بەرشە گەڕاندنەوەی نیماری یەكلایی كردەوە

بەرشە گەڕاندنەوەی نیماری یەكلایی كردەوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە بارەی گواستنەوەی نەیمار داسیلڤا بڕیاری كۆتاییان داوە پێش ئەوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بكرێتەوە.
رۆژنامەی ماركا لە هەواڵێكیدا ئاشكرایكردوە، بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە دانیان بەوەدا ناوە كە لە بابەتی گواستنەوەی نەیمار شكستیان هێناوەو بابەتی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان داخستوە، داواشیان لە رۆژنامەكانی نزیك لە یانەكەیان كردوە ئەو بابەتە پشتگوێ بخەن و چیدی باس لە گەڕانەوەی ئەو یاریزانە نەكەن بۆ یانەی بەرشەلۆنە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكراكردوە، هۆكاری پشتگوێ خستنی نەیمارو گرنگە نەدان بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو یانەیە دووچاری قەیرانێكی دارایی قووڵ بۆتەوەو ناتوانێ نەیمار بۆ یانەكەی بگەڕێنێتەوە.
هاوینی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی زۆریدا بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە بەڕازیلیە، بەڵام دواجار بەهۆی تێچوونی زۆری گرێبەستەكەوە نەیانتوانی ئەو یاریزانە بۆ یانەكەیان بگەڕێنەوە، لە ئێستادا یاریزانەكەش دڵنیا بۆتەوە لەوەی یانەی بەرشەلۆنە ناتوانێت هەوڵی گواستنەوەی بدات بەهۆی قەیرانی داراییەوە.

زۆرترین بینراو