
بۆ رزگاربوون لە پشت ئێشەی بەردەوام
ئەوانەی بەردەوام پشت ئێشەیان هەیە، بە هۆی چەند ڕێگایەكەوە دەتوانن پارێزگاری لە پشتیان بكەن.
1- وەستان: ئەو كەسانەی لە كاتی كاركردندا پێویستە زۆر بوەستن، واباشە پێڵاوی فلات لە پێ بكەن و چەند جارێك پێویستە ئەم وەرزشە بكەن (سنگ دەرپەڕاندن، سك بردنە ناوەوە، هەردوو شان بۆ دواوە و خوارەوە)و بەم جۆرەش دەتوانن بەڕێكی بمێننەوە.
2- بەرزكردنەوە و هەڵگرتنی كەلوپەل: پێش بەرزكردنەوەی هەر بارێكی قوڕس، پێویستە خۆت بنوشتێنیتەوە سەر ئەژنۆ و ئینجا ئەو كەلوپەلانە هەڵبگریت و بەرز بكەیتەوە، هەروەها پێویستە كەلوپەلەكان نزیك بن لە جەستەوە و ئاگاداری نوشتانەوەی هەڵە بن.
3- كاری ناوماڵ، ئووتوكردن، گسكدان، یاخود سڕینەوە: بە هۆی هەریەك لەم كارانەشەوە پشت دەنوشتێتەوە و دەبێتە هۆی چەمانەوەی. بۆیە واباشە لە كاتی ئەم كارانەشدا بە ڕێكی بووەستن و كارەكانتان بكەن.