بەرپرسی بنکەی تەندرووستی سیدەکان: پێویستە پشکنینی کۆرۆنا لە دەڤەرەکەمان دەستپێبکرێتەوە

بەرپرسی بنکەی تەندرووستی سیدەکان: پێویستە پشکنینی کۆرۆنا لە دەڤەرەکەمان دەستپێبکرێتەوە

موڕشید برادۆستی - سیدەکان: لەوماوەی رابردوو گوندێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی تۆمارکردنی سێ حاڵەتی کۆڕۆنا, بڕیاری کەرەنتینەی گشتی گوندەکە درا و پشکنینی کۆڕۆناش بۆ دەیان کەس کرا.

لە 6ی نیسانی ئەمساڵ, ژنێک و دوو لە مناڵەکانی گوندی سمخەیلانی سەر بە ناحیەی سیدەکان, بەشداری پرسەی ماتەمینی لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە گوندەکە, لە ئەنجامی پشکنینەکانی وەزارەتی تەندرووستی دەرکەوت هەر سێکیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان, بەم هۆیەوە یەکەی کارگێڕی ناوچەکە بڕیاری کەرەنتینەی گوندەکەی دا .

کاروان فەیسەل بەرپرسی بنکەی تەندرووستی سیدەکان بە زاری کرمانجی راگەیاند" دوای تۆمار کردنی سێ حالەتی کۆرۆنا لە گوندی سمخەیلانی سیدەکان, بە پێویست زانرا پشکنینی کۆرۆنا بۆ تەواوی گوندەکە بکەین, دووای وەرگرتنی 50 نموونە sample test لە‌ گوندی سمخەیلان, خۆشبەختانە هەموو پشکنینەکان نیگەتیڤ بوون, هەروەها خوێنی دانیشتوانی گوندەکەش وەرگیراو رەوانەی تاقیگە کرا بەڵام درکەوت بەرگری لەشیان باشە و پشکنینەکان پاک دەرچوون".

زیاتر گووتی" رۆژانی دواتر بە هەمان شێوە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سۆران پشکنینی کۆرۆنامان بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان لە سەنتەری ناحیە ئەنجامدرا و ئەنجامی ئەوانیش پاک دەرچوون بە گشتی 170 پشکنینی کۆرۆنا لە سنوورەکەمان وەرگیرا و ئەنجامی سەرجەمیشیان پاک بوون".

گووتیشی" پێویستە دەست بکەینەوە بە ئەنجامدانی پشکنینی کۆڕۆنا لە سنوورەکەمان, چونکە مەترسیەکە زیاترە و ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاو دەبێتەوە, لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا نزیکەی 10 کەس لە سیدەکان نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا بووە و پشگتیریمان پێداوە تا لە سەردانی سۆران بکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا".

زۆرترین بینراو