بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران تاكو ئێستا كەس دەست نیشان نەكراوە

بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران تاكو ئێستا كەس دەست نیشان نەكراوە

سوبحان راغب- هەولێر
لە دیمانەیەكی تایبەبەت بە زاری كرمانجی عەبدولڕەحمان گوانی كارگێڕی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران بە زاری كرمانجی گووت: "بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران تاكو ئێستا كەس دەست نیشان نەكراوە لە سنووری لقی 10 یا حكومەت داوامانی لێكردبێ‌ كاندیدێك دیاری بكەین بۆ ئەوپۆستە و شتی وا لەئارادا نەبووە". دەشڵێت: "لە سێ‌ چوار ساڵی ڕابردوو بریار بوو قایمقامیەت بگۆڕدرێ‌ ئەو كات ناوی من هەبوو بۆئەوەی كاندیدبم بۆ ئەو پۆستە بەڵام بەو دوایانە نەخێر بەدیاری كراوی بۆ قایمقامی سۆران نەمن نە هیچ كەسێكیتر نوسراومان لەسەرەوە بۆ نەكراوە".
لە دەستپێكی دیمانەكەی دا گوانی بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەمەدا:"ئەو كۆبوونەوەیە لەئەنجامی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە عێراق هەیە هاتەبوون و لە بەیاننامەیەك كۆمەڵێك بابەتی گرنگ خرانەڕوو. لەمانەش داكۆكی كردن لە مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق و لەگەڵا بوونی مافە ڕەواكانی خۆپیشاندەرانی عێراق، لەهەمان كاتیشدا ڕاگەیاندنی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی".
"بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە ئاستێك و بەشێوەیەكە ناتوانرێ‌ وەكو پێویست شرۆڤەی بۆ بكرێت و دۆخی عێراق دۆخێكی نەخوازراوە. هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەمێژ نین ئەنجامدراون و كابینەی نوێش كە ئێستا لە حوكمە بە سەرۆكایەتی د.عادل عەبدولمەهدی كاتەكەی زۆر كەمە، ئەم خۆپیشاندانەی كە هەن كەڵەكەبووی كۆمەڵێك دەرهاوێشتەی هەڵەی حكومەتەكانی ڕابردووە كە ئێستا خەڵك دێتە سەر شەقام و نارەزایەكانی خۆی دەر ئەبرێت و هەموو ئەو كێشانەی ڕابردووش ئێستا كە خەڵك دێتە سەر شەقام دەیانەوێت بیخەنە ئەستۆی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی وەكو كەسایەتییەك كە زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەكان لەسەری كۆك بوون بۆ پێكهێنانی حكومەت وەكو كەسایەتییەكی بێلایەن، لەهەمان كاتیشدا كەسایەتییەك بوو لە كورد نزیك بوو بۆیە ئەو ماوەی ڕابردوو ناكرێ‌ هەژماری ئەوە بكەن بڵێن عادل عەبدولمەهدی یا كابینەكەی وەكو پێویست خزمەتی خەڵك و شەقامی عێراقی نەكردووە لەكاتێكدا دیارە عادل عەبدولمەهدی كۆمەڵێك هەنگاوی زۆرباشی ناوەو چاكسازی زۆر باشیشی ئەنجام دا. بۆ ئەو كێشەو گرفتانەی كەوا لەسەردەمی عەبادی و مالیكی و حكومرانەكانی ڕابردوو هەبوو عادل عەبدولمەهدی هەنگاو بە هەنگاو كردەی باشی بەئەنجام گەیاند بەتایبەتی لەگەڵا هەرێمی كوردستان كە دۆخەكە گەیشتبوویە ئاستێك بەوەی بینیمان وەكوو دوو دەوڵەت هەڵسەكەوت دەكرا و ئەو هێرشانەی كە كرانە سەر ناوچە جێناكۆكەكان و ئەوكات وا ڕەفتار دەكرا كە دژی بێگانەیەك لە هەرێمی كوردستان شەر دەكرێ‌ وەك ئەوەی لە چوارچێوەی عێراق نەبین ئێمە", گووانی بۆ دۆخی عێراق وای گووت.
زیاتر گووتی: "خاڵێكی تری گرنگ, بۆیە هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەوانەی كە پێشتر لە حوكم بوون و ئێستا دەستهەڵاتیان نەماوە یا رۆڵیان نەماوە دەیانەوێ‌ پشێوی لە عێراق دروست بكەن و بەشێوەیەك لە شێوەكان دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان و دەنگی نارەزایی خەڵك بقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی مەرامی سیاسی خۆیان بەڵام ئەوەی كە جێگای خۆشحاڵییە خۆپیشاندانەكانی عێراق بەشێوەیەكن تا ئێستاشی پێوەبێت كە خۆپیشاندەرەكان لە شەقامن هیچ لایەنێكی حزبی نەیتوانیوە خۆی بكاتە خەوەنی گردبوونەوەكانی عێراق بەڵام لە هەمان كاتدا ئاڵۆزییەك لەنێو خۆپیشاندەران هەیە بەوەی تاكو ئێستا داخوازیەكانیان وەكو پێویست دیار نین كە چین و داواكاریەكانیان كۆبكەنەوەو بچن لەگەڵا لایەنێك دانیشن و گفتوگۆ بكەن ئەوە یەكێكە لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە شەقامی بەغدا و عێراق دەگووزەرێ‌ . ئەگەر لێڕامێنین عادل عەبدولمەهدی لەگەڵا خۆنیشاندانەكان كۆمەڵێك چاكسازی ڕاگەیاندن بەو واتایەی سەرۆك وەزیران ئامادەیە و كۆمەڵێك چاكسازی دەكات بەڵام ئەوە كاتی پێویستە. لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێت سەدر خۆی بەخاوەنی خۆنیشاندانەكان دەزانێ‌, نەخێر ئەو خۆپیشاندانەی كە ئێستا هەیە هەڵقوڵاوی ناو خودی خەڵكە و پێویستییەكانی خەڵكە ئێستا ئەگەر گوێ بۆ دروشمەكانیان بگرین دروشمەكانیان بریتین لەوەی كە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانیان قبوڵ نین دەیانەوێ‌ هەموو ئەوانە ڕاماڵن جیلێكی تری نوێ‌ بێت و دەستهەڵاتێكی نوێ‌ لە عێراق بێتە كایەوە بتوانێ‌ خزمەتیان بكا".
لەبەرابەر دەستبردن بۆ گۆڕین و هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئەمەی گووت: "داواكردنی هەمواری دەستووری عێراق و كۆمەڵێك بابەتی تر كە قسەیان لێوەدەكرێ‌ مەترسین لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێك لە عێراق.پێشتر كە دەستوور مافی كوردی تێدا جێگیر كراوە پیشتگوێ‌ خراوە مافی خەڵك و مافی لایەنەكانی دیكەش وەكو هەرێمی كوردستان پێشێل كراوە, بە دڵنیایەوە دەست بردن بۆ دەستووری عێراق ئەو مافانەی كە كورد لە ماوەی ڕابردوو لە دەستوور جێگیری كردبوون لە بارودۆخ و زروفێك بوو كە هاوپەیمانان لێرەبوون, ئەمریكا دەستهەڵاتی هەبوو, حاكمی مەدەنی هەبوو. ئەوكات ئاسان نەبوو تاكو توانیمان ئەوەی كە كورد مەبەستیەتی لە دەستووری عێراق جێگیری بكا و بە ئاسانی جێگیر نەبوون, ئەگەر ئێستا بێت و دەستوور هەموار بكرێتەوە بەدڵنیایەوە وای نابینم ئەو مافانەی پێشتر لە دەستووری عێراق جێگیرمان كردبوون وەكوو ئەوكات جێگیربێ‌. ئێستا دۆخەكە دەخوازێ‌ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەوە كۆبنەوە وەك خۆئامادەكارییەك بۆ هەر ئەگەرێك كە بێتە پێشەوە. ئێستا لیژنەی دەستوور لە پەلەمانی عێراق وا خەریكە دروست دەكرێت بەپێی ماددەی 142ی دەستووری عێراقی هەموار كردنەوەی یاسا دەتوانن بیكەن هەرچەندە نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیشی تێدان بەڵام ئایە مافەكانی خۆی لە دەستووری نوێ‌ یا لەم هەمواركردنەوەی كەوا بەنیازن بیكەن دەتوانن جێگیر بكەن یا وەكو خۆی بیهێڵێتەوە؟!".
ئەم كادیرەی پارتی بۆ گۆڕانكاری پۆستەكانی قەزای سۆران و بەدیاری كراوی پۆستی قایمقامی سۆران و ناوهێنانی ئەو وەك یەكێك لە كاندیدەكانی ئەو پۆستە ئاشكرای كرد: "ئەو پۆستانەی كە لەسۆران چاوی گۆڕانكاری لەسەرە قایمقامیەتی سۆرانە، ئەو پۆستەش بێگومان بەركەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەپێی ئەوەی ئێمە زانیومانە ئەویش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریانەیە كە لە ئایندەدا دەكرێ‌ وە پۆستەكانی تر سنوورەكەش لە ئاستی بەرێوەبەرایەتی ئەوندە شتێكی گەورە نییە لە ڕاگەیاندن باسی لێوەبكرێ‌. لەبارەی ڕێكارەكانی دانانی قایمقامی نوێش,ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كۆمەڵێك كادیر و خەڵكی بەتوانامان هەیە, لیژنەیەكی باڵا لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێنراوە هەموو ئەو كادیرانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و خەڵكی تریش كە مەرج نییە كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان بن دەتوانن سیڤی پێشكەش بكەن. لەبارەی ناوهێنانی منیش بۆ ئەو پۆستە, سیڤی من لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە نەك بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران, بگرە سیڤیم وەكو كادیرێك لە مەكتەبی سیاسییە ئەگەر حزب بە پێویست و شیاوم بزانی بەپێی تەمەن و ڕابردووم و خزمەتم وە ئاستی رۆشەنبیری و زانستیشم بۆ پۆستی قایمقامی سۆران یا بەرێوەبەری گشتی یاخود بریكاری وەزارەتێك دەبێ‌ یا لە شوێنی خۆم دەمێنمەوە وەكوو كادیرێك و سوودم لێدەبینن. من موڵكی خۆم نیم موڵكی ئەم حزبەم وەكو كادیرێك حزب چی بەپێویست بزانی چی بۆمن دابنێ‌ من ئەوە دەكەم. بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران تاكو ئێستا كەس دەست نیشان نەكراوە لە سنووری لقی 10 یا حكومەت داوامانی لێكردبێ‌ بڵێ‌ كێ‌ كاندیدی ئێوەیە شتی وا لەئارادا نەبووە. لە سێ‌ چوار ساڵی ڕابردوو بریار بوو قایمقامیەت بگۆڕدرێ‌ ئەو كات ناوی من هەبوو بۆئەوەی كاندیدبم بۆ ئەو پۆستە بەڵام بەو دوایانە نەخێر بەدیاری كراوی بۆ قایمقامی سۆران نەمن نە هیچ كەسێكیتر نوسراومان لەسەرەوە بۆ نەكراوە".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو