بەرشەلۆنە نیازی هێنانەوەی گواردیۆلای هەیە

بەرشەلۆنە نیازی هێنانەوەی گواردیۆلای هەیە

زاری كرمانجی- ئاژانسە هەواڵییە وەرزشییەكان: دوای لێدوانە ئەرێنییەكەی بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سەبارەت بە گەڕانەوەی پیپ گواردیۆلا بۆ ماڵە كۆنەكەی خۆی، رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كردوە كە یانەی بەرشەلۆنە لە راستیدا كارەكانی بۆ گەڕانەوەی راهێنەرە كۆنەكەی خۆی دەستپێكردوە.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاویكردۆتەوە، كە پیپ گواردیۆلا بە بایەخی بەرشەلۆنە دەزانێت و هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی نوێ‌ نەكردۆتەوە، لە هەمان كاتیشدا بەرشە بۆ گەڕانەوەی راهێنەرەكەی هەوڵەكانی دەستپێكردوەو لەگەڵ پیپ هاتۆتە سەرهێڵ، بۆ ئەوەی گواردیۆلا لە وەرزی داهاتوودا شوێنی ڤاڵڤێردی بگرێتەوە, هەر سەبارەت بە گەڕانەوەی گواردیۆلا رۆژنامەیەكی ئیتالی بە ناوی (la republica) بڵاویكردۆتەوە كە پەیامی سەرۆكی بەرشەلۆنە كاتێك رایگەیاند دەرگای بەرشەلۆنە بۆ گواردیۆلا هەمیشە كراوەیە, مانای ئەوەیە كە ئەوان پێیان خۆشە ئەو بگەڕێتەوە، ئەوەی كە كارەكەش ئاسانتر دەكات ئەوەیە كە ئەوە چوارەمین ساڵی راهێنەرە ئیسپانییەكەیە لە مانچستەر سیتی هەر خۆشی لە 4 ساڵ زیاتر لە هیچ یانەیەك نامێنێتەوە، لە كاتێكشدا ئەنجامەكانی یانەكە زۆر باش نین، بە تایبەتی لە پرێمەرلیگدا.
جێی ئاماژە پێكردنە پێشتر گواردیۆلا لە چەندین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی رایگەیاندبوو، كە قورسە جارێكی دیكە بۆ بەرشە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت و لە میدیاكان باسی لێوە دەكرێت، ئەوەیە كە هیچ دوور نیە گواردیۆلا بۆ وەرزی داهاتوو جارێكی دیكە مەشق بە یانەی بەرشەلۆنە بكاتەوە.

زۆرترین بینراو