بەرپرسی بەشی یاسایی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، جۆری زێدەڕۆیەكان و سزاكان بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات

بەرپرسی بەشی یاسایی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، جۆری زێدەڕۆیەكان و سزاكان بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات

محەمەد هەسنانی-سۆران: بەرپرسی بەشی یاسایی لەسەرۆكایەتی شارەوانی سۆران" لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا ، باس لەم خاڵانە دەكات كە دەچنە چوارچیوەی زێدەڕۆیەكان، هەروەها شێوازی لابردنی زێدەڕۆیەكان و ئەم كەسانەی سەرپێچی دەكەن، دەشڵێت "نابێت خزمەتگوزاریەكانی (ئاو، كارەبا، ئاوەرۆ، رێگا، شەقام، ئینتەرنێت) و خزمەتگوزاریەكانی دیكە بگەیەندرێتە ئەو زەوی و زارانەی زیادەرۆییەكەی لەسەر دەكرێت.

ئارام محەمەد رەسول، بەرپرسی بەشی یاسایی لەسەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند "لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، لیژنەی تایبەت بە چاودێری كردن و رێگری كردن لە زێدەرۆیی لەسەر ماڵ و موڵكی گشتی هەیە، لە دوای دەرچوونی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018 یاسای رێگری لە زیادەرۆیی ولابردنی لەسەر زەوی و زارو موڵكی دەوڵەت دەتوانین بلێین بەرێژەیەكی بەرچاو توانراوە كۆنترۆلی زێدەرۆیی بكرێ، وە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم یاسایە پارێزگاری لە نەخشەی بنەڕەتی شارەوانی، بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دانراوە، هەروەها چوارچێوەی پیادەكردنی ئەم یاساە پیادە دەكرێت، بەسەر گشت حاڵەتەكانی زیادەرۆیی كە دەكرێتە سەر زەوی و زاری دەوڵەت ڕەگەزەكەی یان پۆلینەكەی هەرچیەك بێت.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گووتیشی "زۆر جۆری زێدەرۆیی مان هەیە كەبریتین لە: هەر رەفتارێك یان كارێك بكرێتە سەر زەوی و زاری دەوڵەت یان سەر مافێك لەو مافانەی سەر ئەم زەوییانە بە زیادەرۆیی ئەژمار دەكرێت، ئەگەر مۆڵەتی یاسایی نەبێت یان دژ بە یاسا بەركارەكان بێت لەوانە: زەوتكردن و بەكارهێنان و دەست بەسەرداگرتنی بیناكانی دەوڵەت. دروستكردنی خانوو، بینا بەهەموو جۆرەكانیەوە بۆ هەر مەبەستێك ئەگەر لەگەل نەخشەی بنەرەتی بگونجێت یان نا، هەروەها بۆ سەر ئەو زەویانەش كە دەكەونە دەرەوەی سنووری شارەوانی. زەوتكردنی زەوی یان بەشێك لە زەوی. گۆرینی رەگەزی زەوی، بەكارهێنانی زەوی، گۆرینی بەكارهێنانی زەوی، هەلگەندنی زەوی، بردنی خاك (خۆلی ئاسایی یان تێكەڵە) گۆرینی رێچگەی ئاوی سەر زەوی، گۆرینی ڕێرەوی هاتووچۆ. پەكخستن یان گۆرینی مافێك لە مافەكانی هاوشانی (ارتفاق) بڕیاردراو لەسەر زەویەكانی دەوڵەت.

هەروەها داگیر كردن و بەكارهێنان و هەڵكەندن و شێواندنی كەنارو ناو چۆم و رووبارو دەریاچەكان. شوراكردنی زەوی، بەردەڵان، لەوەرگا (پاوان) دارستان و گشتوكاڵی بە پێچەوانەی یاسا بەركارەكان. فرۆشتن، بەخشین، بەكرێدانی زەوی بەمەبەستی گشتوكال، دروست كردنی باخ، گەشت و گوزارو نیشتەجێ، بازرگانی یان بۆ هەر مەبەستێكی دی، بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكانی هەرێم. جیاكردنەوە و پارچە پارچە كردن ((افراچ اراچی)) بەدەر لە یاسا بەركارەكان. هەر رەفتارێكی دیكە، جگە لەوانەی لە بەندەكانی پێشوو باسكراون، بكەوێتە سەر زەوی و زاری دەوڵەت بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بنەمایی (اصولی). دووەم: بەكارهێنانی بەشێك لە شەقام، شوستە، گۆرەپان، باخچە، پارك یان هەر شوێنێكی گشتی بەشێوەی كاتی، یان بەردەوام بۆ بەرژەوەندی تایبەت، بە پێچەوانەی یاسا بەركارەكان.

لەوڵامی ئەم پرسیارەی ئایا تا ئێستا كەس لەسەر زێدەرۆیەكان دراوەتە دادگا؟ ئارام محەمەد گووتی "بەلێ، سەرۆكی یەكەی كارگێری و سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەهۆی چاودێرەوە، چاودێری زەوی و زار دەكەن، بەمەبەستی رێگری و لابردنی زیادەرۆیی بە گرتنەبەری ئەم رێكارانە: پێدانی هۆشداری (انزار) بەكەسی زیدەڕۆكار بە لابردنی زیادەرۆیی لەماوەی (24) كاتژمێر، ئەگەر زێدەرۆكار دوای پێدانی هۆشداری زێدەرۆییەكەی لانەبرد، پێویستە لەسەر سەرۆكی یەكەی كارگێری، لەماوەی (48) كاتژمێر لە رێكەوتی ئاگادار كردنەوە، فەرمانی لابردنی زێدەرۆییەكە دەربكات بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی.

ئەوەش دەخاتەروو "هێزەكانی ناوەخۆ فەرمانەكانی سەرۆكی یەكە كارگێریەكان جێبەجێ دەكەن و لەكاتی پێویست دا گشت هێزە فەرمییەكان هاوكاریان دەبن بۆ لابردنی زیادەرۆیی. هەروەها لەلایەن بەشی زێدەرۆیی تۆماری ئەو زانیاری و هەواڵانە دەكەن بۆ جێگیر كردنی جۆرو شێوەو رووبەرو پێك هاتەی زیادەرۆییەكە لە كۆنووسی تایبەت، ئەگەر كەسی زێدەڕۆكار پابەند نەبوو بە لادانی زێدەڕۆییەكە لەدوای پێدانی هۆشداری و دەرچوونی فەرمانی كارگێری بۆ لادانی زێدەرۆییەكە، ئەوا كەسەكە دەدرێتە دادگا، وە بەپێی ماددەی (14) خالی یەكەم ( نابێت تۆمەتباری زیادەڕۆكار لەهەردوو قۆناغی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی یان دادگایی كردن ئازاد بكرێت تا زیادەرۆییەكە لادەبات، وە نابێت خزمەتگوزاریەكانی ( ئاو، كارەبا، ئاوەرۆ، رێگا، شەقام، ئینتەرنێت) یان هەر خزمەتگوزاریەكی دیكە بگەیەندرێتە ئەو زەوی و زارانەی زیادەرۆییەكەی لەسەر دەكرێت.

زۆرترین بینراو