بۆ دانپێدانان بە 9 زانكۆی هەرێمی كوردستان سێ لیژنە لە بەغداوە دێنە هەرێم

بۆ دانپێدانان بە 9 زانكۆی هەرێمی كوردستان سێ لیژنە لە بەغداوە دێنە هەرێم

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق سێ لیژنەی بۆ دانپێدانان بە 9 زانكۆی هەرێمی كوردستان پێك هێناوە و ئەم هەفتەیە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

د. محەمەد شاكر، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای هەوڵی بەردەواممان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ دانپێدانان بە زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان، كە حكوومەتی ئیتیحادی دانی پێدا نەناون و‌ ژمارەیان نۆ زانكۆیە و بریتین لە زانكۆكانی (سۆران، زاخۆ، ڕاپەڕین، گەرمیان، كوردستان، هەڵەبجە و لەگەڵ زانكۆ پۆلی تەكنیكییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك)، ئاگادار كراینەوە كە بە نووسراوی فەرمی، بڕیاری پێكهێنانی سێ لیژنە دراوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە‌ رۆژی 31-7-2019."‌

شاكر ڕوونیشی كردەوە: "لیژنەكان لە رۆژی دەرچوونی فەرمانەكەوە دەستبەكار دەبن و لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ دڵنیابوون لە هەموو مەرجەكان و چۆنیەتیی گرتنەبەری رێكارەكانی دانپێدانان بە زانكۆكان و هەنگاوەكان، ئێمەش هەر نۆ زانكۆكەمان ئاگادار كردووەتەوە و، دڵنیاین لەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو زانكۆیانەش دانیان پێدا دەنرێت‌."

وەك ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی گوتی: "لە رووی دەستوورییەوە هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 121ی دەستوور بۆی هەیە زانكۆ دابمەزرێنێت، بەڵام هەر شتێك پەیوەندی بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە هەبێت، كە لە ماددەی 114ی دەستووری عێراقدا هاتووە، پێویستە هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەندیدا هەبێت."

زۆرترین بینراو