بەرپرسی گروپی شاخەوانی هاودیان: پێویستە گروپە شاخاوانییەكان رێكبخرێنەوەو بزانن ئایا وەرزشی شاخەوانی واتە چی..؟

بەرپرسی گروپی شاخەوانی هاودیان: پێویستە گروپە شاخاوانییەكان رێكبخرێنەوەو بزانن ئایا وەرزشی شاخەوانی واتە چی..؟

دیدار: زاری كرمانجی
ئەمڕۆ دووشەممە 8-2-2021 لە دیداری رادیۆی زاری كرمانجی، خالس عەلی بەرپرسی گروپی هاودیان، بۆ شاخەوانی و ژینگە پارێزی و سەدیق زبێر كانی بۆتی ئەنجوومەنی گروپی شاخەوانی هاودیان،  تیشكیان خستە سەر  گرینگی وەرزشی شاخەوانی بۆ مرۆڤ و ژینگە پارێزی و بەرنامەو كاروچاڵاكیەكانیان.
خالس عەلی بەرپرسی گروپی هاودیان، بۆ شاخەوانی و ژینگە پارێزی، بە زاری كرمانجی گووت " لە رێكەوتی 14-3-2020 گروپەكەمان بە شێوەی فەرمی مۆڵەتی پێدراوەو بەشێوەیەكی بەردەوام گەشتی شاخەوانی و ژینگە پارێزی ئەنجام دەدەین، كە بە دەیان ئەندامی شاخەوانیمان هەیە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان، بەتایبەتیش هەموو رۆژانی هەینی گەشتی شاخەوانیمان".
گوتیشی " ئەو كەسەی لەگەڵمان گەشت دەكات دەبێت، سەرجەم پێداویستییەكانی گەشتەكەی پێبێت، بەتایبەتیش بۆ شوێنە سەختییەكان، تەنانەت لە گەشتەكاندا هەوڵمانداوە بۆ هەر شوێنێك بچین كەسێكی شارەزای ناوچەكە لەگەڵمان بێت و رێ نیشاندەرمان بێت، چونكە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان تا ئێستا مین و تەقەمەنی سەردەمی رژێم ماون و جێگەی مەترسین، هەروەها ئاژەڵ و زیندەوەری دڕندە لەم ناوچانە بوونیان هەیە، بۆ پاراستنی ئەندامانمان پێویستیمان بە كەسی شارەزا دەبێت".
بەرپرسی گروپی هاودیان، ئەوەشی خستەڕوو " رێنمایییەكانی بەردەوامی دكتۆر ئەنوەر سەرۆكی فیدارسیۆنی شاخەوانی كوردستان كاریگەری زۆری هەبووە، لەسەر ئەوەی كە لەگەشتەكانمان سەركەوتووبین و رێنماییەكانی شاخەوانی بەهەند وەربگرین و پەیڕەویان بكەین، بەمەش تا ئێستا دەیان گەشتمان سازكردووەو سەركەوتووبوینە، پێویستە گروپە شاخاوانییەكان رێكبخرێنەوەو بزانن ئایا وەرزشی شاخەوانی واتە چی نەك تەنها مەبەستیان وێنەگرتن بێت لە پێناو خۆدەرخستنیان.
دەشڵێت " یەكێك لە سیما جوانیەكانی جیهان پاراستنی ژینگەیە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵمانداوە لە هەر گەشتێكی شاخەوانیدا هەوڵمانداوە ژینگەی ئەم ناوچانە بپارێزین و تەنانەت زۆرجار هەڵمەتی كۆكردنەوەی پاشماوەو خاشاكیشمان ئەنجامداوە".
لەلای خۆیەوە سەدیق زبێر كانی بۆتی، ئەنجوومەنی گروپی هاودیان، بە زاری كرمانجی راگەیاند " وەرزشی شاخەوانی چارەسەرە بۆ چەندین نەخۆشی، بۆنموونە من سودێكی زۆرم لەم وەرزشە بینیووە، بەتایبەتیش لەگەل گروپی شاخەوانی هاودیان زۆر ئاسوودەم كە چەندین ئەندامی پیاو ئافرەت هاوشێوەی خوشك و برا لەگەڵ یەك گەشت ئەنجام دەدەن".
گووتیشی " بۆ زۆربەی شوێنەكان گەشتمان كردووە، ئەوەی تێبینی دەكرێت لە دەڤەری بارزان بایەخی زۆر بە ژینگە پارێزی دەرێت، هیوادارین بتوانین ئەم كلتوورە جوانەی ژینگە پارێزی بۆ شارو شارۆچكەو ناوچەكانی دیكەش بگوازینەوە، چونكە پاراستنی ژینگی سەرچاوەی تەندروستی مرۆڤە.

 

 

 

 

زۆرترین بینراو