بەدواداچوون بۆ كێشەی تاپۆكردنی زەوییەكانی چۆمان دەكرێت

بەدواداچوون بۆ كێشەی تاپۆكردنی زەوییەكانی چۆمان دەكرێت

زاری كرمانجی-سۆران: وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زەویە زێدەڕۆییەكان یاسایەكی تایبەت دەرچوو، بێگومان ئەمەش زیاتر بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان بوو، بەڵام لە سنووری قەزای چۆمان و دەوروبەری ئەو یاسایە كە دەگووترێت بەپێی ئەو یاسایە موڵك و زەویەكانی ئەو سنوورە تاپۆ دەكرێت و ئەمەش گلەیی زۆری هاووڵاتییانی لێكەوتەوە، بەدڵنیاییەوە ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵ دەدەین بەدواداچوون بۆ ئەو گرفتەی هاووڵاتییانی باڵەكایەتی بكەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكوومەت راوێژ بكەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەم سنوورەش ببنە خاوەنی موڵك و خانووی خۆیان بە شێوەیەكی گونجاو.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان سەبارەت بە كوژاندنەوەی زەوییەكانی ئەم دەڤەرە بە یاسای ژمارە 90ـی ساڵی 1975 بە بڕیارێكی سیاسی ئەو كاتی حكوومەتی عێراق، رایگەیاند: هەرچەندە ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بە ژمارە 3ـی ساڵی 2019 بۆ سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە، بەڵام یەكێك لە تێبینییەكان ئەوەیە بۆچی پێشتر بە بڕیارێكی سیاسی موڵك و زەوی هاووڵاتییان لە خاوەنەكانیان وەرگیراوەتەوە وكراوەتە موڵكی میری، ئێستاش رەچاوی دەربەدەری و قوربانیدان و راگواستنی ناوچەكە نەكراوە، ئەمە پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە لە حكوومەت كۆبوونەوە ئەنجام بدەین و بگەینە رێگەچارەیەك لەگەڵ دۆخی ئابووری هاووڵاتییان و قوربانیدانی خەڵكی ئەو ناوچەیەش یەكبگرێتەوە.
گووتیشی: دەڤەری باڵەكایەتی بەهۆی رۆڵی دیاری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەتایبەتی لە شۆرشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز، یەكێك بووە لەو شوێنانەی زۆرترین زیانمەندی تێدا بووە، خەڵكەكەی لەسەر زێدی خۆیان بۆ كۆمەڵگا زۆرە ملێكان و شارەكانی خواروو و ناوەراستی عێراق راگوێزراون، گوندەكانی سووتێندراون و خەڵكەكەی قوربانی زۆری دیوە، بۆیە هەوڵ دەدەین ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنەكان دیراسە بكەین، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشەو گرفتانە بكرێت.

 

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو