بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا

بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا

ئا: رائیب شێروانی
زیادبوونی خواستی بەكارهێنانی كارەبا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بەردەوامە و پێشبینیدەكرێت لە داهاتوودا ئەو خواستە زیاتریش ببێت، هاووڵاتیانیش گلەیی لە كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا دەكەن. بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران دەڵێ:" پێناچێت لەم وەرزە رەوشی كارەبا باشتر بێت.
دیاری شەمسەدین، هاووڵاتیەكی سۆرانە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین وەكو یەك تەماشای هەموو هاوبەشانی كارەبا بكەن، نەك كارەبای هەژاران ببڕن و سزا بدەن، كارەبای بەرپرسانیش وەكو خۆ بمێنێت و سزا نەدەن.
زیاد موحسێن، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" هەر دوو مانگ جارێك زیاتر لە 35 هەزار دینار كرێی كارەبا دەدەم، ئەگەر هەموو هاووڵاتییەك پێوەر ببەستێ و بە زێدەڕۆیی كارەبا رانەكێشێت ناچارە وەكو من پارەی كارەبا بدات، بەوەش هەم پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، هەمیش كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دەبن.
بەشار خورشید، ئەویش كە خەڵكی سۆرانە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" كارەبا وەكو ترافیك لێ هاتووە، هەر دێت و دەڕوات، ئەوەش ئێمەی بە تەواوەتی نیگەران كردووە، جگە لەوەی كاتەكانی پێدانی كارەبا كەمبۆتەوە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكەن، بۆ ئەوەی لە بێ كارەبایی ڕزگار بین.
فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند:" پێدانی كارەبای نیشتمانی بە خەڵكی قەزاكانی سنووری سۆران بەپێی ئەو خشتەی دانراوە دەدرێت و رۆژانە 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران دەشڵێ:" وەرزی گەرمایە، رەنگە رۆژ بۆ رۆژ كەشوهەوا گەرمتر ببێت، بۆیە پێناچێت رەوشی كارەبا باشتر بێت، یان بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، یان كاتەكانی پێدانی كارەبا كەمتر دەبنەوە.
فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران روونیشی كردەوە :" زۆربەی پڕۆژەكانی كارەبا راگیراون، ئەوەش لەبەر قەیرانی داراییە، ئەگەرنا پرۆژەی زۆر باش هەن، پرۆژەی دروستكردنی وێسگەی بەرهەمهێنانی كارەبا، پرۆژەی گواستنەوەی تەلەكانی كارەبا لە نێوان هەولێر و سۆران، بۆ ئەو پرۆژانە بەردی بناغەش دانراوە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی وەستاون.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران جەختی لەوەشكردەوە:" گوند هەیە تا ئێستا كارەبای نیشتمانی پێ نەگەیشتووە، بەڵام گوندەكان زیاتر وەرزینە، ئەوانەن كە تەنیا خەڵك هاوینان رووی تێدەكات، ئەگەرنا گوندەكانی دیكە هەمووی كارەبای نیشتمانی بۆ چووە.
فەیسەل حوسێن، ئەوەشی دركاند:"هەڵمەتی بڕینی دیارەی زێدەڕۆیی بۆ سەر كارەبا هەر بەردەوامە، بەڵام وەكو پێشتر نییە، زێدەڕۆییش هەر هەیە، خەڵك زێدەڕۆیی كردۆتە سەر كارەبا، بەڵام لە جاران زۆر كەمترە، چونكە پێشتر سەعات بۆ خەڵك بەسترا، كارەبای زۆر كەس بڕا، یان ئەوانەی قەرزدار بوون كارەبایان بڕا، ئەوانەی دوو خەتیان هەیە سەعاتیان بۆ دانرا، بۆیە دیارەكە كەم بووە، بەڵام هەر ماوە.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران ئاشكراشی كرد:" خەڵك هەیە لەگەڵ تیمەكانی ئێمە هاوكارە، هەشە هاوكار نییە و هاوبەشانی كارەبا لە سنووری قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان نزیكەی 60 ملیار دینار قەرزدارن".
فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران گووتیشی:" كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی ئیمكانیات و كەلوپەلی یەدەكە لە كۆگاكان ئەو كێشەیە رۆژانە رووبەروومان دەبێتەوە".

زۆرترین بینراو