بۆ یەكەم جار داینگەیەك لە رواندز كرایەوە

بۆ یەكەم جار داینگەیەك لە رواندز كرایەوە

ئا/ نیگا ئیسماعیل
بە هۆی نەبوونی داینگە لە ناوەندی قەزای رواندز كێشەی زۆر بۆ ئەو دایك و باوكانە دروست دەبوو كە خاوەنی منداڵن و بە خۆشیان كارمەند یا مامۆستان، یا خاوەن هەر كارێكی دیكەن، ماوەیەك بەر لە ئێستا هاووڵاتییەكی رواندز داینگەیەكی لە گەڕەكی بانەزێوكی ئەو قەزایە كردەوە.
م. شلێر خاوەن داینگەكە بە زاری كرمانجی گووت " ئەمساڵ بیرمان لەوە كردەوە كە بە كردنەوەی داینگەیەك كێشەی زۆربەی دایك و بابی خاوەن كار و ئەركی حكومی كم بكەینەوە، تا بتوانین خزمەتێك بكەن، ئەو داینگەیەی كە كراوەتەوە بە ناوی ( رێسای ناحكومی) جێگەی ژمارەیەكی بەرچاو لە منداڵانی تێدا دەبێتەوە، بە شێوەیەكی سەردەمییانە دروست كراوەو رەچاوی هەموو پێداویستییەكانی داینگەیەكی مۆدیرێن كراوە، بۆ نموونە لە رووی پاك و خاوێنی و خۆراكی پێویست و تەندروست و كەل و پەلی یاری پێكردن و رەخساندنی كەشێكی ئارام".
مامۆستا شلێر، خاوەن ئەم داینگەیە گووتیشی " خزمەتگوزارییەكان بە پێی ئەزموون و پێداچوونەوەیە بە داینگە سەردەمییەكانی سەركەوتوو بۆ نموونە دانانی لیستی زانیاری تەواو بەو منداڵەی دەهێندرێتە دایگەكە، كە زانیاری لەسەر باڵا، كێش، ئاستی فێربوون لە خۆدەگرێت، هەروەها رۆژانە دوو ژەمی خۆراكی سەرەكی و دوو ژەمی لاوەكیشیان بۆ دابین دەكرێت جگە لە میوە، هەروەها فێر كردنی هەندێ بابەتی سەرەتایی كە لەگەڵ تەمەنی ئەم منداڵانە دەنگوجێت و ئەمەش جگە لەوەی هاوكاری منداڵەكانە بۆ گەشەی مێشكی لە هەمانكاتیشدا هاوكاری و كار ئاسانییە بۆ قۆناغەكانی دواتری خوێندن وەك باخچەی ساوایان، ئەم فێركارییانەش چەندین بوار لە خۆی دەگرێت وەك چالاكی هونەری، شانۆ، وێنەكێشان و موزیك و گۆرانی.
هەموو بابەتەكان لای ئێمە تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام رەچاوكردنی بواری تەندروستی لەسەرووی هەموویانە و ستافی داینگە كە لە شەشە كەس پێكهاتوون و خاوەن پسپۆری جیان بەڕێوە دەبردرێت".
ئەم خاوەن داینگەیە گووتی " بە پێی رێنەماییەكانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی منداڵ لە تەمەنی دوو ساڵی تا چوار ساڵی وەردەگرین و بڕی ئەو پارەیەی كە لە دایك و باوكان وەردەگرین، بەپێی ژمارەی رۆژەكان دەبێت، واتە مانگانە، یا هەفتانە، یا رۆژانە، یا خود تەنها چەند كاتژمێرێكە، بە گشتی ئەو پارەیەی وەری دەگرین كمە".
لە كۆتایی قسەكانیدا خاوەن داینگەی رێسای ناحكومی گووتی " بیرۆكەی كردنەوەی ئەم داینگەیە بۆ ئەوە گەرایەوە كە هەستم كرد لە رواندز كارمەندی زۆر هەن و منداڵیان هەیە و ناتوانن وەك پێویست بە كارەكانیان رابگەن و شوێنێكی ئەمین نییە منداڵەكانیان لەوێ دابنێن و چاودێری تەندروستی و پێداویستییەكانیان بكات، هەروەها حەزی خۆم بۆ بەخێوكردن و پەروەردە كردنی منداڵ لەبەر ئەوەی ئەگەر منداڵ لە سەرەتای تەمەنەوە رەچاوی تەندروستی‌و فێربوون‌و تێكەڵبوونی لەگەڵ هاوتەمەنەكانی بكرێت و پەروەردەی باشی بدرێت، تاكێكی سەركەوتووی لێدەردەچێت و دەبێتە كەسێكی كارامەی كۆمەڵگە و بارگرانیش لەسەر دایك و باوكان نامێنێت".

 

زۆرترین بینراو