بیكەین بە گوڵستان، یان كاولستان

هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی

 

لەدۆخێكی ئاوا دژوار و سەختدا کە خەڵک و نیشتمان تیایدا تێدەپەڕێت، زۆرێك لەخەڵك هەن كە ئەكاونت و ژمێرەكانیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا كردۆتە سەنگەرێكی قایمی شەڕی نەگریسی براكوژی، لەم ئەكاونت و پێگە ئەلیكترۆنییە كۆمەڵایەتییانەدا، جەستەی خەڵك ناكوژرێت، بەڵام روحی نەتەوەیی خەڵک دەکوژرێت و وانەی ملکەچبوون و (تەسلیم)بوون بە دوژمنانیان فێردەکەن، خۆزگە كوشتن بوایە، نەوەك ئەو هەموو تێكدان و ویرانكاری و ئاژاوەگێڕی و فەوزا و دووبەرەكییەی كە دروستیانكردووە، ئەو هەموو جنێو و بێڕێزی و تێكشكاندنی یەكتری، ئەو هەموو تفكردن لەیەكتری و لەمێژووی نەتەوەکەیان.

زۆر کاس و سەرسامم بەوەی لەبابەتە بڵاوكراوەكانی ئەو ئەكاونتانەدا، سەدان و بگرە هەزاران كۆمێنتی زۆر ناشیرینتر، پیستر، بۆگەنتر لەخودی بابەتەكە، تۆماردەكرێن، هەزاران لایك و بەدڵبوون لەوێ دادەنرێن، لەهەمانكاتدا بەدەیان خەڵكی دڵسۆز و جدی بابەتی زۆر بەپێز دەنووسن کە گوڵ و ئومێدیان لێدەبارێت، بۆ نمونە لە ئەكاونتی بەڕێز (ج. ق)دا كە دكتۆرای لەوڵاتێكی ئەوروپی لەبواری مێژوودا هێناوە، کاتێک بابەتێک بڵاودەکاتەوە، تەنها هەشت، نۆ كۆمێنت و چواردە، پانزە لایك و بەدڵبوونێکی هەژارانەی تیادا دادەنرێت و هیچیتر!.

لەراستیدا تۆڕی كۆمەڵایەتی زۆرێك لەخەڵكی كوردستانی (تۆڕی) و (بەڕەڵا) و (شێت) و ئاڵۆزكردووە، ئەمەش بە نرخێكی زۆر گران لەسەر کۆمەڵگا و لەسەر پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەکان كەوتووە، لەهەموویان مەترسیدارتر، تۆخكردنەوەی ململانێكان و قووڵكردنەوەی بێمتمانەیی خەڵكە بە حكومەت و حوكمڕانی كوردان، كە لەمبارەوە تەنها دوژمنانی داگیركەری كوردستان لێی سوودمەندن.

مرۆڤ دەتوانێت ئەم ماڵە بچووكانە، ئەم مەملەكەتە بچووكە (فیژوەڵ)انەی ئینتەرنێت، بكاتە گوڵستان و تیایدا ئازادانە رەخنە و رەخنەی زۆر تووندیش تیایدا بچینێت، نەوەك بە ئاگایی و بە بێئاگایی بیكاتە كاولستان و تیایدا ژەهر و قرێژی و ویرانكاری بڕوێنێت و بڵاوبكاتەوەو بیكاتە سەنگەرێكی خۆكوژی.

هاوڕێیان، دۆست و خزم و ئاشنایانی خۆشەویست، لەئێوە دەپرسم و دەڵێم:
(ئێوە مەملەكەتە بچكۆلەكانتان دەكەن بەچی، گوڵستان، یان كاولستان؟!)، بۆ وەڵامدانەوە، سەیرێکی بابەتەبڵاوکراوەکانتان بکەن، بە کۆمێنتەکانتاندا بچنەوە کە لەهەفتەی رابردوودا لەسەر بابەتە جیاجیاکاندا تۆمارتانکردووە، بزانن ئێوە کار بۆ گوڵستان دەکەن یاخود کاولستان؟

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو