بەرپرسی لقی 10ی پارتی: هاووڵاتییان لە هەموو كردەوەكانی پەكەكە بێزار بوونە

بەرپرسی لقی 10ی پارتی: هاووڵاتییان لە هەموو كردەوەكانی پەكەكە بێزار بوونە


نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە سۆران، كردەوەكەی هەولێر بە تیرۆرستی ناوزەد دەكەن و ئیدانەی دەكەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن ئەم كارە لە خزمەتی گەلی كورد و نییە و پێویستە كیانی هەرێمی كوردستان لە باشوور بپارێزرێت.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10 و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەزاری كرمانجی راگەیاند " كاتێك (پەكەكە) رایدەگەینێت كە توركێكیان لە هەولێر كوشتووە، بە پێچەوانە ئەوان مەبەستیان بوو لە هەولێر بدەن و رەوشی شارەكە بشێوێنن، ئەگەر راست دەكەن با لە توركیا ئەو كارەیان كردبایە نەك هەرێمی كوردستان، نەك تەنها ئەم كردەوەیە تیرۆرستییە بەڵكو خەڵكی بەگشتی لە كردەوەكانی (پەكەكە) بێزارن، كە بوونەتە هۆكار بۆ لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و بۆردومان كردنی ناوچە سنوورییەكانمان و گوندەكان و كردنە قوربانی خەڵكی سڤیلی ئەم وڵاتە، جێگەی پرسیارە ؟ بۆ خەباتیان ناگوازنەوە بۆ باكوور و شارو ناوچەكانی توركیا، تەنانەت بەم كردەوە تیرۆرستییەی لە هەولێر ئەنجامیاندا بوونە هۆكار كە خەڵكی كوردستان گومانیان هەبێت لەم كەسانەی باكووری كوردستان كە بۆ كرێكاری هاتوونەتە كوردستان، چونكە چوار كەس كە بۆ كاری كرێكاری هاتبوونە كوردستان، لەم كارە تیرۆرستییە تێوەگڵاون، وەك لەدانپێدانانەكانیان رایان گەیاند كە بە بەرنامەی (پەكەكە) دووچاری ئەم پلانە بوونەتەوە".
بەرپرسی لقی 10 و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، گووتیشی " ئەگەر زۆر بەوردی بچینە ناو بابەتەكە، پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا (پەكەكە) رێك بەرنامەی هەرچوار وڵاتی داگیركەر جێبەجێ‌ دەكات و نایەوێت كورد كیان و دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبێت، لەكاتێكدا هەر كوردێك ئینتیمای هەبێت و دڵسۆز بێت، دەبێت پشتگیری لە هەر بستێك خاكی كوردستان بكات كە ئازاد كراوبێت، نەك ببێتە بەربەست و هەوڵی وێرانكردنی بدات، ئەگەر (پەكەكە) خێریشی بۆ هەرێمی كوردستان نەبێت، با زیانیشی نەبێت، كەچی (پەكەكە) لەبری خزمەتكردن بە كوردستان، بەرنامەی فاشی توركیا جێبەجێ‌ دەكات، ئێستا لەوەزیری بەرگری توركیا زیاتر دژی كوردستان گەمە دەكەن".
ئاماژەشی بەوەدا " میللەتی كوردستان لە بەرنامەو پلانی نەیاران تێگەیشتوون، ئێستا پێشكەوتن هەیە كامیڕای چاودێری هەیە، تیرۆرستان و نەیاران نەیانتوانی كارە تیرۆرستییەكەی هەولێر بە هەڵاو هۆسەو مشاوەشی بەلاڕێ‌ داببەن، تەنانەت خودی كەس و كاری هەندێك لەوانەی باشووری كوردستان كە ناویان لە تۆمەتەكە هەبووەو دەستگیركراون، رایانگەیاند كە مافی حكومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەكانە لێكۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ تۆمەتبارەكان بكەن".
هەڵو حەسەن، جێگری مەڵبەندی 6ی سۆرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەزاری كرمانجی گووت : " ئێمە ئیدانەی كاری تیرۆرستی دەكەین كە لەلایەن هەر كەس و لایەنێك ئەنجام بدرێت، واتە چ لەلایەن (پەكەكە) بێت، چ لەلایەن توركیەو هەر لایەنەكەوبێت، وەك دیاریشە هەرێمی كوردستان، پێگەیەكی ئارامە بۆ هەموو تێكۆشەرانی كوردایەتی، ئەركی هەموو دڵسۆزێكی كوردیشە ئەم پێگە ئارامە بپارێزن، هەركەسێك ببێتە هۆی تێكدانی هێمنی و ئارامی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان ئەوە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردو بەتایبەتی هەرێمی كوردستانە".
لە وەڵامی لێدوانی بەپرسانی باڵای پەكەكە، كە دەڵێن ( تا هەموو كوردستان ئازاد نەبێت، نابێت باشووری كوردستانیش ئازادبێت)، هەڵۆ حەسەن، رایگەیاند " بەشێوەیەكی گشتی خەباتی گەلی كورد لە دژی داگیركەران هاوبەشە، پێویستە هەموو كوردیش پشتیوانی یەكتربن لە پێناو رزگاربوونی كوردستان بەشێوەیەكی سەرتاسەری، بەڵام پێویستە لەكام پارچەی كوردستان بواری ئازادی و رزگاربوونمان هەیە، پشتگیری لێبكەین و نەك دژایەتی كردن، دواتریش ئەم پارچانەی كە رزگار نەكراون خەباتی بۆ بكەین، بۆیە ئەم جۆرە راگەیاندنانە لەبەرژەوەندی گەلی كوردو دۆزی كوردەوەنین".
هەر لەمبارەوە ئەمیری حاجی كەمال، بەرپرسی مەكۆی سۆرانی بزوتنەوەی گوڕان، بە زاری كرمانجی راگەیاند " ئێمە بزوتنەوەو حزبێكی مەدەنین، لەلای ئێمەوە هەر كردەوەیەكی تیرۆرستی و توندوتیژی رەتدەكەینەوە كە لەلایەن هەر كەس و لایەنێك ئەنجام بدرێت، ئەم كردەوەش كە لە هەولێر ئەنجامدرا لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوە بێت، كارێكە مایەی شارەمەزارییە و بەكردەویەكی تیرۆرستی هەژماری دەكەین و بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی دەكەین".

زۆرترین بینراو