بەرهەمی 700 دار زەیتون كرا بە زەیت بۆ چراكانی لالشی ئێزدییەكان

بەرهەمی 700 دار زەیتون كرا بە زەیت بۆ چراكانی لالشی ئێزدییەكان

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : لە مەزارگەی لالش كە پیرۆزترین شوێنی ئێزدییەكانی كوردستان و عێراق و جیهانە دەكەوێتە قەزای شێخان ، بەرهەمێكی زۆری دار زەیتونی هەیە و ساڵانە دوای رەنینی ئەو زەیتونانە بەهەروەرز دەكرێت بە زەیت و دواتر وەك ماددەیەك بۆ چراكانی رۆناكی ناو لالش بەكاردێنن كە ژمارەیان 366 چرایە.
لوقمان سەلیم ، بەرپرسی نووسینگەی پەرستگای لالش بە زاری كرمانجی گووت" بە بەشداری میری ئێزدییەكان و بابە شێخ رێورەسمی دروستكردنی زەیت لە پەرستگای لالش دەستپێكردووە و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام دەبێت زیاتر لە 50 كەس لە هەردوو رەگەز بەشدارن لە دروستكردنی زەیتی زەیتون لە بەرهەمی دار زەیتونەكانی لالش, بەرهەمی دار زەیتونەكانی لالش حەوت سەد دار زەیتونە كە ئەم بەرهەمە لە كۆگاكان هەڵگیرابوون لە ئێستا دا دەكرێنە زەیت بە شێوازی كۆنی جاران بێ‌ ئەوەی یەك ئامێر بەكاربهێنرێت دوای دروستكردنی جارێكی تر هەڵدەگیرێت لەناو جەركەكانی كۆنی پەرستگا بۆ ئەوەی ئەو 366 چرایانەی لەناو پەرستگا هەن هەڵبكەن ئەو چرایانە رۆژانە هەڵدەكرێن لەلایەن چاودێرانی پەرستگاوە هەروەها ژمارەیەك هاووڵاتی سەردانی پەرستگا دەكەن بۆ بەدەسهێنانی زەیتی زەیتونی لالش كە هاووڵاتیان بەمەبەستی چارەسەری دەیبەن" .
شێخ حسێن فەقیر حەسەن،بەرپرسی كاروباری پەرستگای لالش بە زاری كرمانجی گووت" ئەو جەركانەی زەیتی تێدەكرێت و هەڵدەگیرێت تەمەنیان بۆ زیاتر لە 900 ساڵ دەگەرێتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە 200 جەركە هەموویان پارێزراون لەناو پەرستگای لالش كە سەردەمی خۆی بە خۆڵ دروستكراون لەلایەن چەند كەسێكی شارەزاوە ئەمساڵ زیاتر لە 500 كیلۆی زەیتی زەیتونی بەرهەمی دار زەیتونەكانی لالش لە ناو ئەو جەركانە هەڵدەگیرێت بۆ هەڵكردنی چراكانی ناو لالش".

 

زۆرترین بینراو