بەبێ ڕەزامەندی پارتی، یەكێتی هەرگیز ناتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركووك بەدەست بهێنێت

بەبێ ڕەزامەندی پارتی، یەكێتی هەرگیز ناتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركووك بەدەست بهێنێت

دیدار- ڕائیب شێروانی
د. رێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد،پارتی 7 مانگ لە تەمەنی كابینەی تازەی كردە قوربانی كێشەكانی یەكێتی، بەڵام لەمەودوا پارتی هەرگیز چاوەڕێی یەكێتی ناكات بۆ ناو حكوومەت. دەشڵێ، یەكێتی داوای چارەكردنی كێشەكانی كەركووك ناكات، بەڵكو داوای پۆستێك لە پارتی دەكات، كە پۆستی پارێزگاری كەركووكە، ئەوەی كە دەبێتە پارێزگار، دەبێت رەزامەندی پارتی لەسەر بێت ئەگەرنا هەرگیز یەكێتی ناتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركووك بە دەست بهێنێت.
بابكەیی، دەڵێ:" هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتی روون و ئاشكرا بوو، كاتژمێرەكانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هەندێك پێشنیار و ناوی تازەیان هێنا، بۆ ئەوەی پارتی ناچار بكەن لە دەرەوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە ڕازی بێت و ناچار بكرێت لەسەر یەكێك لەو ناوانە ڕازی بێت كە بەشدار بوونە لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری كەركووك، بەڵام پارتی ئەو ناوانەی ڕەت كردەوە و سەركردایەتی یەكێتی ئەو كاتە داوای لە فراكسیۆنی یەكێتی كرد كە بەشدار نەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەنگ نەدەن.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی روونیشیكردەوە:" هەر كاتێك كێشە و گیروگرفتەكانی ناو یەكێتی فراوان بوون، ئەو كاتە هەوڵدەدات كێشەكانی هەناردەی دەرەوەی یەكێتی بكات، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت دوا بكەوێت، پارتی 7 مانگ لە تەمەنی كابینەی تازەی كردە قوربانی كێشەكانی یەكێتی، بەڵام لەمەودوا پارتی هەرگیز چاوەڕێی یەكێتی ناكات بۆ ناو حكوومەت، ئەو دەرگایەش دانەخراوە بۆ ئەوەی ئەو دەرگایە بكاتەوە، بۆیە بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لە دەنگنەدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، هیچ كاریگەریەكی نەرێنی لەسەر حكوومەت دروست ناكات، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی كە سەرۆكی كابینەی داهاتوو ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەرچی ماوەی 30 رۆژی لە بەردەمە كە كابینەكە رابگەیەنێت، بەڵام پێموایە كەمتر لەو 30 رۆژە مەسروور بارزانی كابینەكەی خۆی رادەگەیەنێت، بە هەبوونی یەكێتی، یان بە بێ بوونی یەكێتی، تاكو ئێستا لەلایەن پارتییەوە بە فەرمی دەرگای هاتنە ژوورەوەی یەكێتی بۆ ناو حكوومەت دانەخراوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان هەرگیز بە یەكێتی ناڵێ وەرن فەرموون وەرنەوە ناو حكوومەت و رێككەوتننامەیەكی دیكە لەگەڵ یەكێتی ئیمزا بكات، بۆیە حكوومەت پێك دێت، ئینجا بابەتی یەكێتی بۆ هەڵوێستی ئەو حزبە دەمێنێتەوە، چۆن ئەوان بڕیاریان دا لە حكوومەت بەشداری نەكەن، هەر بەو شێوەیە پێویستە ئەو هەڵوێستەی خۆیان چاك بكەنەوە، ئینجا خۆیان بریار بدەن بێن بۆ ناو حكوومەت، ئەو كاتە پارتی بڕیار دەدات ئەوان بێنە نێو حكوومەت.
د. رێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" پرسی كەركووك و بەغدا لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكوومەت لە هەرێم سێ پرسی زۆر لێك جیاوازن، دەكرێت دوای پێكهێنانی حكوومەت لەسەر هەر دوو مەلەفی دیكە رێك بكەوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارتی لاری نەبووە كە ئەم سێ پرسە بە یەكەوە ببەسترێنەوە، چونكە وەكو باسم كرد پارتی حەوت مانگ لە تەمەنی كابینەی تازەی كردە قوربانی خواستەكانی یەكێتی، ئاریشە و كێشەكانی یەكێتی بۆ ئەوە بووە كە بەشدار بێت لە پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام سەرباری ئەوەش یەكێتی دوو جار لە كاتژمێرەكانی دوایی بەشداریان نەكردووە لەو پرۆسانەی كە پێویست بوونە بۆ پێكهێنانی حكوومەت و لەسەری رێككەوتوونە، هەوڵیان دا كە ئەو پرۆسانە سەر نەگرێت، لەوانە لە 18-2-2019 هەوڵماندا كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین، دیسان فراكسیۆنی یەكێتی بە بڕیارێكی سیاسی حزبەكەیان بەشداریان نەكرد لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، هەر دیسان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم فراكسیۆنی یەكێتی لە دوا ساتەكاندا بەشداری نەكرد، سەرباری ئەوەی كە سێ مەلەفی جیاوازن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش كە پارتی لاری نەبووە هەر سێ مەلەفەكە بە یەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێت دوو رێككەوتننامە و پاشكۆیەك لەسەر ئەو ئەساسە لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی پابەند نەبووە بە رێككەوتنەكان و ئەوە خودی یەكێتی بووە جارێكی دیكە ئالۆزی دروستكردەوە و هەوڵی داوە لە دەرەوەی دەقی رێككەوتنەكان سیغەیەكی یاسایی، یان سیغەیەكی سیاسی بسەپێنێت بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ئەمە لەلایەن پارتییەوە رەتكرایەوە.
سەبارەت بەوەی ئەو گرفتانەی كە لەناو یەكێتی هەن تاچەند پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە؟ د. رێبوار بابكەیی، دەڵێ:" ئەوە كێشەی ناو حزبێكی دیاریكراوە، بەڵام ئەم حزبە كاتێك كێشەكانی خۆی ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت، ئەو كاتە پەیوەندی بە پارتی و تەواوی هێز و لایەنەكانەوە هەیە، چونكە كێشەكانی نێو یەكێتی زۆر قووڵن، زۆر فراوان، لەبەر ئەوەی تاكو ئێستا یەكێتی كەسایەتیەكی نەبووە كە برا گەورەیی بۆ بكات و هەموو پابەند بن بە بڕیارێك كەلە لایەن كەسێكەوە دەردەچێت، هەر گرووپێك بۆ خۆی براگەورەیە، هەر گرووپێك بۆ خۆی حزبێكی بچووكە لەناو یەكێتی، بۆیە نەبوونی قەرارێكی سیاسی مەركەزی لەنێو یەكێتی دا وای كرد كە چەند قەرارێكی سیاسی هەبێت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە دوای ئەوەی رێككەوتنەكان واژوو بكرێن لەلایەن سكرتێری ئەو حزبە، بەڵام رێز لە ئیمزای ئەو كەسە نەگرن، چونكە بوونی سەرچاوەیەكی زۆری قەرار لەناو یەكێتی وای كرد كە دواجار رێز لە ئیمزای كۆسرەت رەسوول نەگرن و نەكەن بە برا گەورەی خۆیان، رێككەوتنەكان هەڵبوەشێنەوە، یان پێوە پابەند نەبن، بۆیە ئەو جۆرە كێشانە ئەگەر چی كێشەی حزبین و پەیوەستن بە نێو یەكێتییەوە، بەڵام دواجار هەوڵیان داوە كە ببەستنەوە بە پرسی پێكهێنانی حكوومەت، هەروەكو چۆن بڕیاریاندا فراكسیۆنی یەكێتی بەشدار نەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، بەڵام بە بایكۆتەكەیان فراكسیۆنی یەكێتی نەیتوانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم پەك بخات، بەڵكو پرۆسەكە زۆر بە ئاسایی بەڕێوەچوو و دواجار سەرۆك هەڵبژێردرا، كەوا بێت بۆچی فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد، لە كاتێكدا كە رێككەوتنێك هەیە، بۆیە وا باشتر بوو كە فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كردبایە، دەنگی بە سەرۆكی هەرێم دابایە، چونكە فراكسیۆنی یەكێتی دەنگی دا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە پێویستبوو بەشداریان كردبایە و بە دەنگی خۆیان سەرۆك هەڵبژێردرابایە، ئەو كاتە دوای ئەوەی كە سەرۆك هەڵبژێردرا ئەو كاتە دەیانتوانی باشتر فشار بخەنە سەر پارتی و هەوڵیان دابایە داواكارییەكانیان لە چوارچێوەی دەقی رێككەوتننامەكە جێبەجێ كردبایە، بەڵام ئێستا وەكو كوردەواری خۆمان دەڵێین یەكێتی هەم خۆی لە قەلەكەی كرد، هەمیش خۆی لە مریشكەكەی كرد، بۆیە پێموایە جگە لە زیان گەیاندن بە یەكێتی، ئەو هەڵوێستەی فراكسیۆنی یەكێتی نەیتوانی سوود بگەیەنێت بە حزبەكەی.
د. رێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەكردەوە:" بابەتی كەركووك بابەتێكی حزبی نییە، تاكو یەكێتی خۆی بكاتە خاوەنی، بەڵكو بابەتێكی نیشتمانییە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئەوە روون بێت بۆ خەڵكی كوردستان و خەڵكی كەركووك كە یەكێتی داوای چارەكردنی كێشەكانی كەركووك ناكات، داوای چارەكردنی كێشەی هاووڵاتیان ناكات لە پارتی، بەڵكو داوای پۆستێك دەكات لە پارتی، كە پۆستی پارێزگاری كەركووكە، ئینجا لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر یەكێتی پێیوایە پرسی كەركووك پرسێكە پەیوەندی بە ئیستحقاقی هەڵبژاردنەوە هەیە، یەكێتی 6 كورسی لە پەرلەمان هێناوە، نەك لە ئەنجوومەنی پارێزگا، چونكە تاوەكو ئێستا زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پارتی دیموكراتی كوردستانن، با بچێت بۆ خۆ كەسێك دیاری بكات و بكاتە پارێزگار، بەڵام یەكێتی سەرباری ئەوەی كە هەوڵێكی زۆری دا و لە دەرگای زۆر شوێن دا، بەڵام هەموو هەوڵەكانی شكەست هێناو جارێكی دیكە گەڕایەوە و لە دەرگای پارتی دا، كەواتە یەكێتی سەرباری هەوڵەكانی بەبێ پارتی بەڵام نەیتوانی كەسێك هەڵبژێرێت وەكو پارێزگاری كەركووك، كەواتە پێویستە یەكێتی لەگەڵ پارتی بە یەكەوە ڕەزامەند بن لەسەر كەسایەتیەك، چونكە رەزامەندی پارتی لەسەر كەسێك كە ببێت بە پارێزگار، دواجار پرۆسەكە بە ئاسایی كۆتایی پێ دێنێت، بۆیە یەكێتی لە راستیدا خۆی توشی سەخلەتێكی سیاسی گەورەی كردووە، هەوڵدەدات گێچەڵی سیاسی بە پارتی بكات سەبارەت بە كەركووك، دەیەوێت ئەوانەی دەستیان لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هەبووە یەكێك لەوانە بكاتە پارێزگاری كەركووك، ئەمەش لەلای پارتی قابیلی قبوول نیە، چونكە ئەوەی كە دەبێتە پارێزگاری كەركووك، لەومەودوا دەبێت پێویستە رەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر بێت، بۆیە ئەگەر رەزامەندی پارتی لەسەر ناوێك نەبێت هەرگیز یەكێتی ناتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركووك بە دەست بهێنێت".

زۆرترین بینراو