەم كێشەكانی بۆ چارەسەركردوون، بە بڕوای من بۆ ئەم قۆناغەش هەولێر و سەری بڵند دەبنەوە بە ناوەندی بڕیار هەر وەك لە ساڵانی رابردوو هەولێر ناوەندی بڕیار و داینەمۆی پێكهێنانی حكومەتی بەغدا بووە. بۆیە هەولێر مێژوویەكی پڕشكۆی هەیە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، ئەمەش بۆ لێهاتوویی و كارێزمایی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە هەمیشە وەك ناوبژیوان بووەتە كلیلی چارەسەری كێشەكانی پڕۆسەی سیاسی عێراق.
* یەكگرتووی و یەكدەنگی كورد لە بەغدا تا چەند گرنگە بۆ دەستەبەركردنی مافە سیاسی و ئابورییەكانی كورد لە كابینەی نوێ؟
- سەرەڕای بوونی ناكۆكی و بیروڕای جیاواز لە هەرێمی كوردستان لە هەندێك كاتدا، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی كوردستانیان بوو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی لە بەغدا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بوون، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی رابردوو، یەكدەنگی كورد لەسەر پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم و لە لایەنی سیاسیش بەرامبەر بە راسپاردنی عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەم یەك دەنگیەش راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزبوونی پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان لە داهاتوو.
* دەكرێ عێراق كورد وەك هێزێكی گەورەی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتە پشتگوێ بخات؟ تا چەند كابینە فەشەلپێهاتووەكەی عەللاوی دەبێتە نموونەیەكی دیار بۆ ئەو كەسەی لە داهاتوو دەستەڵات دەگرێتە دەست؟
- تا لە چوارچێوەی عێراق دابین ناكرێت كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لەلایەن سەركردایەتی سیاسی بەغدا پشتگوێ بخرێت، وەك لە سەرتاشەوە ئاماژەم پێدا سەرۆك بارزانی رۆڵی كاریگەری هەبوو لە پێداگیریكردن لەسەر ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق، بۆیە پشتگوێ خستنی كورد لە پرسی سیاسی لە عێراق، پێچەوانەی بنەماكانی دەستوری عێراقە. لە دوای فەشەلهێنانی عەللاوی و ئەوانی پێشووتریش كە دژایەتی كوردیان دەكرد سەركردایەتی سیاسی بەغدا دەبێت دان بەودا بنێت هەر حكومەت و سەرۆك وەزیرانێك دژی ماف و داواكاریەنی كورد بێت چارەنوسی باش نابێت، نموونەشمان زۆرە هەر بەربژێرێك بە رەزامەندی رابەری نەتەوەی كورد سەرۆك بارزانی نەبێت ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست.
* دەكرێ بڵێیت دەركەوت كە هەر كەسێك لە پێگەی جیاواز دەستەڵات لە عێراق بگرێتە دەست، دەبێت پابەند بێت بە دەستوور و مافە سیاسی و یاسایی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان بدات؟
- بە دڵنیاییەوە پابەند بوون بە دەستور و مافە سیاسی و یاسایی و دارییەكانی هەرێم لە بەرژەوەندی بەرپرسانی بەغدایە، لە ساڵانی رابردوو تا رادییەك پابەند نەبوونیان وای دەكرد لە شارەكانی خوارووی عێراق رێژەی دەنگەكانیان زیاتر بێت، بەڵام لە ئێستادا ئاستی تێگەیشتنی هاووڵاتییانی خوارووی عێراق گۆڕاوە و ململانێی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نابێتە پێوەر بۆ سەركەوتنیان، بەڵكو خوشگوزەرانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لای ئەوان گرنگترە.
*ئایا هەژموونی سیاسی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران، عێراقی بەرەو چ تونێلێكی تاریك بردووە؟
- هەژموونی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق مەترسی زیاتر دروست دەكات لەسەر پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە، با دوور نەڕۆین هەر وەكو ئێستا عێراق لە بۆشایی دەستووری دایە و چارەسەركردنیشی كارێكی ئەستەمە، ئەمەش كێشە سیاسییەكانی قوڵتر كردۆتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئێران لە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا، عێراق بەرەو سزای سیاسی و ئابووری دەبات لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونكە ئێران تا دێت كێشەكانی قوڵتر دەبێتەوە لەگەڵ ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
* دەبێ كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئاییندەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و دەستەبەركردنی مافە دەستووری و ئیمتیازەكان؟
- لەسەرتای پرۆسەی عێراقدا حكومەتی هەرێم و بەغدا بەردەوام كێشەیان هەبووە، ئەمەش بۆ جێبەجێنەكردنی بنەماكانی دەستوور و غروری بەرپرسانی بەغدا دوای گرتنە دەستی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. لەلایەكی دیكەیش دەبێت حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە و رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بكات و كاتێكی دیاریكراو دیاری بكات لە میكانیزمی رێكەوتنەكان تا لەگەڵ گۆڕانكاری لە حكومەتی بەغدا كێشەكان دووبارە نەبنەوە. سەبارەت بە نوێنەرانی كوردیش لە بەغدا خەڵكی كوردستان خۆپیشاندانیان نەكردووە دژی نوێنەرانیان لە بەغدا، بۆیە گۆڕانكاری لە وەزیرەكانی كورد لە بەغدا پێچەوانەی رێكەوتنی هەرێم و بەغدا و هەتا دەستوری عێراقیشە.

زۆرترین بینراو