بێوار عیزەت حەز بە نوێ گەری دەكات

بێوار عیزەت حەز بە نوێ گەری دەكات

ئا/ هۆژین شەوكەت
بێوار عیزەت، گۆرانیبێژی لاوی كورد نوێترین ڤیدیۆ كلیپی خۆی بە ناوی وەیلۆر لە كەناڵی تایبەتی یوتیوبی ئاڤا ئینتەرتەینمێنت بڵاوكردەوە.
سەبارەت بەم ڤیدیۆ كلیپە بێوار عیزەت بە زاری كرمانجی گووت" ئەم گۆرانییە بە ئەسڵ هی دەڤەری خۆمانە كە دەكاتە چارچەلی هەركییان، پەیڤی گۆرانییەكە لەلایەن فەرسەت ستونییەوە دانراوە، كاری موزیكەكەی لە Bass Studio بۆی ئەنجامدراوە، كاری میكس و ماسترینگی لەلایەن Samo Music بۆیكراوە، كاری سۆلۆی موزیكی لەلایەن جێگر سەباح ئەنجامدراوە ".
دەربارەی ئەوەی كە بۆچی بڕیاری دا بەم شێوازە مۆدێرنە ئەم گۆرانییە بڵێتەوە بێوار گووتی" هیچ كات نابێت مرۆڤ لە فەرهەنگ و كولتووری خۆی دوور بكەوێتەوە، منیش هەندیك كات حەز دەكەم نوێگەری بكەم لە كارەكانمدا و گۆرانی كۆنەكان نوێ بكەمەوە، بۆیە بڕیارم دا بە شێوازێكی مۆدێرن كاری لەسەر ئەم بەرهەمە بكەم".
گووتیشی" كلیپەكە لە لایەن عادل ئاكرەییەوە كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، ئەوانەی بەشدارییان لە كلیپەكەش كردووە خەڵكی كۆڵومبیا و ڤەنزوێلان و هەموویان هاوڕێی منن، لە ئێستاشدا گۆرانییەكی ترم ئامادەیە كە كاری كلیپیشم بۆی ئەنجامداوە، كاری ئەو گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپەم لە وڵاتی میسر كردووە، دەرهێنەری ئەم كلیپەش هەر عادل ئاكرەییە، گۆرانییەكە شێوازی پۆپە بە زاراوەی سۆرانی گووتوومە و لە ماوەیەكی نزیكدا بڵاودەبێتەوە".
بێوار عیزەت خاوەنی چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ كلیپە، كلیپەكانی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بینەرێكی زۆریان هەیە، مەرجان یەكێكە لە ڤیدیۆ كلیپە بەناوبانگەكانی و لەم ماوەیەدا چەندین ڤیدیۆ كلیپی تری بڵاوكردۆتەوە و كارێكی تریشی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە".

 

 

 

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو