بەدەیان هەزار خێزانی غەیرە كورد بۆ رویان لە شارەكانی هەرێم كردووە

بەدەیان هەزار خێزانی غەیرە كورد بۆ رویان لە شارەكانی هەرێم كردووە

بەدەیان هەزار خێزانی غەیرە كورد بۆ رویان لە شارەكانی هەرێم كردووە


زاری كرمانجی- هەولێر: لە راگەیاندنێكیدا، كە دانەیەكیان بۆ زاری كرمانجی ناردووە، رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە داوە هەزاران خێزانی غەیرە كورد بۆ پاراستنی گیانیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمیش بەبێ رەچاوكردنی جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و رەگەزی هاوكاری كردوون.
لە سەرەتای راگەیاندنەكە هاتووە" تا 4ی ئاداری 2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی (3371) كەس لە رفێندراوەكانی دەستی داعش رزگار بكات كە (1165) ئافرەت، (337) پیاو، (967) منداڵی كچ و (893) منداڵی كوڕن".
د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لەبارەی كەمایەتییە ئاینییەكانەوە دەڵێت "حكومەتی هەرێم بە یاسا هەموو چەشنە جیاكارییەكی لە بناغەی نەژاد، ڕەنگ‌، ڕەگەز، زمان، پێگەی كۆمەڵایەتی وڵاتنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، هزر، تەمەن، باری ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، یان كەم ئەندامی قەدەغە كردووە و بێ جیاوازی هەموو دەرگاكانی هەرێمی واڵا كردووە و تا ئێستا بەدەیان هەزار خێزانی مەسیحی، ئێزدی، توركمان و عەرەب لەناوچەكانی باشوور و ناوەراستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان رویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمیش بەپێی توانا هەموو ئاسانكارییەكی بۆ ئەنجامداون‌ و ئێستاش وەك هەموو هاووڵاتییەكی دیكەی كوردستان ژیانی رۆژانەی خۆیان بەبێ هیچ فشارێك دەبەنەسەر".
زێباری راشیگەیاند :"حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستوەتە گەڕ بۆ هاوكاری كردنی ئەو كەمایەتییانەی كە بەهۆی هێرشەكانی داعش لە عێراق زیانیان بەركەوتووە. بۆ نموونە دوای داگیركردنی شنگال (6284) هاووڵاتی كوردی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە رفێندران لەوانە 3467 مێ و 2817 نێر حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی خۆی چڕ كردەوە بۆ رزگاركردنیان، لە رۆژی 25-11-2014 لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازاد كردنیان بۆ ئەم مەبەستەش بڕێك پارەی بۆ ئەو كەسانە تەرخان كردووە كە هەر ئافرەتێك ئازاد دەكات یان بە زانیاری یارمەتی ئازاد كردنیان بدات. دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی.
لە درێژەی قسەكانیدا زێباری رایگەیاند "بە هەوڵەكانی حكومەت تا رێكەوتی ٤ی ئاداری 2019 (3371) كەس لەوانە (1165) ئافرەت و (337)پیاو، (967)منداڵی كچ و(893) منداڵی كوڕ لەدەستی داعش رزگار كراون و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ رزگار كردنی ئەوانەی لە دەست داعش ماون، هەروەها بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناحكومیەكان كار دەكات بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەت و منداڵانەی كە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
زێباری، زیاتر گووتی:"ئاینییەكانی كوردستان بە ئازادی یادی جەژن و بۆنەكانیان دەكەن و یادەكانیان بە جەژنی رسمی و پشوو دادەنرێت لە هەرێم وەك جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزیدییەكان و چەندین جەژن و بۆنەی دیكە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری بۆ توركمان و سریانی لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە بارەگای ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە لە هەولێرە و بەڕێوەبەرایەتی سریانی لە دهۆك هەیە، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا بە زمانی سریانییە بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە كریستیانی زۆرە‌ وەك (هەولێر- عەنكاوە، شەقڵاوە، كۆیە، دیانا، هاودیان و هەرمۆتە لەكۆیە هەروەها لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەك حەمدانییە، بەرتلە‌، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئەلقۆش، لەلایەكی دیكەوە دەستەیە‌كی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك سەرپەرشتی خوێندنی ئایینی ئێزیدی دەكات كە زۆربەیان لە سنووری شاری دهۆك و زیاتریش لە شاری موسلە".
ئاشكراشی كرد " حكومەتی هەرێمی پاڵپشتی دارایی ژمارەیەك ناوەندی ڕۆشنبیری، تیپی هونەری توركمانی، كلدانی، ئاشووری، ئێزیدی، لە لایەن وەزارەتەوە كراوە، لە ڕێگای هاریكاری كردنیان و گرنگیدان بە داب ونەریت و كەلەپووری دێرینیان وەك دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی سریانی و چاپكردنی سەدان كتێب بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی، سریانی، توركمانی".
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند " ئەگەرچی زۆرێك لە كەمایەتییەكان ناوچەكانیان رزگار كراوە، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی خۆیان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەمنی و پارێزراوبوونی ژیانی كەمایەتییە ئاینییەكان لە هەرێمی كوردستان. لە شنگال پاش هاتنی حەشدی شەعبی و هەروەها بوونی پەكەكە و دروستبوونی شەڕ و پێكدادان لەو ناوچەیە، نزیكەی 800خێزان گەڕاونەتەوە كەمپەكانی دهۆك. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كەمپەكان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش پارێزراون و تا ئێستا هیچ مەترسیەك لەسەر ژیانی ئاوارەكان وكەمایەتییەكان نییه. سەبارەت بە شێوازی مامەڵە كردنی هێزەكانی پێشمەرگە پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ مامەڵەی خراپ لەگەڵ كەمایەتییە ئایینییەكان نەكراوە و بە هیچ شێوەیەك ماڵ و خانووی كەس نەرووخێندراوە و تاڵان نەكراوە. هەروەها داوا لە ئێزیدییەكان نە كراوە كە وەكو كورد خۆیان بناسێنن، هەروەها هیچكات ناچار نەكراون بە زۆر پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن".

زۆرترین بینراو