بێكهام 17 ساڵ پێش ئێستا چووە ریال

بێكهام 17 ساڵ پێش ئێستا چووە ریال

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان : ئەمڕۆ 17 ساڵ بەسەر پەیوەندیكردنی دەیڤد بێكهام، ئەستێرەی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تێدەپەڕێت، گرێبەستێك كە چیرۆكی سەرنجڕاكێشی لە پشتەوەیە.
هاوینی 2003 ئەو یاریزانە كە لە مانچێستەر یونایتد یاری دەكرد، نزیكبوو لەوەی پەیوەندی بە ریزەكانی یانەی بەرشەلۆنەوە بكات، لەكاتێكدا هەردوو یانە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە یاریزانە ئینگلیزییەكە پەیوەندی بە بەرشەوە بكات، بەڵام تەواو پێچەوانە روویدا و یاریزانەكە بەرامبەر 37 ملیۆن یۆرۆ چووە ریال مەدرید و بۆ چوار ساڵ گرێبەستی لەگەڵدا كرا.
كاتێك بێكهام گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆكرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز گورزێكی گەورەی لە خوان لاپۆرتادا، لەكاتێكدا لە هەموو بانگەشەكانیدا بۆ سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە، گواستنەوەی بێكهامی وەك كارتێكی بەهێز بەكاردەهێنا.
دەیڤد چووە ریال مەدرید، رۆژی2-7-2003 دوای تەواوكردنی پشكنینەكان بەفەرمی بووە یاریزانی یانەكە، 500 رۆژنامەوان لە 25 وڵاتی جیاواز رووماڵی ناساندنی ئەو یاریزانەیان كرد، ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ، ئەستێرەو ئەفسانەی ریال مەدرید بە ئامادەبوونی سەرۆك و تێكڕای بەرپرسانی یانەكە درێسی ژمارە 23ی ریال مەدریدی بەخشیە بێكهام.
هەفتەیەك بەرلەوەی بێكهام بچێتە ریال مەدرید، یانەكە گرێبەستی لەگەڵ كارلۆس كیرۆش واژۆكردو بە راهێنەری نوێ دەستنیشانكرا، ئەمەش بە مانای ئەوەی كە ئیدی بێكهام كوڕی یانەكەیە، بەتایبەت كە پێشتر هەردووكیان لە مانچێستەر یونایتد بوون، بێكهام وەك یاریزان و كارلۆس كیرۆشیش وەك یاریدەدەری سێر ئەلێكس فێرگسۆن، راهێنەری ئەو كاتی یانە ئینگلیزییەكە.
لە هاویندا ریال مەدرید بۆ كەمپێكی مەشق و راهێنان چووە رۆژهەڵاتی ئاسیا، ناوبانگی بێكهام دەنگدانەوەی زۆری درووستكردو بەهۆی ئەو یاریزانە بازارگەرمی ریال مەدرید پێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئەو جگە لەوەی بووە یاریزانی یانەكە، بووە ئاماژەو خێرێكی گەورەش بۆ بازرگانی و ریال مەدریدیش سەنگێكی زیاتر لەو ناوچەیە پەیداكرد.
بۆچی بێكهام لە ریال مەدرید درێسی ژمارە 23ـی هەڵبژارد؟
لەكاتێكدا پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید بكات، یاریزانەكە بەدرێسی ژمارە 7 لە مانچێستەر یونایتد یاری دەكردو بەو ژمارەیە بەناوبانگ بوو، بەڵام كە چووە یانە ئیسپانییەكە نەیتوانی ئەو درێسە وەربگرێت، بەتایبەت كە رائول گۆنزالێس هێرشبەری پێشووی یانەكە خاوەنی ئەو درێسە بوو، بێكهام نزیكبوو لەوەی بڕیار بدات بە درێسی ژمارە 77 لە ریال مەدرید دەربكەوێت، بەڵام دوای بیركردنەوەو بەهۆی خۆشەویستی بۆ مایكل جۆردان، ئەستێرەی بەناوبانگی باسكەی ئەمریكا، بڕیار دەدات درێسی ژمارە 23 بپۆشێت.
دەیڤد بێكهام ماوەی 4 وەرز لە یانەی ریال مەدرید یاری كرد، 155 یاری بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامداو 20 گۆڵی تۆماركرد، نازناوی لالیگای وەرزی 2007-2006 و جامی سوپەری ئیسپانیای 2003ی لەگەڵ یانەكە بردەوە.

زۆرترین بینراو